ڕۆژی دووشەممە، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ناوفۆمی هاچیمۆتۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، بەڕێز هاچیمۆتۆ، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا کە لە دەسپێکی کارەکانیدا وەک باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق، هاتۆتە کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە.
باڵیۆزی ژاپۆن لەعێراق، ڕۆڵی کوردستانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا بە کاریگەر و بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند کە، کوردستان ناوەندێکی گرینگی ئاشتی و ئارامییە لە ناوچەکەدا و ژاپۆن حەز دەکات لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان پەرە پێ بدات، بەتایبەتیی لەبواری ئابوورییدا و، ئەو ئاشتی و ئارامییە هاندرێکی بەهێزە بۆ وەبەرهێنان و ئێمەیش کاری زیاتری بۆ دەکەین.
باڵیۆزی نوێی ژاپۆن هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە گرینگییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کوردستان و هەوڵمان داوە پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ بکەین و ئێستایش لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و بەنداو لە کوردستان هاوکاریی کوردستان دەکەین و هەوڵ دەدەین لەبواری کشتتوکاڵیشدا پڕۆژەمان هەبێت.
لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی ژاپۆن خواست و ڕاشیگەیاند کە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانتان ئامادەی هەموو هاوکارییەکین. سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆیشی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ژاپۆن نیشان دا.
هەر لە دیدارەکەدا لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، بیروڕا ئاڵۆگۆڕ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.