باڵیۆزخانەی ئهمریكا له عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی عێراقی لە گەمارۆکانی سەر ئێران بەخشیووە و پێویستە تاوەکو 45 رۆژی دیکە کارەبا و گازی سرووشتی لە ئێران بکڕێت.
له گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئهمریكا له عێراق بە زمانی عەرەبی پووختەی سزا نوێیەکانی سەر ئێران رووندەکەنەوە و دەڵێن، هەواڵی ناڕاست لەبارەی سزاکانی واشنتن بۆ سەر تاران بڵاودەکرێنەوە.
باڵیۆزخانەی ئهمریكا له عێراق روونیدەکاتەوە، عێراق بەشێوەیەکی کاتی خراوەتە لیستی ئەو وڵاتانەی لە سزاکانی سەر ئێران بەخشراون و دەتوانن نەوت و سووتەمەنی لێبکڕن، ئەو وادەیەش بۆ عێراق دانراوە 45 رۆژە، ئەوەش بۆ ئەوەی عێراق لەو ماوەیەدا بتوانێ لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و پشت بە ئێران نەبەستێت.
باڵیۆزخانەی ئهمریكا ئاشکرایدەکات، سزاکانی سەر ئێران خۆراک و دەرمان ناگرنەوە، هەروەها زۆرینەی ئەو بازرگانییانە ناگرنەوە کە لەگەڵ کەسایەتی و دامەزراوە سزادراوەکاندا نەبن و بە دۆلاریش نەبن.
یەکێک لە بهرپرسانی باڵیۆزخانهكه دەڵێت "سزاكانی ئهمریكا رەفتارەکانی رژێمی ئێران دهكهنه ئامانج نهك گەلی ئێران".
حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی سووتهمهنی وێستگهكانی كارهبا، گازی سرووشتی له ئێران دەکرێت، بۆ ئەوەش بڕێکی زۆر پارەی حکومەتی ئێران قەرزارە.
ئەمریکا نۆ وڵاتی لە سزاکانی سەر ئێران بەخشیووە و دەتوانن نەوتی ئێران بەشێوەیەکی کاتی بکڕن، لەوانەش چین، هیندستان، تورکیا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، عێراق و تایوان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.