Erbil 13°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 17:21

ئه‌مساڵ پێنج حاڵه‌تی ئایدز له‌ دهۆک تۆمار کراوه‌

سه‌رجه‌میان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تووشی نه‌خۆشی ناوبراو هاتوون
کوردستان TV
100%

به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی نه‌خۆشی ئایدز، ئه‌مڕۆ له‌ پارێزگای دهۆك هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی رۆشنبیركردنی هاووڵاتییان بۆ خۆپاراستن له‌و نه‌خۆشییه‌ ئه‌نجام درا و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی دیكه‌ی حكوومی به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌رپرسی هۆبه‌ی توشبووانی نه‌خۆشی ئایدز له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری خۆپاراستن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی دهۆك، فه‌رهاد ئیسماعیل گوتی: "ئه‌مساڵ ١٧١ هه‌زار و ٤٤١ كه‌س له‌ ته‌واوی پارێزگای دهۆك پشكنینی نه‌خۆشی ئایدزیان ئه‌نجام داوه‌، له‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كاندا پێنج حاڵه‌تی توشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدز تۆمار كرا له‌ پارێزگای دهۆك، سێ له‌ تووشبووان بیانین له‌ دوو توشبووه‌كه‌ی دیكه‌یش كوردن، به‌ڵام سه‌رجه‌میان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تووشی نه‌خۆشی ناوبراو هاتوون.

فه‌رهاد ئیسماعیل ئاشكرای ده‌كات كه‌ دوو له‌و تووشبووانی نه‌خۆشی ئایدز له‌ پارێزگای دهۆك، له‌ سه‌ره‌تای تووشبوونیان بوون و چاره‌سه‌ری پێویستییان وه‌رگرتووه‌، به‌و هیوایه‌ین نه‌خۆشییه‌كه‌ نه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گیانیان.

فه‌رهاد ئیسماعیل گوتیشی: هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌یه‌ بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئایدز و نه‌هێشتنی هیچ حاڵه‌تێكی ئه‌م نه‌خۆشییه‌، داواش له‌ هه‌موو هاووڵاتییان ده‌كه‌ین كه‌ بێ ترس و دوو دڵی به‌بێ هیچ شه‌رمێك پشكنینی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ئه‌نجام بده‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆپاراستنی سه‌ربه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی دهۆك و راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی دهۆك هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانمان ده‌ستپێكردووه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌ رێگه‌ی قوتابیانی زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی خوێندنه‌وه‌ خه‌ڵك هان بده‌ین بۆ خۆپاراستن له‌ هۆكاره‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدز و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاووڵاتییان هان بده‌ین بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش".

1ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٨٨وه‌ تا ئێستا، ئه‌م ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی جیهانی نه‌خۆشی ئایدز ده‌ستنیشانكراوه‌ و بووه‌ته‌ مۆركێكی تایبه‌ت به‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌، به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان یادی ده‌كرێته‌وه‌، كۆمه‌ك بۆ تووشبووانی نه‌خۆشی ئایدز كۆده‌كرێته‌وه‌ و هاوكاریی گیانی و مادییان ده‌كرێت.

ڤایرۆسی HIV  هۆكاری تووشبوون به‌ نه‌خۆشی ئایدزه‌، ئه‌م ڤایرۆسه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ لاواز كردنی سیسته‌می به‌رگری له‌شی مرۆڤ، دوای لاوازبوونی سیسته‌می به‌رگری له‌ش ئایدز له‌ له‌شی كه‌سه‌كه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات.

به‌ پێی دوا ئاماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ٣٦ ملیۆن و ٩٠٠هه‌زار كه‌س له‌ ساڵی ٢٠١٧ تووشبووی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بوون له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، له‌ ناویشیاندا ٣٥ ملیۆن و ١٠٠ هه‌زار كه‌سیان له‌ كه‌سانی پێگه‌یشتوو و، ملیۆنێك و ٨٠٠ هه‌زاریان منداڵ بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.