Erbil 2°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 08:26

فڕاکسیۆنی پارتی: هەوڵ دەدەین گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ـدا بکرێت

فڕاكسیۆنی پارتی: وەك كورد تێبینیی زۆرمان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە
کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد، پەرلەمانتارێكی پارتییش ڕایگەیاند، وەك كورد تێبینیی زۆریان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە و، هەوڵ دەدەن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە تا گۆڕانكاریی تێدا بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2019ی عێراقیان ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە.

دانا شەهید جەزا، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2019 گەییشتووەتە پەرلەمان، بەڵام بە فەرمی بە ئێمەی پەرلەمانتاران نەدراوە، وەلێ پێشتر زانیاریمان هەبوو لەسەر پڕۆژەیاساكە، ئەو كاتەی وەزارەتی دارایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزی كردەوە."‌

جەزا، هەروەها ڕوونی كردەوە: "وەك كورد تێبینیی زۆرمان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەیە، لەوانە رێژەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە كراوە بە 12،67 دووبارە ئەوە پێچەوانەی ئەو رێككەوتنانەیە كە 17 لەسەد بووە، یان دەبێت سەرژمێری بكرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە پارێزگاكانی باكووری عێراق ناو براون، كە ئەمەیش پێچەوانە و دژی دەستوورە، هەروەها بابەتی مووچە و پێداویستی و ئەو بودجەیەی كە هێزەكانی پێشمەرگە دانراوە، زۆر كەمترە لە بەرانبەر ئەو بودجەیەی بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی دانراوە، ئەمەیش ستەمێكی ترە، پشكی سیادییش كە دانراوە، زۆر كاریگەری هەیە لەسەر پشكی هەرێم لەگەڵ پشكی پارێزگای هەڵەبجە، كە وەك پارێزگایەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەكراوە و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان نەكراوە، لەگەڵ چەندین بابەتی تر كە لای ئێمە جێگای ڕەخنەن‌."

وەك ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی گوتی: "سەرەتا هەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بگەڕێتەوە، پێشتر و ئێستایش داوا دەكەین و هەوڵیش دەدەین ئەو گۆڕانكاریانە بكرێن لە بودجەدا و ئەو بابەتانەی دژی ماددە دەستوورییەكانن، چاك بكرێن و ئەو پشكەی مافی گەلی كوردستانە، رێك بخرێتەوە ئینجا دووبارە بۆ پەرلەمان ڕەوانەی بكەن".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.