Erbil 8°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 20:24

ئەمریکا: هانی حکومەتی کوردستان و عێراق ده‌ده‌ین بۆ گفتوگۆى بنیاتنه‌رانه‌

پێنجشه‌ممه‌ سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە سەردانەکەی سه‌رۆك بارزانی بۆ بەغدا رایگەیاند "ئێمە هەمیشە هانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەین کە لەگەڵ یەک کۆببنەوە، بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن".

لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا هێزەر ناوێرێت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ بەغدا و نەجەف و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی عێراقی رایگەیاند، واشنتون هەمیشە هانی هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق دەدات بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان.

هێزەر ناوێرێت گوتی "ئێمە هەمیشە هانی هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق دەدەین کە لەگەڵ یەکدی کۆببنەوە، بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن. ئێمە هانی ئەوە دەدەین کە گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە هەبێت".

لەبارەی فرۆشتنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان هێزەر ناوێرێت گوتی "من پێموایە عێراق رۆڵێکی گرنگ و هەروەها پێویستە رۆڵیکی گرنگیشی هەبێت لە بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا، بۆیە ئەوە شتێکە کە ئێمە بە بەردەوامی چاومان لەسەری دەبێت".

رۆژی پێنجشەممە 22ـی 11ـی 2018 سەرۆك بارزانی بە یاوەریی شاندێك و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی و تاوتوێكردنی پرۆسەی سیاسیی سەردانی بەغدای كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە لایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسە سیاسی وئیداری و ئەمنییەكانی عێراق پێشوازیی لێكرا.

لە سەردانەکەیدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح،  عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، نووری مالیكی سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا، فالح فەیاز، سەرۆكی لیستی عەتا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی کوتلەی نەسر، ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی کوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی و چەند لایەنێکی دیکە کۆبووەوە. رۆژی هەینیش لە نەجەف چاویکەوت بە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر.

دوای سەردانەکەی بەغدا، سەرۆک بارزانی سەردانی ئیمارات و كوەیتی کرد و لەگەڵ ئەمیر و گەورە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەش کۆبووەوە. رۆژی سێشەممە 27-11-2018 لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.