Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:28

ئەنجومەنی وەزیران مۆڵەتی خوێندن بە فەرمانبەران دەدات

بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەمبارەیەوە دەدات
کوردستان TV
100%


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە چەند مەرجێك مۆڵەتی خوێندن بە فەرمانبەران دەدات. بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەمبارەیەوە دەدات.

نەزهەت ساڵح، راوێژكاری قوتابییان و خوێندنی باڵا لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران، بەپێی ماددە 50ی یاسای خزمەتی شارستانی مامەڵە بكرێت و مۆڵەتی خوێندن بەو فەرمانبەران بدا".

بەپێی ماددە 50ی ئەو یاسایە، وەزیری پەیوەندار بە رەزامەندیی وەزیری دارایی، بۆی هەیە مۆڵەتی خوێندن بداتە فەرمانبەران، بۆ ماوەی دوو ساڵ بە مووچەی تەواوەوە، بەو مەرجەی سێ ساڵ خزمەتی تەواو كردبێت، هەروەها ئەوەی پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت، بۆی هەیە دوو ساڵی تریش مۆڵەت وەربگرێت.
ئەو مۆڵەتەی وەری دەگرێت بۆ خزمەتی خانەنشینی و خزمەتەكانی تر ئەژمار دەكرێت.

راوێژكارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە دا، مەرجێكی پێدانی مۆڵەتی خوێندن ئەوەیە، كە دەبێ ئەو وەزارەتەی فەرمانبەرەكەی تێدایە پێویستیان بەو پسپۆڕییە هەبێت كەوا فەرمانبەرەكە بۆی دەخوێنێت، بۆ نموونە كەسێك لە وەزارەتی كشتوكاڵە، ناكرێ بچێت لە بوارێك بخوێنێت كەوا لە بواری كارەكەی دوور بێت.

نەزهەت ساڵح، دووپاتی كردەوە: "ئەوانەی پێشوو، ناونیشانیان دەگۆڕدرێت و بڕوانامەیەكەیان بۆ ئەژمار دەكرێت و دەرماڵەی ئەو بڕوانامەشیان پێ دەدرێت كە بەدەستیان هێناوە، بۆ مۆڵەتی تازەش، ئەوە بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".

روونیشی كردەوە، ئەوانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە و مۆڵەتی خوێندنیان نییە، بڕوانامەی بەرزتریان بۆ ئەژمار ناكرێت.

ئاشكراشی كرد، داواكارییەكی زۆر بۆ ئەنجومەنی وەزیران هاتووە، بۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن و زۆربەی داواكارییەكانیش لە لایەن وەزارەتی پەروەردەیە، گوتیشی: "ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتی خوێندنی هەبێت و لە دەرەوە بخوێنێت، بڕوانامەكەی بۆ ئەژمار دەكرێت، بەو مەرجەی ئەو زانكۆیەی لێی دەخوێنێت لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان دانپێندراو بێت".

لەسەرێكی ترەوە، ئەو بەرپرسەی حكوومەت ئەوەی خستە ڕوو، تا ئێستا پڕۆژەی تواناسازی نەكراوەتەوە، چونكە ئێستا ژمارەیەك قوتابی لەدەرەوە ماون تەواوی بكەن، گوتیشی: "ئەگەر بارودۆخی دارایی حكوومەت باش بكرێت، ئەوا تواناسازی بە شێوازی تر دەكرێتەوە، ئێستاش زەمالەی خوێندن هەیە، بەڵام ژمارەكەی زۆر نییە".

ساڵح، ئاشكرای كرد، ئەنجومەنی وەزیران خەریكی گەڵاڵەكردنی رێنماییەكی تایبەتە بۆ چۆنیەتیی مۆڵەتی خوێندن، بە تایبەت لە زانكۆكانی دەرەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.