Erbil 8°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 08:16

مه‌لا به‌ختیار له‌ ساڵیادی 16ی ئۆکتۆبه‌ردا.. به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و هه‌لپه‌رسته‌کان بۆچونی خۆیان گۆڕی

به‌هۆی هه‌لپه‌رست‌و هه‌رزه‌كارانه‌وه‌ شكستمان خوارد
کوردستان TV
#7
100%

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی رایده‌گه‌ێنێ، به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و هه‌لپه‌رسته‌كان بۆچونی خۆیان گۆڕی و به‌هۆی ئه‌وان ‌و هه‌رزه‌كارانیشه‌وه‌ شكستمان خوارد.

مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی به‌بۆنه‌ی تێپه‌رێنی ساڵێك به‌سه‌ر خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی  ئۆكتۆبه‌ر ده‌ڵێت: به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی ساڵێك به‌سه‌ر روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر (رۆژه‌ شومه‌كه‌ی كوردستان) هه‌مان ئه‌و په‌یام و وتاره‌م بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دوو رۆژ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ 18/10/2017 بڵاومكرده‌وه‌. من ئێستاش هه‌مان ئه‌و بۆچونانه‌م هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وكات نوسیومن، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و هه‌لپه‌رسته‌كان بۆچونی خۆیان گۆڕی. ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌مه‌ كه‌ ئه‌وكات بڵاومكرده‌وه‌:

پەیامێكی ئاواڵە لە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیەوە..

دۆخی كوردستان، گه‌یشتۆته‌ هه‌ڵدێرێكی مه‌ترسیدار. ده‌مه‌وێ‌ به‌م په‌یامه‌، گه‌له‌ دڵسۆزه‌كه‌مان‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئاگادار بكه‌م كه‌وا:

به‌ش به‌حاڵی خۆم، چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستان، یان هه‌ر كۆمیته‌یه‌كی شاره‌زای بێلایه‌ن، هه‌ڵسه‌نگاندێكی قوڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌، به‌به‌ڵگه‌وه‌، له‌سه‌ر كۆی روداوه‌كان بكات، به‌ روداوی كاره‌ساتباری كه‌ركوكیشه‌وه‌، له‌سه‌ر هه‌ركه‌س‌و گروپ‌و لایه‌نێك، هه‌ر تاوانێك سه‌لمێندرا، ئه‌وكاته‌ ده‌بێ‌ دادگا توندترین سزایان بدات. له‌ناو یه‌كێتیشدا، به‌هه‌مان شێوه‌، هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كانی كێشه‌و روداوه‌كانی ناو یه‌كێتی، بكرێ‌. هه‌تا سه‌رئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندن، به‌به‌ڵگه‌ی ته‌واوه‌وه‌، روداوه‌ كاره‌ساتباره‌كان، ساغنه‌كاته‌وه‌، پێشوه‌خت، تومه‌ت دابه‌شكردن له‌راگه‌یاندن‌و له‌چاوپێكه‌وتنه‌كاندا، كارێكی ناشایسته‌یه‌. كه‌ بێگومان، ئه‌م روداوانه‌، له‌خۆڕا رویاننه‌داوه‌. هه‌رلایه‌ك به‌پێی سه‌نگی خۆی‌و هه‌موو كاربه‌ده‌ستێكیش، به‌پێی پێگه‌كه‌ی، پشكی كاره‌سات‌و روداوه‌كانی به‌رده‌كه‌وێ‌.

به‌ش به‌حاڵی خۆم، نه‌ك له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا، به‌ڵكو له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌، ره‌نجی فه‌رهادم داوه‌، هه‌م له‌ناو یه‌كێتیداو هه‌م له‌نێوان یه‌كێتی‌و پارتی‌و لایه‌نه‌كانی تریشدا، هاوكات نێوان هه‌رێم‌و به‌غدادو ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌، سیاسه‌تێكی ئه‌قڵانی هاوسه‌نگ بگیرێته‌به‌ر. به‌ڵام مه‌خابن، له‌به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا، به‌هۆی هه‌لپه‌رست‌و هه‌رزه‌كارانه‌وه‌، شكستمان خوارد!

سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمیش، پاساوم بۆ ره‌خنه‌فرۆشان نه‌هێشتۆته‌وه‌ تانه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانم. بۆ یه‌كه‌مین جاره‌ ده‌یڵێم: من، به‌رده‌وام له‌كۆبونه‌وه‌ی دووقۆڵی یه‌كێتی‌و پارتی‌و سێقۆڵی له‌گه‌ڵ پارتی‌و یه‌كگرتوشدا، هه‌روه‌ها له‌كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای ریفراندۆمیشدا، سور بووم له‌سه‌رئه‌وه‌ی به‌دیلی ریفراندۆم قبوڵ بكه‌ین‌و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی‌و حكومه‌تی عێراق، گفتوگۆیه‌كی به‌رپرسانه‌ بكه‌ین. به‌ڵام له‌ناو رای گشتی گه‌له‌كه‌شماندا، دڵی یه‌ك هاوڵاتی كوردستانیشم، له‌ داكۆكی بۆ مافه‌ دیموكراسیه‌كان، ساردنه‌كردۆته‌وه‌. چه‌ند هه‌ڵه‌و چه‌ندیش له‌و سیاسه‌ته‌ راست بوبین، وه‌كو یه‌كێتی، با ئه‌مه‌شیان جێبهێڵم بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن‌و توێژینه‌وه‌.

جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی كوردستان!

به‌م په‌یامه‌ ئاواڵه‌یه‌، هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌وا:

یه‌كه‌م: مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر باشورو هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ببێته‌ دوو ئیداره‌یی‌و دوو ئیداره‌ییش، لێكه‌وته‌ی شه‌ڕی ناوخۆو ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی‌و نێوده‌وڵه‌تی نه‌خوازراوی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ‌.

دووه‌م: یه‌كێتی، سه‌ره‌نجامی كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانی دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال (پێشتریش) گیروگرفته‌كانی نزیك كه‌وتونه‌ته‌وه‌ له‌ بنبه‌ست‌و مه‌ترسی جیابونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌یه‌كێتی ده‌كات. هه‌لپه‌رست‌و هه‌رزه‌ ئه‌قڵه‌كانی ناو یه‌كێتی‌و فه‌یسبوكبازه‌كانیش كه‌ هه‌ر خه‌ریكی شێواندنی زهنیه‌تی خه‌ڵكن، وه‌كو پێشینان وتویانه‌: "دز بازاڕی شێواوی هه‌یه‌".. ئه‌مانه‌ش، له‌ناو هه‌موو ره‌وت‌و جه‌مسه‌ره‌كاندا، زۆر نابه‌رپرسیارانه‌، له‌رابوردودا به‌گشتی‌و له‌ دوو مانگی رابوردودا به‌تایبه‌تی، ده‌ستیان هه‌یه‌، له‌م دۆخه‌ی یه‌كێتی تێیكه‌وتووه‌. كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌ئامانجه‌ گڵاوه‌كانیان هێناوه‌ته‌دی!

گه‌لی لێقه‌وماومان!

دوو ئیداره‌یی‌و جیابونه‌وه‌ی ناو یه‌كێتی، یان جیابونه‌وه‌ی ناو یه‌كێتی‌و دوو ئیداره‌یی، له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی دوای كاره‌ساتی كه‌ركوك، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر كوردێكی به‌شه‌ره‌ف‌و هه‌ر یه‌كێتیه‌كی دڵسۆز، ئه‌گه‌ر بیه‌وێ‌، دوای كاره‌ساتی عه‌سكه‌ری كه‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كاندا (به‌ شاره‌ ئازیزه‌كه‌شمه‌وه‌ خانه‌قین) به‌سه‌رماندا هاتووه‌، راماننه‌كێشێت بۆ كاره‌ساتی سیاسی ترسناكتر، هه‌قوایه‌، دڵسۆزان چه‌ند دژی جیابونه‌وه‌ی هه‌رێمن، هێنده‌ش په‌رۆشی یه‌كڕیزیی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بن.

به‌نده‌، رایده‌گه‌یه‌نم، دژی جیابونه‌وه‌م له‌ناو یه‌كێتیداو دژی دوو ئیداره‌ییم. به‌توندی دژی ئه‌وه‌شم جگه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی، هیچ رێگه‌یه‌كی تر بگیرێته‌به‌ر. بۆیه‌ پێداده‌گرم له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و سیاسییان هه‌بێ‌. هیچ كه‌سێك‌و هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك، بۆی نه‌بێ‌، له‌باتی ئۆرگانه‌ ره‌سمییه‌كانی یه‌كێتی، بڕیار بدات. یان كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌كدا بكات.

هه‌ڤاڵه‌ دێرین‌و نوێكان ده‌مناسن، له‌هیچ قۆناغێكدا، خۆم له‌به‌رپرسیارێتیی نه‌دزیوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام دۆخه‌كه‌ی كوردستان‌و به‌داخه‌وه‌ هی ناو یه‌كێتیش وایلێهاتووه‌ بڵێم:

چیكه‌، ناتوانم ئاژاوه‌ له‌ ئاژاوه‌گێڕان قبوڵ بكه‌م. هه‌تا ئێستا له‌به‌رخاتری كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و سه‌رۆك مام جه‌لال‌و پێشمه‌رگه‌و مێژووی یه‌كێتی خۆم به‌ نیمچه‌به‌رپرسیار له‌ناو یه‌كێتی‌و له‌ویژدانی خۆمدا زانیووه‌، ئه‌وه‌ی له‌تواناشمدا بوبێ‌، هه‌وڵم داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ئه‌و نیمچه‌ به‌رپرسیارێتیه‌ش كاریگه‌ری نه‌ماوه‌ له‌ناو هاوكێشه‌كاندا، بۆیه‌ پێشكه‌شی ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌م، له‌ناو هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كاندا، هه‌ڵپه‌یانه‌ مه‌رام‌و نه‌خشه‌كانیان دوای مردنی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌دیبهێنن. ته‌نها به‌یاننامه‌كان‌و چاوپێكه‌وتنی داهۆڵه‌كان بژمێردرێ‌، ئیتر ساغده‌بێته‌وه‌ چ نه‌خشه‌یه‌كی شاردراوه‌، له‌ئارادایه‌. ره‌خنه‌ تێكه‌ڵ به‌ رق‌و رقیش پیلانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی بۆ داڕێژراوه‌.

جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان هه‌رچی ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییان هه‌یه‌ به‌رامبه‌رمان، هه‌قیانه‌. به‌ڵام هه‌لپه‌رست‌و بازرگان‌و ئاژاوه‌گێڕان، له‌باتی ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ كڵاوی شكسته‌كانیان بگرن، نه‌كا ره‌شه‌بای توڕه‌یی خه‌ڵك بیبات، كه‌چی هێشتا زمانیان پاراوه‌و پاساویان سازه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانیشیان داگیركردووه‌!

له‌كۆتاییشدا، جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌، له‌هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداری ناكه‌م، ئه‌گه‌ر كۆبونه‌وه‌كه‌ شه‌رعیی نه‌بێ‌‌و دوا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و حزبی، نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی‌و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی. هه‌رگیز هه‌ژمونگه‌ری هیچ كه‌سێك‌و هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك‌و هیچ ده‌سته‌گه‌رییه‌ك، قابیلی قبوڵ نییه‌ بۆم. چونكه‌ كولتوری سیاسی یه‌كێتی وابووه‌. نه‌ك ئه‌مه‌ی ده‌گوزه‌رێ‌.

داوای لێبوردنیش ده‌كه‌م له‌مكاته‌دا، كه‌ گه‌له‌كه‌مان دوچاری باری ناله‌بار هاتووه‌، به‌نده‌، ئه‌م په‌یامه‌ بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر په‌یامه‌كه‌م زۆر به‌پێویست نه‌زانیبا، وه‌كو ساڵانی رابوردوو، خۆمم ده‌خوارده‌وه‌و ئه‌ركه‌كانیشم راده‌په‌ڕاند. به‌ڵام ئێستا، به‌ش به‌حاڵی خۆم، ئیتر قسه‌نه‌كردن به‌ تاوان ده‌زانم، دیاره‌ قسه‌ی ئێجگار زۆرترم پێیه‌ له‌سه‌ر روداوه‌كان‌و كێشه‌كان‌و دیارده‌ دزێوه‌كان، له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا.. به‌ڵام نامه‌وێ‌ به‌ كارو كاردانه‌وه‌ هیچ بڵێم، پێشینان گوته‌نی: قسه‌ له‌كاتی خۆی‌و له‌جێی خۆی. ته‌نها شانازیشم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ركاتێك بێمه‌ ده‌نگی ته‌واو، نه‌ قه‌رزارباری حكومه‌تم‌و نه‌ هیچ كه‌سێكی تر. منه‌تی هیچ لایه‌كیش نازانم بۆ ئه‌ستۆپاكی. خۆم ته‌نها به‌قه‌رزارباری كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و پێشمه‌رگه‌ غه‌درلێكراوه‌كان ده‌زانم‌و به‌س.

مه‌لا به‌ختیار

2018/10/16

سه‌رچاوه‌ / چاودێر

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.