ئهمرۆ هەینی 2-11-2018 نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند "بەپێی ئەو ژمارانەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق (یۆنامی) تۆماریكردوون، لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو (ئۆکتۆبەر) لە ئەنجامی كردەوەی تووندوتیژی، تیرۆر و ناكۆكی چەكداری لە عێراق، 69 كەس كوژراون و 105 كەسی دیكەش برینداربوونە".
بەپێی راگەیێندراوەکە "ئەو ژمارانە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە لەكاتی كردەوە تووندوتیژییەكان كوژراون یان برینداربوونە، بە پۆلیسەكانی بەرگری شارستانی، تیمەكانی ئاسایشی كەسی، پۆلیسی پاراستنی دامەزراوەكان و پۆلیس و فەرمانبەرانی ئاگركوژێنەوەشەوە".
هەروەها دەڵێت "لەو رۆژەی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاكاریكردنی عێراق یۆنامی لە تشرینی دووەمی 2012 لە عێراق دەستبەكاربووە، ئەم ژمارەیە كەمترینە لەماوەی مانگێك تۆماركرابێت".
یان كۆبیچ، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق گوتی "لەو رۆژەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەستبەكاربووە لە ساڵی 2012ەوە تاوەكو ئێستا ئەم ژمارەیە كەمترین ژمارەی قوربانیانە راگەیەندراوە، ئەمەش نیشانەیەكی ئەرێنیە و دەریدەخات كە عێراق بە پلەبەندی لە بازنەی توندوتیژی دەردەچێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.