Erbil 6°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 10:46

نێچیرڤان بارزانی بەردی بناغەی شەقامی (١٥٠) مەتری هەولێری دانا

(١٣١) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە
کوردستان TV
100%


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦/٩/٢٠١٨ به‌ ئاماده‌بوونی  نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیری به‌ڕێزه‌كان و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ر و كونسولانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ڕێوڕه‌سمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی (١٥٠) مەتری شاری هەولێری به‌ڕێوه‌چوو.

لە مەراسیمەكه‌دا  سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکەی شاری هەولێر نیشان دا کە شەقامی بازنەیی (١٥٠) مەترییە و بەدەوری شاری هەولێردا ده‌خولێته‌وه‌ و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ لەسەر ئەو ڕێگایانەی دێنەوە سەر هەولێر ده‌كات و ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ ڕێڕه‌وى په‌ڕینه‌وه‌ى كاروانى هاتووچۆى بازرگانیى چه‌ندین ڕێگه‌ى سه‌ره‌كى و نێوده‌وڵه‌تیى خاڵە سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێدا، هه‌روه‌ها لەگەڵ ئەوەشدا هاوشێوەی شەقامی بازنەیی (١٢٠) مەتری، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی ناوخۆی پایتەخت و دەوروبەری دەکات.

 نێچیرڤان بارزانی باسی لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی (١٥٠) مەتری کرد کە بە درێژایی (١٤) کیلۆمەتر، شەقامی کۆیە بە شەقامی بەحرکەوە دەبەستێتەوە و زیاتر لە (١٣١) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و کارەکانی لەلایەن کۆمپانیای (هێمن گرووپ)ەوە ئەنجام دەدرێت و سەرجەم پێوەرە ستانداردەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە پرد و ئەندەرپاس و شەقامی خزمەتگوزاری.

 سەرۆک وەزیان وێڕای ئاماژە بە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای دووسایدی ڕۆڤیا ـ گۆپال لە پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند کە کۆمپانیای (هێمن گرووپ) بەشی دووەمی ئەو ڕێگایە لە گۆپاڵەوە تا هەولێر بە درێژایی (١٤) کیلۆمەتر ئەنجام دەدات. له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز خالید خۆشناو و ستافی هێمن گرووپ كرد بۆ ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ی پێشتر ئه‌نجامیانداوه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییان كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌ قه‌رز پرۆژه‌ی جاده‌ی 150 مه‌تری له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هیوای خواست نموونه‌یان زۆر بێت.

 پڕۆژەی شەقامی (١٥٠) مەتریی هەولێری بە یەکێک لەو دەیان پڕۆژەیەی بەردەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانا کە لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان جێبەجێ دەکران، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابووری ئەو پڕۆژانە دواکەوتن و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشکەوتن و سەقامگیری و ئاوەدانی و ئارامیی کوردستاندا نەبوون و هەروەها دژایەتییەکی بەرنامەدار و پیلانێکی داڕێژراو لە پشت بڕینی بودجە و سەپاندنی شەڕی داعش بەسەر کوردستانەوە بوو، لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارە وەک لێکەوتەکانی شەڕ و هاوکات دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان.

هەربۆیە  خۆڕاگریی لەبەرامبەر ئەو پیلان و شەڕ و فشاره‌ ئابووری و سیاسی و دژایەتییانە، بۆ گیانفیدایی و فیداکاریی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و پاڵپشتی و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانی حکوومەت گەڕاندەوە، هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه‌ ڕۆژە سەختەکان تێدەپەڕن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە جیبەجێکردنی ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی دەکاتەوە کە خزمەتکردنە و گەڕانەوەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی وڵات.

 باسی له‌وه‌ش كرد کە سەرەڕای کەموکووڕییەکان و ئه‌و ڕەخنە بەجێ و نابەجێیانه‌ی ئاراستەی حکوومەت دەکران كه‌ هەندێکیان بەمەبەستی بیناکردن و هەندێکیش بۆ تێکدان و ڕکابەریی سیاسیی بوون، حکوومەت بەپێی دەرفەت و توانا بەردەوام بووە لە خزمەتکردن بە هاووڵاتییان و جه‌ختی كرده‌وه‌ ‌بە ئاوڕدانەوەیەک لە کاروانی خزمەتگوزاریی (١٥) ساڵی ڕابردووی حکوومەت دەردەکەوێت کە وێڕاى كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كان، هه‌نگاوى گه‌وره‌ى له‌ به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیاندا هه‌ڵناوه له‌وانه‌ جێبه‌جێكردنی سه‌دان پڕۆژه‌ى جاده‌ و ڕێگه‌و‌بان، شه‌قام و پرده‌كان، ئاو و ئاوه‌ڕۆكان، نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌كان، پارك و باخچه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و فراوانكردنى شار و شارۆچكه‌كان، گێڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ هه‌زاران گوندى كوردستان، ڕاكێشانى سه‌رمایه‌ى بیانى و وه‌به‌رهێنان، كردنه‌وه‌ى سه‌دان بازاڕ و مۆڵ و هۆتێل و ڕێستوڕانت و كافێ، كردنه‌وه‌ى سه‌دان كارگه‌ى بچووك و گه‌وره‌، بنیاتنان و كردنه‌وه‌ى فڕۆكەخانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و ده‌یان بوارى دیكه‌ى پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان، ئەمەشی ئەرکی حکوومەت زانی كه‌ ده‌یه‌وێت خه‌ون و خۆزگه‌ و ئاواته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ سه‌قامگیرى، ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانى بەدی بهێنێت.

 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیەی بە نیشانەی جددییەت و موکوڕیی حکوومەت دانا بەوەی کە بە باشتربوونی دۆخی ئابووری، لە جێبەجێکردنی پلانەکەی بەردەوام دەبێت کە برەودانە بە سەرجەم کەرتەکانی ژیان لە کوردستان.

 نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و لەو ڕووەوە داوای لە هەموو کوردستانییان کرد بە شێوازێکی شارستانی و هێمن بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن و نوێنەرانی خۆیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژێرن و داوای کرد با ده‌نگی هه‌مووان بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانى و پێشخستنى كوردستان بێت. به‌ڕێزیان هیواشی خواست قۆناغی داهاتوو خزمه‌تكردنى خه‌ڵك و سه‌قامگیرى و ئابوورییه‌كى باشتر و ژیانێكى خۆشگوزارانتر لەخۆ بگرێت و دڵنیایی دا کە ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان به‌سه‌رچوون و سبه‌ى له‌ ئه‌مڕۆ باشتر ده‌بێت.

لە کۆتایی وتارەکەیدا  سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ستافی کۆمپانیای (هێمن گرووپ) کرد بۆ کارەکانی پێشتریان کە بە شێوەی قەرزی درێژخایەن لەسەر بڕوا و متمانە بە حکوومەتی هەرێم لە هەوڵیر و شوێنەکانی دیکە ئەنجامیان داوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و ئەوەی خستەڕوو کە کوردستان پێویستیی بە کەسانی وەک ئەو بەڕێزانە هەیە کە چاویان لە خزمەتکردن و بەشداریکردنە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و هه‌میشه‌ یادیان به‌ خێر له‌م وڵاته‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

 سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شی‌ كرد كه‌ به‌ر هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌م پرۆژه‌یه‌دا هه‌وڵیانداوه‌ كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، سوپاسی خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری كرد كه‌ زۆر هه‌وڵیدا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت و داوای له‌ وه‌زاره‌تی داراییش كرد‌ هه‌رچه‌ند پرۆژه‌كه‌ قه‌رزه‌، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ پاره‌كه‌یان بۆ دابین بكات‌.

دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ی بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی (١٥٠) مەتری شاری هەولێر:

ئاماده‌بووانی به‌ڕێز و میوانانى خۆشه‌ویست،
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن..

خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆش به‌ یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ ڕێوڕه‌سمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌یه‌كى یه‌كجار گرنگ بۆ شارى هه‌ولێرى خۆشه‌ویست، كه‌ ئه‌ویش پڕۆژه‌ى جاده‌ى 150 مه‌تریى گه‌وره‌یه‌ به‌ ده‌ورى هه‌ولێردا.

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بۆ شارى هه‌ولێر زۆر گرنگه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوى جووڵه‌ى هاتوچۆى ئه‌و ڕێگه‌ و جادانه‌ش زۆر گرنگ و هاوكار ده‌بێت كه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ دێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر و پێیدا ده‌رباز ده‌بن.

هه‌ولێر وه‌ك پایته‌خت كه‌ له‌ ڕووى جوگرافیشه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ڕاستى هه‌رێمى كوردستان، ڕێڕه‌وى جووڵه‌ و په‌ڕینه‌وه‌ى كاروانى هاتوچۆى بازرگانیى چه‌ندین ڕێگه‌ى سه‌ره‌كى و نێوده‌وڵه‌تیى مه‌رزه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراقه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانى دراوسێى توركیا، ئێران و سووریا. ئه‌م ڕێگه‌یه‌ ئاسانكارییه‌كى ته‌واو پێشكه‌ش به‌و جووڵه‌ بازرگانییه‌ ده‌كات.

ته‌واوبوونى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، ئاسانكارییه‌كى خێرا پێشكه‌ش به‌ ته‌واوى هاتوچۆى ناوخۆى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى ده‌كات و ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى جاده‌ى 120 مه‌ترى به‌ شێوه‌یه‌كى فروانتر دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پێشتر به‌شێكى زۆرى له‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش، جاده‌ى (150) مه‌ترى كه‌ ئێستا به‌شى یه‌كه‌مى لێ ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ جاده‌ى كۆیه‌وه‌ تا جاده‌ى به‌حركه‌ به‌ ده‌ورى هه‌ولێردا شێوه‌یه‌كى بازنه‌یى ته‌واو ده‌كات. تێچووى ئه‌م به‌شه‌ كه‌ (14) كیلۆمه‌تره‌، زیاتر له‌ (131) ملیۆن دۆلاره‌.

كۆمپانیاى (هێمن گرووپ) به‌ سوپاسێكى زۆره‌وه‌، وه‌ك چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیكه‌، ئه‌مه‌ش به‌ قه‌رز ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌م جاده‌یه‌، جاده‌یه‌كى خێراى بێ ڕاوه‌ستان ده‌بێت. له‌گه‌ڵ خۆیدا، جاده‌یه‌كى خزمه‌تگوزاریش درێژ ده‌بێته‌وه‌. سێ پردى گه‌وره‌ و سێ ئه‌نده‌رپاس و هه‌موو پێداویستییه ستاندارده‌كان له‌خۆى ده‌گرێت.

(هێمن گرووپ) هه‌روه‌ها پڕۆژه‌یه‌كى دیكه‌ش ئه‌نجام ده‌دات كه‌ ئه‌ویش جاده‌ى دووسایدى نێوان هه‌ولێر ـ گۆپاڵه و له‌ هه‌ولێره‌وه‌ تا گۆپال به‌ درێژیى (14)‌ كیلۆمه‌تره‌ و په‌نا به‌خوا له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا به‌ردی بناغه‌ی بۆ داده‌نێین و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت.

دوێنێ به‌یانى له‌ ڕێوڕه‌سمێكى دیكه‌دا به‌رد‌ى بناغه‌ى به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى ئه‌و جاده‌یه‌مان له‌ ڕۆڤیا دانا كه‌ هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ هه‌ولێر و دهۆك له‌ ڕێگه‌ى گۆپاڵه‌وه‌ به‌ جووتسایدێك پێكه‌وه گرێ ده‌دات. ده‌مه‌وێ لێره‌دا ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز خالید خۆشناو و هه‌موو ستافی هێمن گرووپ بكه‌م بۆ ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ی پێشتر ئه‌نجامیانداوه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ به‌ قه‌رز له‌ هه‌ولێر ئه‌م پرۆژه‌ گرنگه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن. سوپاسیان ده‌كه‌م و هیوادارم نموونه‌یان زیاد بێت بۆ ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانیی كوردستان.

پڕۆژه‌ى له‌مجۆره‌ى جاده‌ى (150) مه‌ترى له‌ هه‌ولێر، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌یان پڕۆژه‌ى دیكه‌ كه‌ له‌ به‌رنامه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆخه‌ دژوار و زۆر سه‌خته‌ نه‌بووایه‌ كه‌ سه‌ره‌تاى ساڵى (2014) به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی گرت، دڵنیا بن ئێستا زۆرێك له‌ پڕۆژه‌ى له‌مجۆره‌، له‌ هه‌موو شاره‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێم ئه‌نجام ده‌دران و كوردستان به‌ره‌و پێشكه‌وتنێكی باشتر ده‌ڕۆیشت.

ناحه‌زانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ چاویان به‌ هه‌نگاو و پێشكه‌وتنه‌ خێراكانى هه‌ڵنه‌ده‌هات و نه‌یانده‌و‌یست گه‌لى كوردستان پێشبكه‌وێت، نه‌یانده‌ویست هه‌رێمى كوردستان ئاوه‌دان و پڕ له‌ ژیان و ئارامى و سه‌قامگیرى بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ڕاوه‌ستاندنى ڕه‌وڕه‌وه‌ى خێراى پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، خسته‌ گه‌ڕ.

بڕینى بودجه‌ و ئاراسته‌كردن و سه‌پاندنى شه‌ڕى داعش و تیرۆر به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌روا شتێكى له‌خۆه‌وه‌ نه‌بوو! ئه‌مه‌ ئایدیا و دژایه‌تییه‌كى به‌رنامه‌دار و پیلانێكى داڕێژراوى له‌دواوه‌ بوو! ئینجا لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ هاتنى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موویان زیاتریش كه‌ زۆر ئازارى به‌ هه‌رێمى كوردستان و خه‌ڵكى كوردستان گه‌یاند،  دابه‌زینى نرخى نه‌وت بوو.

ئه‌گه‌ر خۆڕاگرى و جوامێریى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و تێگه‌یشتنى خه‌ڵكى كوردستان و فه‌رانبه‌رانى حكوومه‌ت و هاوكارى و پشتگیریى هه‌موو لایه‌ك نه‌با، كامه‌ حكوومه‌ت له‌ كوێى ئه‌م دنیایه‌، به‌رگه‌ى ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ى دگرت كه‌ پێنج ساڵى ڕابردوو به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا هاتن؟!  كامه‌ حكوومه‌ت به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و فشارى ئابوورى و سیاسى و ئه‌و هه‌موو دژایه‌تى و ناكۆكییانه‌ى ده‌گرت، كه‌ به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ى گرتبوو؟!

ئێستاش كه‌ به‌ پشتگیریى گه‌لى كوردستان و به‌ خۆڕاگرى و دڵسۆزى و گیانفیداییى پێشمه‌رگه‌، به‌ قوربانیدان و به‌رگه‌گرتنى ئه‌و هه‌موو سه‌ختیانه‌ى فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى حكوومه‌ت له‌ چه‌ند ساڵى ڕابردوودا بینیان، خه‌ریكه‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان تێپه‌ڕن، ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك ئه‌ركى سه‌ره‌كى و ئامانجى درێژخایه‌نى خۆمان، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ڕێگه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆمان. ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر خزمه‌تكردن. ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر پڕۆژه‌كانى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى وڵاته‌كه‌مان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌.

وێڕاى هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كان، وێڕاى هه‌موو ئه‌و تێبینى و ڕه‌خانه‌ى كه‌ به‌ هه‌ق و زۆر جاریش به‌ ناهه‌ق! كه‌ بۆ مه‌به‌ستى بیناكردن، یان زۆر جاریش بۆ مه‌رامى لێدان و تێكدان! له‌ ئه‌نجامى ناكۆكى و ڕكه‌به‌ریى سیاسى و حزبییه‌وه‌، ئاراسته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كراون و ده‌كرێن!  وێڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ر كاتێك ده‌رفه‌ت و تواناى هه‌بووبێت، ئه‌ركى خۆى له‌ خزمه‌تكردن جێبه‌جێ كردووه‌.

خه‌ڵكى كوردستان، یانیش هه‌ر چاودێرێكى بیانى، ئاوڕێك له‌ كاروانى (15) ساڵى ڕابردووى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بداته‌وه‌، زۆر باش ئه‌و ڕاستییه‌ به‌دى ده‌كات كه‌ وێڕاى هه‌موو كۆسپ و كێشه‌ و ته‌گه‌ره‌كان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌نگاوى گه‌وره‌ى له‌ به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیاندا هه‌ڵناوه‌.

ڕاسته‌،  خواست و ویستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، خواست و چاوه‌ڕوانى و ویستى كوردستانییانیش، له‌وه‌ى كه‌ كراوه‌ زیاتر بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕاستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ له‌ دوایین (15) ساڵى كاروانى خۆیدا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ به‌ ته‌واوى سیماى وڵاتى به‌ره‌و باشتر، جوانتر و چاكتر گۆڕیوه‌. 

سه‌دان پڕۆژه‌ى جاده‌ و ڕێگه‌بانه‌كان، شه‌قام و پرده‌كان، ئاو و ئاوه‌ڕۆكان، نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌كان، پارك و باخچه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و فراونكردنى شار و شارۆچكه‌كان، گێڕانه‌وه‌ى ژیان بۆ هه‌زاران گوند و دێهاتى كوردستان، ڕاكێشانى سه‌رمایه‌ى بیانى و وه‌به‌رهێنان، كردنه‌وه‌ى سه‌تان بازاڕ و مۆڵ و هۆتێل و ڕاێستوڕانت و كافێ، كردنه‌وه‌ى سه‌تان كارگه‌ى بچووك و گه‌وره‌، بنیاتنان و كردنه‌وه‌ى فڕۆكخانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و ده‌یان بوارى دیكه‌ى پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان، شاهێدى ئه‌و كار و چالاكییانه‌ن كه‌ حكوومه‌ت ئه‌نجامیداوه‌.

به‌ڕێزان،
كاتێك له‌ بۆنه‌یه‌كى وادا، خێرا به‌سه‌ر كار و پڕۆژه‌كانى حكوومه‌تدا ده‌چنه‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت وه‌ك منه‌تێك به‌ خه‌ڵكى كوردستانى بفرۆشینه‌وه‌. مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ بڵێین: بیر و به‌رنامه‌ و ئه‌ركى حكوومه‌ت خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانه‌. ئه‌وه‌ به‌رنامه‌ى حكوومه‌ته‌ و سه‌لماندوویه‌تى ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت هه‌بێت، خزمه‌تى خه‌ڵك و وڵات ده‌كات. ده‌یه‌وێت خه‌ون و خۆزگه‌ و ئاواته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان له‌ سه‌قامگیرى، ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانى، بهێنێته‌ دى.

ئێستاش كه‌ به‌ردى بناغه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ داده‌نێین، ده‌مانه‌وێ جددییه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپات بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ باشبوونى دۆخى ئابوورى، حكوومه‌تیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌ى، بۆ بره‌ودان به‌ هه‌موو كه‌رته‌كانى ژیان. ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى پلانه‌كانى له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌ و له‌ كاتێكدا كه‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوو خه‌ڵكى كوردستان ڕوو له‌ سندۆقه‌كانى ده‌نگدان ده‌كات، ده‌مه‌وێ هه‌موو كوردستانییان هان بده‌م و داوایان لێ بكه‌م، به‌ شێوازێكى شارستانیى هێمن، به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى ده‌نگداندا بكه‌ن و نوێنه‌ره‌كانیان بۆ چوار ساڵى داهاتوو له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێرن. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بۆ ئێستا و ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان گرنگه. با هه‌موومان ده‌نگمان بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانى و پێشخستنى كوردستان بێت.

هیوادارین قۆناغى داهاتوو، قۆناغێكى باشترى خزمه‌تكردنى خه‌ڵك و سه‌قامگیرى و ئابوورییه‌كى باشتر و ژیانێكى خۆشگوزارانتر بێت. دڵنیاین ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان به‌سه‌ر چوون و سبه‌ى له‌ ئه‌مڕۆ باشتر ده‌بێت به‌ هاوكاری و هیممه‌تی هه‌موولایه‌كتان.

له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێ به‌ تایبه‌تى جارێكی دیكه‌ پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز خالد خۆشناو، خاوه‌نى (هێمن گرووپ) و ته‌واوى هاوكاران و ستافه‌كه‌ى بكه‌م بۆ ئه‌و هه‌موو كاره‌ جوانانه‌ى پێشتر به‌ قه‌رزى درێژخایه‌ن و له‌سه‌ر بڕوا و متمانه‌ى خۆى به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر و له‌ زۆر شوێنى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌نجامى داون.

به‌ڕێزیان نموونه‌ى مرۆڤێكى دڵسۆز و كوردستانپه‌روه‌رێكى دیارن. هیوادارم له‌ كوردستاندا نموونه‌یان زۆر بێت و هه‌میشه‌ هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازم. به‌ ڕاستى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستیمان به‌ كه‌سانى وه‌ك به‌ڕێزیانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ چاویان له‌ خزمه‌تكردن و به‌شداریكردنه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و پێشخستنى وڵات. ئه‌وان به‌و كار و دڵسۆزییه‌ى خۆیان، بۆ هه‌میشه‌ شوێنپه‌نجه‌ى باشیان به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دیار ده‌بێت و یادیان هه‌میشه‌ به‌ خێر له‌ كوردستان ده‌مینێته‌وه‌.

سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌م پرۆژه‌یه‌دا هه‌وڵیانداوه‌ كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، سوپاسی خاتوو نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ویش لێره‌ ته‌شریفی هێناوه‌ كه‌ زۆر هه‌وڵیدا ئه‌م پرۆژه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت و وه‌زاره‌تی داراییش كه‌ هه‌رچه‌ند پرۆژه‌كه‌ قه‌رزه‌، به‌ڵام ورده‌ ورده‌ كاره‌كانیا بۆیان جێبه‌جێ بكات و پاره‌كه‌یان بداته‌وه‌.

سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و هیوادارم ئێمه‌ شاهێدی پرۆژه‌ی زیاتر بین له‌ كوردستاندا له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین، هیوای ته‌مه‌ندرێژی بۆ خالید خۆشناو ده‌خوازم و نموونه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاد بێت.

هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن سه‌رچاوان..
زۆر سوپاس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.