شاراوه نییه ئێزگه‌ی رادیۆ رۆڵێكی گرنگی له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا بینیوه و ده‌بینێت، چونكه رادیۆ توانایه‌كی باڵای هه‌یه له په‌ڕینه‌وه‌ی به‌ر‌به‌سته‌كانی كات و شوێن و نه‌خوێنده‌واری و هه‌ژاری. ئه‌و رۆڵه‌ش له په‌ره‌پێدانی ئاستی رۆشنبیری گه‌لان به‌رجه‌سته بووه له‌ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی بیروڕا و زانیاری و ده‌نگوباس.
كاتێك ماركۆنی بێته‌لی داهێنا له ساڵی ١٨٩٥ و توانی یه‌كه‌م نامه‌ی بێته‌ل له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بپه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌وكات ته‌نها وه‌ك ركابه‌رێكی ته‌له‌گراف سه‌یری بێته‌ل ده‌كرا.
له میانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا (١٩١٤-١٩١٨) گرنگیدانی وڵاتان به بێته‌ل بۆ كاروباری پڕۆپاگه‌نده و گه‌یاندنی زانیاری به سه‌ربازه‌كان له به‌ره‌كانی جه‌نگدا، زیادی كرد.
له ساڵی ١٩١٦ ئه‌ندازیارێكی گه‌نج، كه له كۆمپانیای وێستینگهاوس كاری ده‌كرد، پێشنیازی كرد ئه‌و ئامێرانه‌ی رادیۆ كه كۆمپانیاكه‌ی دروستی ده‌كات، بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی موزیك به شێوه‌یه‌كی بێته‌ل بۆ ماڵان بگوازیته‌وه، پاش ئه‌وه‌ش رادیۆ بۆ گواستنه‌وه‌ى ئه‌نجامی یارییه‌كانی بیسبۆڵ و رووداوه گرنگه‌كان به‌كارهات.
رادیۆ وه‌ك ئامرازێكی كاتبه‌سه‌ربردن به‌كارهات، تا له ساڵی ١٩٣٦، پاشا ئیدوارد له رادیۆ رایگه‌یاند، كه ده‌ستبه‌رداری تاجی شاهانه ده‌بێت له پێناو ئه‌و ژنه ئه‌مریكییه‌ى كه خۆشی ده‌ویست. له‌وكاته‌وه رادیۆ بووه سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ.
له ماوه‌ی جه‌نگی جیهانیی دووه‌میشدا رۆڵی رادیۆ گه‌یشته ترۆپك له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.
دكتۆر فه‌وزیه فه‌هیم مامۆستای راگه‌یاندن له باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی رادیۆ له میسر له كتێبى (ته‌كنیكى رادیۆ) چیڕۆكێكی سه‌یر له‌سه‌ر رادیۆ ده‌گێڕێته‌وه له‌و وڵاته و ده‌نووسێت:
"سه‌ره‌تای په‌خشی رادیۆ له میسر له‌ڕێگه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌وه له ساڵی ١٩٢٣ ده‌ستیپێكرد، ئێزگه‌كانی رادیۆ زیاتر بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانی و ریكلام به‌كار ده‌هات، مه‌ودای په‌خشى ئه‌و رادیۆیانه‌ش زۆر كورت بوو. له‌و سه‌رده‌مه گوێگر ده‌یتوانی گۆرانییه‌ك یاخود چه‌ند گۆرانییه‌ك پاوان بكات و پشكداری بكات له به‌رانبه‌ر بڕێك پاره، هه‌ركاتێك ئاره‌زووی بكردایه به ته‌له‌فۆن داوای ئه‌و گۆرانییه‌ی ده‌كرد و بۆى په‌خش ده‌كرا.
باندێكی فرۆشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كان ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ی له (ئێزگه‌ی رادیۆی میسری شاهانه) به هه‌ل زانیبوو، به بڕی ٥٠ جونه‌یهی میسری مانگانه دوو گۆرانی به‌ناوبانگی موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ری میسری، محه‌ممه‌د عه‌بدولوه‌هابى پاوان كردبوو به ناوه‌كانی (الجو رایق - كه‌شوهه‌وا له باره) ، (فی الجو غیم - هه‌وری هه‌یه).
ئه‌و بانده رێككه‌وتبوون به‌گوێره‌ی جۆرى گۆرانی په‌خشكراو هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، فرۆشیارانی مادده هۆشبه‌ره‌كان كاتێك گۆرانی (كه‌شوهه‌وا له باره) بڵاو ده‌كرایه‌وه ده‌ستیان ده‌كرد به چالاكی و، كاتێك گۆرانی (هه‌وری هه‌یه) بڵاو ده‌كرایه‌وه له چالاكی ده‌وه‌ستان.
ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌و بانده له شاره‌كانی میسر چالاكی خۆیان به پاڵپشتی ئه‌و گۆرانیانه ئه‌نجام دا، تا پۆلیس پێیزانى و سه‌رجه‌م به‌رپرسانی رادیۆكه‌ی ده‌ستگیركرد و تا ئه‌وكاته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخست كه به‌رپرسانی رادیۆكه قوربانی ده‌ستی ئه‌و بانده‌ی فرۆشتنی مادده هۆشبه‌ره‌كانن، ئازاد نه‌كران.
دانانى بابه‌ت - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.