له ساڵڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر چین و توێژ و ڕێخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له شاری هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
سێ ڕۆژی تر ساڵێك تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر داگیركردنی كه‌ركوك و خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا.
بۆ ئیدانه‌كردنی ئه‌و خیانه‌ته‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ كه‌ركوك به سه‌په‌رشتی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و به ئاماده‌بوونی چین و توێژه‌كانی هه‌ولێر و ئاواره‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری كه‌ركوك له به‌رده‌م نووسینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق گرد بوونه‌وه‌یه‌ك ڕێكده‌خرێت.
سیروان گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕی هه‌ماهه‌نگی ڕیًكخراوهكان له‌باره‌ی گردبوونه‌وه‌كه، به ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: به‌شێك له ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی هه‌ولێرو ئاواره‌كانی كه‌ركوك گردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی كه‌ركوك.
گوتیشی: 16ی ئۆكتۆبه‌ر په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه به ناوچاوانی خیانه‌تكارانه‌وه و مێژوو ئه‌و ڕۆژه‌ی له په‌ڕه ڕه‌شه‌كانی خۆیدا نووسیوه‌ته‌وه بۆیه ئێمه ده‌مانه‌وێ له‌و ڕۆژه‌دا به ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بڵێین پێویسته كه‌ركوك بگه‌رێنرێته‌وه بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر و خه‌ڵكی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و به‌رپرس و فه‌رمانبه‌ره كورده له‌كار لادراوهكانیش بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كار‌و پیشه‌كانی خۆیان.
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا ئێمه وه‌ك ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی پلانمان هه‌یه نمایشێكی بێده‌نگی ڕێك بخه‌ین بۆ ئیدانه‌كردنی ئه‌و داگیركاریه‌ی كه‌به سه‌ر كه‌ركوكدا هات له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا.
سیروان گه‌ردی گوتیشی: ئێمه وه‌ك پرسێكی نیشتیمانی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ باسه‌كه‌دا ده‌كه‌ین و كه‌ركوك كوردستانییه و ئێمه‌ش وه‌ك ڕێكخراوه‌كان ده‌مانه‌وێت مۆركی كوردستانی بوون بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ شاره‌كه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.