Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 08:05

چه‌ندین ئاسه‌وار له‌ ده‌ربه‌ندی رانیه‌ بۆ شوێنێکی نادیار ده‌گوازرێنه‌وه‌

وه‌ك شوێنه‌وارێكی كۆنی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ كه‌ نیشانده‌ری شارستانیه‌تی ناوچه‌كه‌ن
کوردستان TV
#7
100%

هاوڵاتیانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌ڵێن: پڕۆژه‌ی دووسایدكردنی ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ - سه‌نگه‌سه‌ر خێری دایه‌وه‌ و به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی شاخی كێوه‌ڕه‌ش ئاسه‌وارێكی خه‌وتووی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی به‌ خه‌به‌ر هێنایه‌وه‌ .

ده‌نگۆی فرۆشتنی خه‌زنه‌ شاراوه‌كانی كێوه‌ڕه‌ش بۆته‌ جێی باسی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خه‌زنه‌ مێژوییانه‌ هه‌مووانی تووشی شۆك كردووه‌ و ده‌ڵێن: ده‌بوایه‌ ئه‌و شوێنه‌واره‌ دۆزراوانه‌ ، یان وه‌ك شوێنه‌وارێكی كۆنی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ كه‌ نیشانده‌ری شارستانیه‌تی ناوچه‌كه‌مانن له‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ك له‌ ڕانیه‌ پارێزراو بان .

له‌ باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كان سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی ڕاپه‌ڕین به‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: له‌ لایه‌ن كۆمپانیای به‌ڵێنده‌ره‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ شوێنی شوێنه‌وارێكی گه‌وره‌ له‌ كاتی كاركردن له‌ پڕۆژه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌، دواتر تیمێكی ئێمه‌ به‌ په‌له‌ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌ و دوا به‌ دوای ئێمه‌ش مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌و چوار ده‌وری شوێنه‌كه‌یان گرت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی: دوای كه‌متر له‌ 3 كاتژمێر هێزه‌كه‌ی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین له‌ شوێنه‌كه‌ كشانه‌وه‌ و هێزێك له‌ سلێمانییه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌مووچاویان داپۆشرابوون ، به‌ توندی چوارده‌وری ناوچه‌كه‌یان گرت و ئێمه‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ بوون دوور خراینه‌وه‌.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ئاسایشی ڕاپه‌ڕین به‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: دوای ئه‌وی ئاگادار كراینه‌وه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی شوێنه‌وارێكی مێژوویی له‌ ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ ده‌ست به‌جێ مه‌فره‌زه‌كانمان به‌ مه‌به‌ستی پارێزگاری و دزه‌ پێنه‌كردن گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌ و به‌ڵام دوای 3 كاتژمێر په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ كرا، كه‌ تیمێك له‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ شوێنه‌كه‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ دوای گه‌یشتنی ئه‌وان  ئێوه‌ بكشێینه‌وه‌.

گوتیشی: ئێمه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین به‌رپرسیارین له‌پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی ناوچه‌كه‌مان، به‌ڵام به‌ فه‌رمانێكی به‌ په‌له‌ ئێمه‌ كشێنراینه‌وه‌ و هێزێكی ڕه‌ش له‌ سلێمانییه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ جێگیر كران.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی راگه‌یاند: دوای چه‌ند ڕۆژ كاركردنی به‌رده‌وام و هێنانی تیمێكی شوێنه‌وارناسی بیانی بۆ ده‌ستنیشانكردنی مێژووی شوێنه‌واره‌كه‌ هێنرانه‌ ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌و دواتر هێزه‌كه‌ی سلێمانی خه‌زێنه‌كه‌ی ڕاپه‌ڕینیان له‌ ڕێگه‌ى 3 هێلی كۆپته‌ره‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ سلێمانی.

هه‌ر  به‌ پێی زانیارییه‌ مێژووییه‌كان، خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زێر و به‌ردی به‌نرخ له‌ سه‌رده‌می ئه‌كه‌دییه‌كان و ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی له‌ ژێر تاشه‌ به‌رده‌كان شاردرابۆوه‌ كه‌ به‌هایه‌كی خه‌یاڵیان هه‌یه‌ .

بۆ به‌دواداچوونی زیاتر و وه‌رگرتنی ڕاستییه‌كان ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی مۆزه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه‌ كرد، مامۆستا هاشم به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌كه‌ ڕایگه‌یاند : ماوه‌یه‌كه‌ تیمێكی به‌ریتانی به‌ هاوكاری زانكۆی سلێمانی سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌ شوێنه‌واره‌ دۆزراوه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌، به‌ڵام ورده‌كاری پشكنینه‌كان لای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری ڕاپه‌ڕینه‌.

بۆ به‌دواداچوونی زیاتر ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان په‌یوه‌ندی كرد به‌ بارزان ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری شوێنه‌واری ڕاپه‌ڕین و له‌باره‌ی شوێنه‌واره‌ دۆزراوه‌كه‌ی ده‌ربه‌ند پێی ڕاگه‌یاندین: پێشتر كۆمه‌ڵێك شوێنه‌وار له‌ ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ 3 په‌یكه‌ر و كۆمه‌ڵێك كه‌ل و په‌لی جوانكاری و پێداویستی ناو ماڵ كه‌ به‌ پێی پشكنینه‌كان شوێنه‌واره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئه‌شكانییه‌كان.

ڕاشیگه‌یاند: شوێنه‌واره‌كان به‌شێكیان له‌ ژووری مۆزه‌خانه‌ی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له‌ ڕانیه‌ پارێزراون و به‌شێكی تریشیان به‌ ئه‌مانه‌ت له‌ مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی پارێزراون تا ئه‌و كاته‌ی مۆزه‌خانه‌ی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ته‌واو ده‌كرێت.

له‌باره‌ی ده‌نگۆی خه‌زێنه‌كه‌ی ده‌ربه‌نده‌وه‌، بارزان ئیسماعیل ڕایگه‌یاند: ئه‌مساڵ هیچ شوێنه‌وارێك له‌ ده‌ربه‌ند نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری ڕاپه‌ڕین سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانی ئیداره‌كه‌ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن و ڕایگه‌یاند له‌مساڵدا هیچ شوێنه‌وارێك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌.

بببييفث

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.