Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 02:11

پشکی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019  بە 12.67% دانراوە

مەسعود حەیدەر: پڕۆژەیاساکە لەلایەن کابینەی عەبادی ئامادەکراوە و سیاسییە
کوردستان TV
100%

پشکی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019  بە 12.67% دانراوە. پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراقیش دەڵێت، پڕۆژەیاساکە لەلایەن کابینەی عەبادی ئامادەکراوە و سیاسییە.

بەپێی پڕۆژەیاسای پێشنیازکراوی بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% خەمڵێنراوە، کە دەکاتە کەمتر لە هەشت تریلیۆن دینار.

مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 پێشێلکردنی دەستووری و یاسایی تێدایە و حکومەتی بەکاربەر چەند بەربەستێکی سیاسی تێدا داناوە بۆ دروستکردنی کێشەی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا، لەوانەش پشکی ھەرێمی کوردستان بە 12.67% دانراوە، هەروەها خەرجییە سیادییەکان زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو، کە ئەو بڕە پشکی کوردستانی تێدا نییە.

مەسعود حەیدەر، کە پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بووە، دەشڵێت "پێویستە پەرلەمان پڕۆژەیاساکە بگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و کابینەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر بنەمای بەرنامەی حکومەتی نوێ پڕۆژەیاساکە ئامادەبکات".

لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ 2019 داهاتە خەمڵێندراوەكان لەسەر بنەمای نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار هەناردەی نەوتی خاو هەژماركراوە، بە هەناردەكردنی رێژەی سێ ملیۆن و 880 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، بەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشەوە بەرهەمدێت و لەسەر بنەمای خەرجكردنی هەزار و 182 دینار بۆ هەر بەرمیلێك.

كۆی كورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو لە بودجەکەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 22 تریلیۆن دینار، كورتهێنانەكەش لە داهاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یان زیادكردنی بڕی هەناردەی نەوت پڕدەكرێتەوە.

پڕۆژەیاسای بودجە دامەزراندن لە فەرمانگەكانی حكومەت قەدەخە دەكات بەهەموو شێوازەكانی گرێبەست لەگەڵ نوێكردنەوەی گرێبەستەكانی پێشوو بەپێی پێویست، سەرەڕای وەستاندنی دامەزراندن لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژەیاسای بوجەی ساڵی 2019ـی بۆ پەسندکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و بڕیارە لە دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.