پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16/10/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كودستان، پێشوازی له خاتوو جوانا لۆندێز باڵیۆزی ئوسترالیا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا خاتوو لۆندێز خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و له‌مباره‌یه‌وه پیرۆزبایی له سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی هه‌ردوو كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان سه‌رکه‌وتوانه به‌ڕێوه بچن و سه‌قامیگری و ئاسایش بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێنرێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به پڕۆژه خزمه‌تگوزاری و هاوكارییه مرۆیییهكانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كان له ده‌ستی تیرۆر كرد و داوای كرد هاوكارییان بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنیان، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌یشی بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئوسترالیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و ئاماده‌ییی حکوومه‌تی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی ئوسترالیا له بواری هاوكاریی مرۆیی ده‌ربڕی و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له هه‌موو بواره‌كاندا زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت.
تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕه‌وشی ناوچه‌كه و عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.