Erbil 12°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 09:46

فستیڤاڵی ساڵانه‌ی جیهانی فیلمه‌کانی چیا له‌ نه‌مسا به‌ کۆتاهات

به‌ دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی كامیرای ئه‌لبی زێڕین
کوردستان TV
100%

فستیڤاڵی ساڵانه‌ی جیهانی بۆ فیلمه‌كانی چیا له‌ نه‌مسا 2018 به‌كۆتا هات، ئاهه‌نگی دوا شه‌وی فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌ دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی كامیرای ئه‌لبی زێڕین به‌سه‌ر فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان، كه‌ نرخی خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌گاته‌ 22 هه‌زار یۆرۆ، ئینجا فیلمه‌كانیش نمایشكران.

فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌ به‌شداری 32 وڵات له‌شاری گراتس له‌ 13 تاكو 17ی تشرینی دووه‌م به‌رده‌وام بوو، تێیدا 216 فیلم نمایشكرا، دواتر 104 فیلم هه‌ڵبژێردران بۆ ركابه‌ری له‌سه‌ر وه‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی كامیرای زێڕین.فیستیڤاڵه‌كه‌ بۆ ئه‌مساڵ شێوازێكی تایبه‌تی هه‌بوو كه‌ خولی 30 بوو، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1986 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ شێوه‌یه‌كی سنوردار سازكرا، له‌ ئێستادا چه‌ندین كۆمپانیای جیهان له‌وانه‌ بانكی شتایامارك شباركاسێ سپۆنسه‌ری سه‌ره‌كییه‌، هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ی ساڵیادی به‌سه‌ركه‌وتنی رۆبرت شاور به‌سه‌ر چیای ئێڤه‌رێست كه‌ به‌رزاییه‌كه‌ی 8848 مه‌تره‌و له‌ ئێستادا سه‌رۆكی لیژنه‌ی دادوه‌ری فیستیڤاڵه‌كه‌یه‌.

ده‌رهێنه‌ری ئه‌ڵمانی پیته‌ر فاینرت خاوه‌ن فیلمی شازاده‌كانی راجستن كه‌ پێشتر بۆ چه‌ند جارێك به‌ بینینی شادبووم، له‌ دیمانه‌یه‌كدا پێی گوتم كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌كه‌ وازی له‌ كاری ده‌رهێنانی هێناوه‌ ئێستاش خۆی ته‌رخان كردووه‌ بۆ پێشكه‌ش كردنی سیمینارو وانه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌ر فیلمه‌كانی چیا و گه‌شته‌كان، چونكه‌ ئه‌و ژیانی خۆی هه‌مووی بۆ گه‌شت له‌پێناو سینه‌ما داناوه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ش وه‌ك لیژنه‌ی دادوه‌ری له‌ ماوه‌ی5  رۆژ و12  كاتژمێر كاركردن توانی فیلمه‌ براوه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن.هه‌ر به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی40  ساڵ به‌سه‌ر گه‌یشتنی یه‌كه‌م شاخه‌وان به‌سه‌ر لوتكه‌ ئیفرست و له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌، بالوێزی نیپاڵ ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ بوو، تێیدا باسی هاوئاهه‌نگی هه‌ردوو وڵات كرد له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ گرنگه‌.

ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خ بوو، ئاماده‌بوونی تیمێكی شاخه‌وانی 7 كه‌سی و پزیشكێك بوو، كه‌ ساڵی1978 پێكه‌وه‌بوون كاتێك گه‌یشتنه‌ سه‌ر لوتكه‌ی چیای ئیفرست، كه‌ هه‌ماهه‌نگ بوو له‌گه‌ڵ نمایشكردنی فیلمێكی30  خوله‌كی له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌، ئاماده‌بووان خۆشحاڵ بوون كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئه‌و تیمه‌ چوونه‌وه‌ هه‌مان شوێن و له‌وێش نه‌خۆشخانه‌یه‌كیان ئاواكرد.

فیلمه‌كانی فستیڤاڵ هه‌مه‌جۆر بوون له‌ نێوان دۆزینه‌وه‌و بابه‌تی چیای ئاڵب و وه‌رزشی شاخه‌وانی و سرووشت و ژینگه‌، زۆر لایه‌ن پشتگیری ئه‌و فیستیڤاڵه‌یان كرد به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان و به‌رده‌وام بوون و ده‌ركه‌وتنی ناوی شاره‌كه‌، له‌وانه‌ حكوومه‌تی ئه‌و هه‌رێمه‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن.

له‌و فیلمانه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بووانی راكێشا، فیلمی سیحری عومان له‌سه‌ر شوێنه‌واری سیندباد به‌ زمانی ئه‌ڵمانی، كه‌ 52 خوله‌ك بوو، له‌ ده‌رهێنانی روسی كۆخ، رۆلاند كوكیل، فیلمه‌كه‌ باس له‌ گه‌شتێكی سیحراوی به‌ره‌و باكوری سوڵتانی عومان و كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریا ده‌كات، هه‌روه‌ها بینینی هونه‌ری بیناسازی نوێ له‌و وڵاته‌ كه‌ جێی سه‌رنجه‌، له‌گه‌ڵ بوونی خانووی كۆن كه‌ سه‌رده‌مانی خۆی یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌رنجراكێشترین كوچه‌و كۆڵانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات، وڵاتی عومان یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ناسنامه‌ی مێژوویی خۆی پاراستووه‌.

سه‌رچاوه‌ / رۆژنامه‌ی خه‌بات

كوردستان تیڤی/ كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.