Erbil 15°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 17:01

وه‌زیری په‌روه‌رده‌: هەوڵمان داوە هیچکات پەروەردە نەوەستێت و بەردەوامیش دەبین

ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قوتابییە سەرکەوتووەکانی ساڵی خوێندنی 2017 – 2018
کوردستان TV
#7
100%


به‌ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شاری هه‌ولێر رێوڕه‌سمی خه‌ڵاتكردنی قوتابییه‌ یه‌كه‌مه‌كانی كوردستان له‌ وه‌رزی خوێندنی 2017-2018 به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا، د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد گوتی: ئێمە و قوتابیان و خوێندکاران قەرزداری مامۆستایانین و جەختی لەسەر بەردەوامی و گرنگیی پرۆسەی پەروەردە کردەوە.

وەزیری پەروەردە  ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قوتابییە سەرکەوتووەکانی ساڵی خوێندنی 2017 – 2018  گوتی: سوپاسی نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومه‌نی وەزیران دەکەم کە هەردەم پەروەردە لالەیان بایەخێکی زۆر هەبووە و لە چوار ساڵی ڕابردوودا بۆ خزمەتی بواری پەروردە درێغیی نەکردووە.

پشتیوان سادق رایگه‌یاند: هەموومان دەزانین ئەم چوار ساڵەی کە تێپەڕمان کرد، لەڕووی بوودجە و قەیرانە داراییەکانەوە چەندە ئەستەم و دژوار بوو، بەتایبەت بۆ وەزارەتی پەروەردە کە گەورەترین وەزارەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و خزمەتی ماڵ بە ماڵی ئەم کوردستانە دەکات، بەڵام قەیرانە داراییەکان و هێرشی داعش و شەڕی بەرگریی کوردستان و گرفت و ئاستەنگە سیاسییەکان هەموویان ڕاستەخۆ کاریگەرییان لەسەر پەروەردە هەبووە، بەڵام سەرەڕای ئەو کێشانە پرۆسەی پەروەردە نەوەستاوە و بەردەوام بووه‌، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە بکەم و ئێمە  قوتابیان و خوێندکاران قەرزداری ئێوەین.

هه‌ر له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا گوتیشی: وەزارەتەکەمان و بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایانی خۆشەویست لە ئاست ئەو کێشە و قەیرانانەدا خۆیان نەچەماند و ڕێگەیان نەدا چاوگەشەکانی کوردستان لە خوێندن بێبەش ببن.

گوتیشی: مامۆستایان من ئامادەم دەستی یەکە بە یەکەی ئێوە ماچ بکەم بۆ ماندووبوون و شەونخوونیتان و من هەر لێرە بە هەموو خوێندکاران و قوتابیانی خۆشەویست و بنەماڵە و کەسوکاریان دەڵێم کە هەموو کات هەوڵمان داوە هیچکات پەروەردە نەوەستێت و بەردەوامیش دەبین.

قوتابیانی ئازیز، چاوی ئێوە ماچ دەکەم و ئێوە ئایندەی ئەم وڵاتەن و دڵنیام ئەم کاتە قەیرانیانە دەڕوات و ئێوەش سەرفەراز و سەرکەتوو دەبن و ئەگەر بەراوردێک بکەین دەبێ بڵێن لە ساڵی 1991 لە بواری پەروەردەدا چیمان هەبووە و ئێستا کە ساڵی 2018یە لە کوێین؟ چونکە ئەوکات تەنیا 900 بینای قوتابخانەمان هەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 6 هەزار قوتابخانە و ناوەندی خوێندمان هەیە.

راشیگه‌یاند: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پێویستی به‌ 400 باڵه‌خانه‌ هه‌یه‌ بۆ خوێندن، چونكه‌ ساڵانه‌ قوتابی زیاد ده‌كات و له‌ ساڵی 1991 ژماره‌ی قوتابییه‌كانیان 542 هه‌زار بوون، به‌ڵام له‌ ئێستادا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 700 قوتابی و خوێندكار له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد له‌ساڵی 1991 ئاستی نه‌خوێنده‌واری له‌كوردستان نزیكه‌ی 36 له‌سه‌د بوو، به‌ڵام ئێستا نزیكه‌ی 15 له‌سه‌ده‌، واته‌ 85 له‌سه‌دی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان خوێنده‌وار و هۆشیاره‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.