ڕۆژی شەممە 17ـی 11ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندرێ پییك جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە چەند دیپلۆماتكاری وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا و پێشوازییش لە بڕیاری حكوومەتی عێراقی كرا بۆ دووبارە هەناردنەوەی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی هەرێمی كوردستان و بە بڕیارێكی دروست لە قەڵەم درا و شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كرد لە ناردنەوەی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەردولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكوومەتی تازەی عێراق دەرفەتێكی نوێیە بۆ هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر لەگەڵ یەكتر و هیوای ئەوەیان خواست كە ئەو دەرفەتە تازەیە گرفتی بۆ دروست نەكرێت.
بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و ڕەچاوكردنی ماف و داخوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و دابینكردنی سەقامگیری و ئارامی و جەختی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا هەمیشە ڕێزی تایبەتی بۆ ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.