لە ناو ئاپۆرەی سەدان ھەزار ھاووڵاتی، لە رێزگرتنێکی بێ وێنەدا رووفاتی نەمران مستەفا بارزانی سەرکردەی نەتەوەیی کورد و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لە گوندی ھەلەج لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ خاکی کوردستان ھێنرانەوە.
له رۆژێكی وهكو ئهمرۆدا لە شەشی تشرینی یەکەمی 1993 لە ناو ئاپۆرەی سەدان ھەزار ھاووڵاتی و لە ناو پێشوازی گەرم و فرمێسکی جەماوەرداو لە رێزگرتنێکی بێ وێنەدا رووفاتی نەمران مستەفا بارزانی سەرکردەی نەتەوەیی کورد و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو لە گوندی ھەلەج لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ خاکی کوردستان ھێنرانەوە.
رووفاتهكان بە کۆپتەر گەیەنرانە مەرزی باشماخی نزیک پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی دواترلە رێورەسمێکی شایستە و سەربازی فەرمیدا لە باشماخەوە بەرەو سلێمانی گوازرانەوە و بەدرێژایی رێگای پێنجوین و شارەزوور تا شاری سلێمانی سەدان ھەزار ئافرەت و پیاو و پیر و منداڵ بە چاوی فرمێسکاوییەوە لە پێشوازی رووفاتی نەمرانی نەتەوەدا بوون، ھەرچەندە بڕیار وابوو رووفاتی نەمران لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بە خاکی نیشتیمان شاد بکرێنەوە، بەڵام سۆز و خۆشەویستی خەڵکی سلێمانی و گەرمیان بۆ رێبازی بارزانی نەمر رێڕەوەی ھێنانەوەی کەژاوەی رووفاتی نەمرانیان گۆڕی و لە جیاتی حاجی ئۆمەران لە باشماخەوە ھێنرانەوە، لە شاری سلێمانیدا کەژاوەی رووفاتی نەمران سەردانی خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندییان کرد و شەوێکیش لە مەرقەدی کاک ئەحمەی شێخ و شێخ مەحموودی نەمردا مانەوە .
خەڵکی سلێمانی ئەو شەوە تا سپێدە لە خزمەتی رووفاتكاندا مانەوە و رۆژی دواتر بە درێژای رێگەی سلێمانی تا کۆیە و دواتر تا ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانی عێراق بەھەمان شێوە سەدان ھەزار ھاووڵاتی تر لە شەوەوە لە چاوەڕوانی گەیشتنی رووفاتكاندا بوون، لەناو ھوتاف و فرمێسک و خۆشەویستی و لەخۆدانی خەڵکدا رووفاتی نەمران گەیەنرانە بەردەمی تەلاری پەرلەمانی کوردستان، ئەو پەرلەمانەی کە مستەفا بارزانی پتر لە نیو سەدە بوو خەبات و تێکۆشانی لە پێناودا کردبوو.
دواتریش بەھەمان شێوە تا گەیەنرانە بارزان، بەرزی و گەورەیی بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو خەبات و تێکۆشانی ئەوان لە پێناوی ئازادی و کوردستانێکی پڕ لە ئاشتی و برایەتی کارێکی وایکرد کە رۆژی ھێنانەوەی رووفاتكانیان ببێتە رۆژێکی نەتەوەیی، و کەرنەڤاڵێکی میللی وای لێکەوتەوە کە تیایدا گەلی کورد بە یەکگرتوویی و یەک ریزییەوە و بەجیاوازی ئاین و نەتەوە و بیر و بۆچونی حزبایەتییەەوە ریزەکانیان یەکخستەوە.
رێبازی بارزانی بەسەر ھەموو جیاوازی و رەنگەکاندا زاڵ بوو ھێنانەوەی رووفاتی نەمران و بە خاک سپاردنیان لە بارزان گەلی کوردستانی یەکخستەوە و ھیوایەکی زیاتری بە کورد بەخشی و بۆ زیاتر پێشخستنی ئەزموونی دیموکراتی ھەرێمی کوردستانی عێراقیش پاڵپشتییەکی مەزن بوو، وانەیەکی دیرۆکیش بوو، سەلماندییەوە کە بارزانی نەمر موڵکی ھەموو کوردستانە و رێبازەکەی زامنی یەکبوون و پاراستنی ئەو دەسکەوتانەیە کە بەدەست ھاتوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.