سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتی، ھەموو كاروباری گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال كۆتایی ھاتووە و لە دوو رۆژی داھاتوودا دەگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال بۆ سەر كاری خۆیان، كە ماوەی ساڵێكە بە ھۆی حەشدی شەعبی و پەكەكەوە نەگەڕاونەتەوە و لە سنووری دھۆك لەناو ئاوارەكان دەوامی خۆیان دەكەن، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق بڕیاری گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگالی بۆ سەر كاری خۆیانی دەركردووە و حكوومەتی ھەرێمیش رازی بووە، هەروەها ھەموو كاروباری گەڕانەوەیان تەواو بووە و بڕیارە لە دوو رۆژی داھاتوودا بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان و دەوامی ئاسایی خۆیان دەست پێبكەنەوە".
چەتۆ گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ وەكوو ئەنجوومەن سەردانی فیرقەی ١٥ی سوپای عێراق لە ناوچەی كەسكێ دەكەین، بۆ ئەوەی پاسەوانی لە ئیدارەی شنگال بكەن لە كاتی گەڕانەوەیاندا، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر كاری خۆیان".
لەبارەی ئەوەی مەترسی ھەیە حەشدی شەعبی و پەكەكە رێگرییان لێ بكەن، سەیدۆ چەتۆ ئاماژەی دا: "ئەگەر ھێزە عێراقییەكان پاسەوانی لە ئیدارەی شنگال بكەن، ئەوكات ناتوانن رێگرییان لێ بكەن و بە ئاسایی كاری خۆیان ئەنجام دەدەن، چونكە ھەمووان لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی عێراقدان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.