Erbil 4°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 07:49

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی توندوتیژی دژبه‌ ئافره‌تان : رێژه‌ی تاوانه‌ گه‌وره‌کان له‌ پارێزگای هه‌ولێر که‌می کردووه‌

به‌راورد به‌ ئاماره‌كانی ساڵی رابردوو
کوردستان TV
100%

موقه‌ده‌می مافپه‌روه‌ر فه‌رمان محه‌مه‌د ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان له‌ پارێزگای ھه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا ئاماری ئه‌مساڵی توندوتیژییه‌كانی دژبه‌ ژنان خسته‌ روو و رایگه‌یاند "به‌پێی ئاماره‌كانی ئێمه‌ كه‌ له‌ نووسینگه‌كانی سه‌ربه‌ پارێزگای ھه‌ولێر و بنكه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ و كۆمان كردوونه‌ته‌وه‌ سكاڵاكانی سه‌ر بوونی توندوتیژیی دژبه‌ ژنان له‌ ئه‌مساڵدا بریتی بوون له‌ سێ ھه‌زار و ١٧ سكاڵا، ١٣ حاڵه‌تی كوشتن، ١٤ حاڵه‌تی خۆ كوشتن، ٤٤ حاڵه‌تی خۆسووتاندن و ٣١ حاڵه‌تی سووتانیش ھه‌بووه‌، به‌پێی جۆره‌كانی توندوتیژییه‌كانیش ئه‌وا به‌و شێوه‌یه‌ پۆڵێن كراون؛ ٧١١ ئه‌شكه‌نجه‌دان ھه‌بووه‌، ٧٤٠ حاڵه‌تی سووكایه‌تی و جنێودانیش ھه‌بوون".

له‌درێژه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی ھه‌رێم بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گوتیشی: "به‌راورد به‌ ئاماره‌كانی ساڵی رابردوو ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ رێژه‌ی تاوانه‌ گه‌وره‌كان رووی له‌ كه‌می كردووه‌، به‌ڵام رێژه‌ی سكاڵاكان زیادیانكردووه‌، به‌ نموونه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧ رێژه‌ی كوشتن ٢٠ حاڵه‌ت بووه‌، ٢٥ حاڵه‌تی خۆكوشتن ھه‌بوون، ھه‌روه‌ھا ٧٤ سووتان و ٤١ خۆ سووتاندن ھه‌بوون، كۆی گشتی سكاڵاكانیش كه‌ له‌سه‌ر بوونی توندوتیژی تۆماركراون له‌ پارێزگای ھه‌ولێر له‌ساڵی رابردوو بریتی بوون له‌ سێ ھه‌زار و ٩١ سكاڵا".

موقه‌ده‌می مافپه‌روه‌ر فه‌رمان محه‌مه‌د له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی: "ئاماره‌كانی ئه‌مساڵ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ له‌ ١٠ مانگی ئه‌مساڵدا، ٢٨٧ ئافره‌ت له‌ شه‌ڵته‌ره‌كانی داڵده‌دانی ئافره‌تان بوون و ٢٠٣ كه‌س كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ نێو خێزانی خۆیان و ٨٤ حاڵه‌تیش ماونه‌ته‌وه‌".

ھه‌روه‌ھا گوتیشی: "سه‌باره‌ت به‌و لێژنه‌یه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان ھه‌یه‌ كه‌ لێژنه‌ی ئاشته‌واییه‌ ئه‌وا ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ٦٧ حاڵه‌تی ئاشتكردنه‌وه‌ ھه‌بوون و ٢٩٢ حاڵه‌تییش ئاشت نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و ٢٦ حاڵه‌تیش ئاماده‌ نه‌بوون".

له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا گوتیشی: "ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی فه‌رمانی ئاماده‌كردنیان بۆ ده‌رچووه‌، دوو ھه‌زار و ٩٢ كه‌س بوون، ٤٤٨ فه‌رمانی ده‌ستگیركردن ده‌رچووه‌ و ٣٢٦ تۆمه‌تبار راگیراون".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.