Erbil 14°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 08:33

مەحما خەلیل: پەکەکە بە زۆرەملێ خۆى بەسەر شنگالدا سەپاندووە

خەلیل: دۆخی شنگالییەكان نالەبارە
کوردستان TV
100%

قایمقامی شنگال ڕایدەگەیەنێت كە %80 خەڵكی شنگال دەنگدەری پارتین، كەچی پەكەكە خۆى بە زۆرەملێ بەسەر شارەكەدا سەپاندووە.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "دۆخی شنگالییەكان نالەبارە و زیاتر لە 360 هەزار ئاوارەی شنگال بەسەر 14 كەمپی سنووری هەرێمی كوردستاندا دابەش كراون و پیلانگێڕێ لەدژیان هەر بەردەوامە".

قایمقامی شنگال ئاماژەی بەوەش کرد: "لە چوار ساڵی دواییدا 115 هەزار خەڵكی شنگال چوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەوەی لە شنگال و گوند و كۆمەڵگە و ناحیەكانی دەوروبەرین، ئێستا سەرجەمیان 52 هەزار كەسن، واتە كەمینەیەك لە شنگال ماوە لە كۆی ڕێژەی دانیشتوانی شنگال و دەوروبەری، ئەمەش بێگومان بەهۆی دۆخی نالەبارەی ناوچەكەمان خەڵك ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

مەحما خەلیل گوتیشی: "پیلانگێڕی لەسەر كوردانی ئێزدی تا ئێستاش بەردەوامە و ئێرادەی میللەتیش لە هەموو شتێك بەهێزترە و ئیرادەی میللەتی شنگالیش وەك زۆرینەی ڕەها باوەڕیان بە كوردایەتی و رێبازی بارزانی هەیە و دەتوانم بڵێم %80 خەڵكی شنگال لایەنگری پارتین و دەنگدەری پارتین، هەروەها خاوەنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری شەهیدن لەناو ئەو حزبەدا و تەنانەت لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پارتی توانی %70 دەنگەكان لەو سنوورە بهێنێت، لە كاتێكدا خەڵك ئاوارەشە و پەكەكە قورسایی لە سنوورەكە نییە، بەڵام خۆیان سەپاندووە و شنگالییەكان دەزانن كە كام حزب بەرگرییان لێ دەكەن و زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی شنگالیش سەر بە پارتین".

مەحما خەلیل، ڕاشی گەیاند" ئێمە بەردەوامین لە خزمەتكردنی ئاوارەكانمان لە هەرێمی كوردستان و بەردەوام لەناویانداین و پێویستە لەسەر حكوومەتی عێراق دۆخی شنگال و دەوروبەری ئاسایی بكاتەوە و هێزە چەكدارەكان لە شارەكە دەربكات و دەسەڵات مەدەنی بگەڕێتەوە بۆ شارەكە كۆتایی بە كردەوەكانی حەشدی شەعبی بهێنرێت، چونكە كارەكانیان تائیفییانەیە، هەروەها هەر لە خۆیانەوە قایمقامێك و دوو بەڕێوەبەری ناحیەیان بۆ سنووری شنگال داناوە كە سەر بە خۆیانن و ئەوان كار دەكەن بۆ لاوازكردنی ئێزدی لە ناوچەكە".

ماوەی چەند رۆژێكە حەشدی شەعبی شەنگالی ڕادەستی هێزەكانی سەر بە پەكەكە كردووە و ڕێگەش ناردێت ئیدارەی شنگال بگەڕێنەوە بۆ شارەكە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.