Erbil 12°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 20:43

نه‌خۆشخانه‌ى فریاکه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵات هۆشیاری ته‌ندروستى به‌هاوڵاتیانى هه‌ولێر ده‌دات

له‌راگه‌یاندراوێكدا
کوردستان TV
100%

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌له‌هه‌ژماری خۆیان له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یس بووك بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ، د. هێرش قادر دەربەندی له‌نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست ڕایده‌گه‌ێنێت 
بابەتێکێ زۆر گرنگ و پەیوەندیدار بە کەرتی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی شاری هەولێر 
تایبەتمەندی نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر بزانە : 
وەکو هاوڵاتیەک لە شاری هەولێر لە کاتی کێشەی تەندروستی و تووش بوون بە نەخۆشی سەردانی چ نەخۆشخانەیەک بکەی!

لە ماڵەوەیت یان لە شوێنی کارەکەتی، هەست ئەکەی باری تەندروستیت بەرەو خراپی ئەڕوات! لەم کاتە دا پێویستە چی بکەیت؟

بەر لە هەموو شتێک، پێویستە کێشە تەندروستیەکەت پشتگوێ نەخەی، بەو پێیەی تەندروستی باش سەروەتی گرنگی ژیانە.

لە زانستی پزیشکی ۲ بار هەیە:
۱- باری لە ناکاو، ئیمێرجنسی، بارودۆخێکە کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، وەکو سینگ ئێشەیەکی لە ناکاو، ڕوداوی هاتوو چۆ، هەناسە تەنگی، سوتان، تێکچونی باری هۆشیاری، لەکار کەوتنی بەشێکی جەستە، جەڵتەی دڵ و مێشک، بەربونەوە لە شوێنی بەرز، سکچون و ڕشاوەی زۆر، یان هەر بارێکی لە ناکاوی تر. بۆ ئەم بارە لە ناکاوانە پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی فریاکەوتنی گونجاو بکەی کە بە وردی باسی ئەکەین.

۲-باری سارد(کۆڵد کەیس) هەر بارودۆخێکی تەندروستیە کە مەترسی ڕاستەوخۆی لە سەر ژیانت نەبێ. وەکو ژانەسەرێکی کەم، ئازاری درێژ خایەن، پەسیو و هەڵامەت، یان ڕاوێژێکێ پزیشکیت پێویست بوو، هەر بارودۆخێکی تر کە ڕاستەوخۆ مەترسیدار نەبێت بۆ سەر ژیانت. باشترین هەنگاو ئەوەیە بەیانیان سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکەیت لە شوێنی خۆت، دوای نیوەڕوانیش لە زۆر بنکەی تەندروستی، نۆرینگەی میللی هەیە کە چەندین پزیشکی پسپۆڕیە جیاوازەکان بوونیان هەیە.گەر پێویست بکات ٲحالەت بۆ دەنوسرێ تاکو سەردانی پزیشکی ڕاوێژکار بکەیت بۆ نمونە بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری، کە بە پێی نەخۆشیەکەت دەتنێرن بۆ نەخۆشخانەی دیاری کراو، گەر پێویستیشت بە فریاکەوتن بێت ئەوە ڕێنماییت دەکەن بچیتە کام نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بۆ باری سارد گەر بتەوێ ئەتوانی سەردانی نۆرینەی تایبەتی پزیشک بکەی.

بۆ بارە لە ناکاوەکان ئەم زانیاریانە ڕەچاو بکەن:
۱- فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات: کەوتوتە سەر شەقامی ۱۰۰م، تەنیشت نەخۆشخانەی ڕزگاری. ئەم فریاکەوتنە بە یەکێک لە گرنگترین فریاکەوتنەکان دادەنرێ، زۆربەی جۆری نەخۆشیەکان چارەسەر دەکرێ لەم فریاکەوتنە، بەشی فریاکەوتن و ڕاوێژکاری هەیە، بەیانیان پزیشکی پسپۆڕی ڕاوێژکاریش هەیە، تاکو ۱۲ ی شەو پزیشکی دێرین لە ڕاوێژکاری هەیە، لە ۲٤ کاتژمێر پزیشکی خولاو و کارمەندی تەندروستی بونی هەیە.
سەردانی ئەم فریاکەوتنە مەکە بۆ ئەم بارانە( سوتان، برینی ڕوخسار و دەست لە ۱۲ ی نیوەڕۆ تا ۸ ی بەیانی، ڕوداوی گوللە، نەخۆشی مناڵ(وەکو سکچون و ڕشانەوە). چونکە پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگر نیە بۆ ئەم بوارانە.

۲- فریاکەوتنی ڕۆژئاوا: کەوتوەتە سەر ڕێگای ۱۰۰م، نزیک ڕێگای موسڵ، زیاتر تایبەتمەندە بە ڕوداوی هاتوچۆ، ڕوداوی وەکو بەربونەوە، سوتان، لە هەموو سنوری پارێزگای هەولێر تەنها لەم فریاکەوتنە پزیشکی جوانکاری و دورینەوەی برینی ڕوخسار بە بەردەوامی هەیە. تکایە بۆ نەخۆشیە هەناویەکان و نەخۆشی مناڵان سەردانی مەکەن چونکە پزیشکی ئێشککگری هەناو و مناڵانی لێنیە. بەڵام ڕوداو و سوتانی مناڵان وەردەگیرێ.

۳- فریاکەوتنی ناوەند، کەوتوەتە ناوەندی شاری هەولێر، بەرامبەر مزگەوتی جلیل خیات ،پێی دەڵێن فریاکەوتنی هەناوی، هەموو نەخۆشیە هەناوییەکان وەردەگیرێت لەم فریاکەوتنە(نەخۆشیەکانی دڵ و سینگ و جۆگەی هەرس). بەردەوام پزیشک بوونی هەیە. تکایە سەردانی ئەم فریاکەوتنە مەکەن بۆ چارەسەری( دورینەوەی برین، ڕوداوی هاتوچۆ، سوتان و گوللە، نەخۆشی مناڵان).

٤- نەخۆشخانەی ڕاپەڕین، کەوتوەتە سەر شەقامی ۱۰۰م، بەرامبەر ماڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندترین نەخۆشخانەی منداڵانە لە سنوری پارێزگای هەولێر، بەشی ڕاوێژکاری و فریاکەوتنی هەیە. هەموو نەخۆشیەکانی مناڵان لە خواروی ۱۳ ساڵ وەردەگیرێت، جگە لە ڕوداوی هاتووچۆ و بەربونەوە و سوتان و گوللە، تاکو کاتژمێر ۱۲ ی شەو پزیشکی دێرینی مناڵان لە بەشی ڕاوێژکاری بوونی هەیە، ۲٤ کاتژمێر پزیشکی نیشتەجێی خولاو و کارمەندی تەندروستی بوونی هەیە، ڕۆژانە نزیکی ۱۰۰۰ مناڵی نەخۆش سەردانی ئەم نەخۆخشخانەیە دەکەن, بۆ بەشی پزیشکی ڕاوێژکاری بەیانیان پێویستی بە أحالە هەیە.

٥- نەخۆشخانەی ژنان و منداڵ بوون، کەوتوەتە سەر ڕێگای شەقامی شۆڕش، نزیک نەخۆشخانەی ڕاپەڕین. ۲٤ کاتژمێر بەشی فریاکەوتنی هەیە بۆ ئەو نەخۆشیانەی پەیوەندیدارن بە ژنان و منداڵ بوون، بەشی ڕاوێژکاری بەیانیانی هەیە و پزیشکی پسپۆڕ بوونی هەیە، بۆ ڕاوێژکاری أحالە پێویستە.

٦. نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی، کەوتوەتە سەر ڕێگای ٦۰م، تەنیشت وەزارەتی ئەوقاف. زیاتر تایبەتمەندە بە ڕوداوی گوللە، بەشی نەشتەرگەریشی هەیە.

۹- نەخۆشخانەی ڕزگاری و هەولێری فێرکاری ۲ نەخۆشخانەی ڕاوێژکارین، واتا پزیشکی پسپۆڕ و ڕاوێژکار لەوێ هەن، باری لە ناکاو وەرناگرن ڕاستەوخۆ، نەخۆش لە شوێنی ترەوە دەنێردرێنە ئەم نەخۆشخانانە، لە بەشی ڕاوێژکاری زۆربەی پسپۆڕیە پزیشکیە جیاوازەکان بوونی هەیە.

۱۰. نەخۆشخانەی سەنتەری دڵ، کەوتوەتە سەر ڕێگای کەرکوک. تایبەتمەندە بە نەخۆشیەکانی دڵ.
نەخۆشخانەی نانەکەلیش، نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەندە بە نەخۆشیەکانی خوین و شێرپەنجە.

د. هێرش قادر دەربەندی راشیده‌گه‌ێنێت لە نەخۆشخانەکان، ئەرکی پزیشک بریتیە لە بینینی نەخۆش و دەستنیشان کردنی نەخۆشی و نوسینی چارەسەر، ئەرکی پەرستار و کارمەندی تەندروستیش بریتیە لە یارمەتی دانی پزیشک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش، وەکو تداوی و دورینەوە، دانانی کانیولا و دەرزی لێدان،هتد.
لە فریاکەوتنەکان ۲٤ کاتژمێر، هەموو ڕۆژەکانی هەفتە پزیشکی نیشتەجێی خولاو و کارمەندی تەندروستی بوونی هەیە.

ڕاشیده‌گه‌ێنێت ، هۆکاری نوسینی ئەم بابەتە بەهۆی ئەوەیە چەندین جار و ڕۆژانە دووبارە ئەبێتەوە کە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەیەک دەکات کە چارەسەری نەخۆشیەکەی لەوێ ناکرێ، کە ئەبێتە هۆی کات بە فیڕۆ دان و زیانی مادیش، هوکاری تایبەتمەندکردنی فریاکەوتنەکان لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانه تاکو بە پێی جۆری نەخۆشیەکان خزمەت گوزاری تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێ.


شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.