نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سهرۆكى پارتیی دیموكراتى كوردستان بهبۆنهى راگهیاندنى ئهنجامه فهرمییهكانى ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە ، كه ئهمهش دەقی پەیامەکەیهتى:-
سوپاسی خەڵکی کوردستـان دەکەم بۆ پـشـتگیـریی بەردەوامیان و داخوازییـان بۆ بەردەوامبوون لە بەرەوپێشچوونمان لە حکوومەتی داھاتوودا.
ھاووڵاتیانی سەربەرز و خۆشەویست،
سوپاستان دەکەم بۆ بەشـداربـوون لە پرۆسەیەکی دیموکراتیی ئـاشـتیانەدا لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول و بەکارھێنانی مـافی خۆتان بۆ دەنگدان. ئەمە پێـنجەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێـمى كوردستانه، ئێـمە هەرێمێکی تازهین، ھێـشتا لە قۆناغی بنیاتـنـانی دیموکراسیداین، ئەم ھەڵبژاردنەش ھەنگاوێکی گەورە بوو بهرهو پێشەوە.
ئێستا دواى ڕاگهیاندنى فهرمیى ئهنجامهكان، داوا لە ھەمــوو لایەنە سیاسییەکان دەکەم بە گیانێکی ئــارام و بنیاتــنەرانە بۆ پاراستنى یهكڕیزى و تهبایى بەردەوام بــن کاتێك ئێمە گفتوگۆ لەسەر پێكھێنانی حکوومەتی داھاتوو دەکەین. سـوپـاسی خەڵکی کوردسـتان دەکەم كه وێڕاى پێنج سـاڵی ڕابـردووی لەڕادەبەر دژوار، مـتمانەیان بە حکوومەتەکەمـان دایهوه.
ئهنجامى ههڵبژاردنهكان دهریخست كه زۆرینەی خەڵکی کوردسـتان پشـتگیری لە حکوومەتێکی بەھێز و سەقـامگیر دەکەن بە سەركـردایەتی و پێشڕەویی پارتی دیموكراتی كوردستان. ئەنجامەکان وەک دەنگدانێك بۆ پێشکەوتنی سەقامگیر دەبینم. لە ڕوانگەی پارتییەوە، ئەنجامەکان ئاماژەیەکن بۆ نیشتمانپەروەری، خۆڕاگری و ھیوای ئایندەیەكی گەش.
ئێمە لە چەنــدین لاوە ڕووبەڕووی مــلملانێ بــووینەوە، خەبــاتــمان کرد و تــووشی ھەڵەش بــووین، بەڵام ھەرێمی کوردستانمان بە یەکگرتوویی پاراست لە کاتێكدا خهڵكێك ھەوڵی دەدا پارچەپارچەی بکەن. ھاوبەشیی نێودەوڵەتیمان بەھێز کرد، بە سەختترین قەیرانی ئابووریدا تێپەڕین، ھێشتاش ھەر لە پێشکەوتنداین. کوردستانییان ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول دەنگیان بە بەردەوامبوون لەسەر ئەم بەرەوپێشچوونە، دا.
ھەلومەرجی ژیانمان بەرەو بـاشـتر دەچێت لە کوردسـتان، بەڵام ھێشتاش بەو شێوەیە نییه کە ئێمە خـوازیارین، یان شایستەی ئێوە بێت. ئەرکی ئێمە لە چوار ساڵی داھاتوودا باشترکردنی بارودۆخهكه دەبێت بە شێوەیەکی بەردهوام.
ئەنــجامەکان خــواســتێکی بەھێز پیشان دەدەن بۆ پێكھێنانی حکوومەتی داھاتوو و بەردەوامبوون لەسەر کارەکانمان. گەلی كـوردسـتان بە ئـاشـكرا، بە دەنگی بەرز، بێ دڵەڕاوكێ، بەشی ھەرە مەزنی دەنگی دیموكـراسی و پشـتگیریی خۆی بە پـارتی دا، لەبەر ئەوەی دیسان بۆیان دووپـات كـرایەوە كە ئەو حـزبە لە ڕۆژانی سەختیدا و لەژێر گوشاری ناوەكی و دەرهكیدا، ھەمیشە لایەنی گەلە، نیشتمانپارێزە، ھەلپەرست نییە، بەرژەوەندیی باڵای كوردستان ئەسێرەی ڕابەری خەباتی بووە و دەبێت.
ئێوە دەنـگتان داوە بۆ خـزمەتـگوزاری و ژێرخـانی بـاشـتر، بۆ ئـابـوورییەکی بەھێز و فـرەسەرچـاوە کە پیشەسـازی و کشتوکاڵ و گەشـتیاری و نەوت لەخۆ بـگرێت، دەنگیشیان داوە بەو ئـارامییەی کە چەنـدین سـاڵە دابینمان کردووە. ئێوە دەنگتان داوە بۆ ڕێزگرتن لە ھەموو نەتەوە و ئایینەکان، بۆ پاراستنى پێكهوهژیانى نهتهوهیى و ئایینى، بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان، بایەخدان به بێھێز و لاوازەکان.
ئێوە دەنـــگتان داوە بە ئەرێنی بۆ ڕەتکردەنەوەی كهلـلهڕهقى، تێڕوانینی نەرێنی و تـــووڕەیی. ئێوە بەرەوپێشچوونــتان ھەڵبژارد، نەك پشێوی. ئێوه دهنگتان دا به بنیاتنانى كوردستانێكى بههێز. ئەمـــانە ھەمـــووی دید و ڕوانـــگەی پـــارتین. ئەنـــجامهكانى ھەڵبژاردن بەڵگەی نكۆڵی ھەڵنەگرن كە پارتی و زۆربەی گەلی كوردستان ھاودیدن، ھاوخەباتن، ھاوڕێی ئاوەدانی و پاراستنی كوردستانن.
خەڵکی ئازیزى کوردسـتان،
پێكهاته نهتهوهیى و ئایینییهكانى كوردستان، له كورد، توركمان، ئاشوورى، كلدان، سریان، ئهرمهن، عهرهب، كاكهیى، فهیلى، شهبهك، موسلمان، ئێزدى، مهسیحى و سابیئه، سوپاستان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی دیدگایەکی ئهرێنى و نیشتمانـپەروەرانە و پێدانی چانسێكى نوێ به ئێمه. بۆ ئەوەی كارەكانمان باشتر بن، پێویستمان بە حکوومەتێکی سەقامگیر ھەیە بۆ چوار ساڵی داھاتوو.
ئیتر بهرهو بنیاتنانى كوردستانێكى بههێز.
ههر سهركهوتوو بن.
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
21/10/2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.