راسته خانمە هونەرمەندی كۆچكردوو مەرزیە فەریقی بە جەستە و لەش ولار لەلامان نەماوە و 13 ساڵه دنیای جیهێشتووه ، بەڵام گۆرانیە پڕ جۆش و خرۆشەكانی و یادگارییە بەتامو چێژەكانی هەمیشە و هەمیشە ڕۆشنایەك بە دڵ و دەروونمان دەبەخشن و دڵمان ئارام دەكەنەوە .
بەڵام دڵنیای كچی بە بەرهەمە جوانەكانی توانیویەتی تا ئەندازەیەك شوێنی دایكی خوالێخۆشبووی بگرێتەوە و كەمێك خەمی دووری ئەو بڕەوێنێتەوە .
كۆچكردنی ئهم خانمه گۆرانیبێژژه كۆستێكی ناخۆش و پڕ لە ژان بوو، چونكە ئەو بەوپەڕی ئەحساسەوە گۆرانیە خۆش و پڕ ماناكان دەچڕی و تیایدا سڵاوی گەرمی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەنارد .
جار جارەش بەوپەڕی سۆز و میهرەبانیەوە باسی لە شەش پەپوولەكەی گۆشەی باخەكەی دەكرد و هەندێ جاریش پڕ بە گەرووی هاواری دەكرد لە یارەوە لە یارەوە لەشۆخ و شەنگی پارەوە، ئەوا گۆرانیەكانی دیكەی هەر باسی ناكرێ .
مەرزیە فەریقی لە ساڵی 1958 لە شاری مەریوانی كوردستانی ڕۆژهەڵات چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە و خانەی مامۆستانی تەواو كردوە و بۆ ماوەیەك كاری مامۆستایی كردوە ، وەك ئارەزوویەكی تایبەت بە خۆی كە لە ناخیدا بوە هەر لە تەمەنی نۆ ساڵیەوە تێكەڵ بە هونەر بوە و گۆرانی چریوە، پاشان تێكەڵ بە كاری سیاسی بووە .
مهرزیه لە ساڵی 1978 ژیانی هاوسەری لەگەڵ گۆرانی بێژی ناودار ناسری ڕەزازی پێك هێناوە و لەبەرهەمی ئەو هاوسەرگیرەدا سێ كۆرپەیان بە ناوەكانی كاردۆ و ماردین و دڵنیا بۆ هاتۆتە دنیا، ئیدی هەر لەبەر هەڵوێستی سیاسی لە ساڵی 1985 بە خاو خێزانەوە چۆتە هەندەران تا لە وڵاتی سوید گیرساوەتەوە و ماوەیەكی زۆر لەو وڵاتە ماوەتەوە و درێژەی بە كاری هونەری داوە .
بە داخێكی زۆرەوە لە ڕۆژی 18-9-2005 بەهۆی نەخۆشیەكی لەناكاوەوە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید نەشتەرگەری بۆ كرا دواتر بەهۆی سەختی برینەكەی دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێ و كۆچی دوایی دەكات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.