به‌پێی پڕۆژه یاسایه‌ك كه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كراوه و هه‌رێمی كوردستانیش بۆچوونی خۆی ده‌رباره‌ی پڕۆژه یاساكه خستووه‌ته‌ڕوو، گۆڕانكاری له پێدانی به‌شه خۆراكی هاووڵاتییان ده‌كرێت و به‌م پێیه‌ش ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی داهاتی رۆژانه‌یان له پێنج دۆلار زیاتر بێت به‌شه خۆراكیان پێ نادرێت.
له‌مباره‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتی: ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا پڕۆژه یاسایه‌ك، سه‌باره‌ت به كۆبوونی خۆراك ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا و دواتر خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا و پاشان ئه‌و پڕۆژه‌یه ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندداره‌كان كرا به مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی را و بۆچوونیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بابه‌ته‌كه، ئێمه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تی بازرگانی بۆچوونی خۆمان دا له‌سه‌ر مادده‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه و گه‌ڕایه‌وه به‌غدا، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م خوله‌ی ئیستادا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م ئاماژه‌ی به شێوازی گۆڕانكاری له پسووله‌ی خۆراك كرد و گوتی: به‌پێی پڕۆژه‌كه له‌جیاتی كۆبوون، كارتی زیره‌ك به‌كار دێت، بۆ ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ره‌تاوه پشتگیری سیسته‌می كارتی زیره‌كمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی كه داهاتی رۆژانه‌یان له پێنج دۆلار كه‌متره ئه‌وا له‌م پڕۆژه‌یه سوودمهندبن، ئه‌وه‌ی كه ئێستا له ئارادایه، ئه‌وانه‌ی كه مووچه‌یان له یه‌ك ملیۆن و نیو زیاتره، ئه‌وا كۆبوونی خۆراك نایانگرێته‌وه، بۆیه ئه‌وانه‌ی ئێمه پشنیازمان كردووه ئه‌وانه‌ی داهاتی رۆژانه‌یان له پێنج دۆلار كه‌متره، ئه‌وا سوودمهندبن له كۆبوونی خۆراك و له مادده‌كانی خۆراك، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و چه‌ند ساڵه خه‌ڵك گۆڕانكاری له ژیانی ئابووری كراوه، واتا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه باری داراییان باش نه‌بوو ره‌نگه ئێستا باشتر بووبێت و ئێمه وه‌كو وه‌زاره‌تی بازرگانی ئه‌وه پێشنیاز ده‌كه‌ین كه له ساڵانی داهاتوو چاكسازی له كۆبوونی خۆراكدا بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌پێی بۆچوونه‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی به‌ڕێژه‌ی چه‌ند خه‌ڵك له‌م پڕۆژه‌یه سوودمه‌ند ده‌بێت و چه‌ند كه‌س بێبه‌ش ده‌بێت، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتی: "به‌پێی خه‌مڵاندن نزیكه‌ی سه‌دا ٥٠ كۆبوونی خۆراك ده‌یانگرێته‌وه له هه‌موو عێراق، ئه‌و كاتیش به شێوی مانگانه دابه‌شكردنی خۆراك ده‌یانگرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه ته‌رخان ده‌كرێت له بوودجه‌ی قانوونی موازه‌نه‌ی عێراق به‌شی ئه‌وه ناكات كه هه‌موو مانگێك هاووڵاتی خۆراك وه‌ربگرێت و خۆراكێكی كوالێتی باش وه‌ربگرێت.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا ئه‌و بڕه داهاته له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دیاریكراوه، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتی: بۆ نموونه كه‌سێك سێ ساڵ بێت دامه‌زرابێت و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی نه‌بێت، ئه‌وا مووچه‌كه‌ی ناگاته ٢٠٠ هه‌زار دینار و به‌پێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش ئه‌و كه‌سه سوودمه‌ند ده‌بێت له وه‌رگرتنی به‌شه خۆراك".
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتیشی: ئه‌م پڕۆژه‌یه په‌یوه‌ندی به كارمه‌ند و خانه‌نشینه‌وه نییه و په‌یوه‌ندی به هاووڵاتییبوونهوه هه‌یه، بۆیه خانه‌نشین و فه‌رمانبه‌ر و كه‌رتی تایبه‌ت ده‌گرێته‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێستا وه‌ك رێنماییه‌كان هه‌یه، ته‌نها فه‌رمانبه‌ری گرتووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی داهاتیان له ملیۆنێك و نیو زیاتره ته‌نها له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ر جێبه‌جێكراوه و نه‌توانراوه له‌سه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت جێبه‌جێ بكرێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٦٠ تا ٧٠ی هاووڵاتییان ئه‌و خۆراكه‌ی كه وه‌ریده‌گرن به هۆی ئه‌وه‌ی داهاتییان باشه، ده‌یفرۆشنه‌وه و ئه‌م فرۆشتنه‌وه‌ش وایكردووه كه بازرگانییه‌ك به مادده‌كه بكرێت و راشیگه‌یاند كه ئه‌م دابه‌شكردنه بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تن تییایدا سووده‌مه‌ند بن.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له میانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه چۆن ده‌توانرێت كۆنتڕۆڵی بازاڕ بكرێت له‌وه‌ی نرخی خۆراك به‌رز نه‌بێته‌وه، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م گوتی: ده‌بێت له بابه‌تی خۆراك و هاوشێوه‌ی خۆراك كه له بازاڕه‌كاندا هه‌یه، جیاوازی له نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتیدا بكرێت و له بازاڕه‌كانی هه‌رێم و عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌رتی تایبه‌ت ئیشوكاری مامه‌ڵه بازرگانییه‌كان ده‌كات و له‌م حاڵه‌ته‌شدا نرخ داده‌به‌زێت.
له‌ئێستادا به‌پێی پسووله‌ی خۆراك چوار مادده به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا دابه‌ش ده‌كرێت كه بریتین؛ له ئارد، شه‌كر، زه‌یت و برنج و تا ئێستاش هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مووچه‌كانیان له یه‌ك ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار دینار كه‌متره ده‌توانن به‌شه خۆراكی خۆیان وه‌رگرن، به‌ڵام له حاڵه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه یاسایه‌ی كه حكوومه‌تی عێراق پێشنیازی كردووه ، ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێك داهاتی رۆژانه‌ی له پێنج دۆلار زیاتر بێت ئه‌وا پێدانی به‌شه خۆراكی مانگانه نایگرێته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.