Erbil 10°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 15:05

سه‌رۆک بارزانى بۆ جه‌ماوه‌ری پارتى له‌سلێمانى هاتووین له‌ئێوه‌وه‌ فێری خۆڕاگری ببین

له‌بانگه‌شه‌ى لیستى 183 پارتى دیموكراتى كوردستان
کوردستان TV
100%

 

پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23 ى ئه‌یلولی 2018 ، به‌ئاماده‌بوونى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى  ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ى سه‌رخستنى لیستى  183 پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سنوری پارێزگای سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو 

له‌وبانگه‌شه‌یه‌دا  سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى ڕایگه‌یاند به‌ سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ 30ی ئه‌یلوول، چاكسازی و گۆڕانكارییه‌كی ته‌واو ده‌ستپێده‌كات.

هه‌روه‌ها گووتی: "زۆر كه‌س خۆیان ئاماده‌كردبوو كۆتایی پارتی ببینن، به‌ڵام به‌ هیمه‌تی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ر و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی پارتی وایانكرد، پارتی ببێته‌ حزبی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی عێراق".

ئێستا هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ پارتی واتای چی، پارتی ته‌مسیلی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا باشتر بكرێت و چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بكرێت، پێمان خۆشه‌ و هه‌میشه‌ش داوامانكردووه‌ به‌ ئاشتی و رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانمان بكه‌ن، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌ستبه‌رداری ئامانجه‌كانمان ببین".

هه‌وه‌رها گووتی: "هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوول گرنگه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین، كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ستمان بێت بۆ خزمه‌تی ئێوه‌ درێغی نه‌كه‌ین، سوپاس و پێزانینی خۆم و هه‌موو هه‌ڤاڵان له‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی بۆ پارتییه‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، چونكه‌ زۆرچاك ئاگكاداری موعاناتی ئێوه‌ین، هه‌ر له‌ زه‌مانی زه‌عیم سدیقه‌ تا ئه‌مڕۆ، تیرۆر و تۆقاندن و بێبه‌شكردن، به‌شی ئێوه‌ بووه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌، به‌ڵام خۆڕاگر بوون و هاتووین له‌ ئێوه‌ فێره‌ خۆڕاگری ببین".

سه‌رۆك بارزانی گووتی: "خۆڕاگری ئێوه‌ جێگه‌ی شانازییه‌ و شانازیتان پێوه‌ده‌كه‌ین، ده‌بی كۆتایی به‌م وه‌زعه‌ ناله‌باره‌ بێت، كوردستان بۆ هه‌موو كوردستانییانه‌، ده‌بێت قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شوێنێك كۆتایی پێ بێت و روونیشه‌ له‌ كوێ قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تێكی یاسایی دابمه‌زرێت و هه‌مووان به‌شدار بن، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ قه‌بوڵ بكرێت ته‌عدا‌ له‌ پارتی و مه‌قه‌ڕاتی پارتی و خه‌ڵكی بێ ده‌سه‌ڵات بكرێت له‌م ده‌ڤه‌ره‌".

هه‌روه‌ها گووتی: "ده‌بێت له‌به‌رچاوی ئه‌و هه‌ڤاڵ و چاودێرانه‌ی بۆ سه‌ر سندووقه‌كان ده‌ستنیشان كراوه باسی ئه‌و خاڵه‌ گرنگه‌ بكه‌ین‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، له‌ كاتێكی موعه‌ین سندووقه‌كانییان جێهیشتووه‌، ئه‌مجاره‌ خۆڕاگربن و سندووقه‌كان جێنه‌هێڵن و رێگه‌نه‌ده‌ن فێڵتان لێ بكرێت، مه‌حاڵیشه‌ قه‌بووڵ بكرێت په‌نجه‌ بۆ یه‌ك چاودێریش درێژ بكرێت و ته‌هدید بكرێت".

سه‌رۆك بارزانی گووتی: "باسی ناوماڵی كوردی و یه‌كڕیزی زۆر ده‌كرێت، به‌ڵێ وابزانم هه‌مووان شایه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ده‌ن هه‌وڵمان داوه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت هه‌موولایه‌ك هاوكار بن، به‌ڵام ئێمه‌ ئامانج و ستراتیژی و ئه‌جێندای خۆمان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌و رێباز و ئامانجه‌بن، زه‌حمه‌ته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیان یه‌كڕیز بین".

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "ئێمه‌ خاوه‌ن قه‌زیه‌یه‌كی ره‌واین، ئێوه‌ش سه‌لماندووتانه‌ له‌ پێناو ئه‌و قه‌زیه‌ ره‌وایه‌دا ئه‌زیزترین كه‌سانی ئێمه‌ و ئێوه‌ پێشكه‌شكراوه‌، ئه‌و قه‌زیه‌یه‌ش نیشتمانه‌ و كوردستانه‌، به‌ پێویستیشی نازانم و ئێوه‌ زۆر له‌وه‌ ئاگادارتر و دڵسۆزترن من بێم لێره‌ داواتان لێبكه‌م ده‌نگ به‌ لیستی 183 بده‌ن".

هه‌روه‌ها گووتی: "ئێوه‌ خۆشه‌ویستی ئێمه‌ن، زۆر چاك له‌ موعاناتی ئێوه‌ تێده‌گه‌ین، به‌ڵام دوای 30ی ئه‌یلوول كۆتایی به‌و موعاناته‌ دێت، له‌ كۆتاییدا نامه‌وێت ئێوه‌ له‌به‌ر ئه‌و گه‌رمایه‌ زۆر رابگرم، سڵاوی گه‌رم بۆ ئێوه‌، بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان و كه‌سوكاری شه‌هیدان، سڵاو بۆ خۆڕاگری ئێوه‌ی قاره‌مان".

داوای سه‌ركه‌وتنیش بۆ كاندیده‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتوو بن و ئنشائه‌ڵڵا نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئێوه‌ ده‌بن و به‌رگری ته‌واو له‌ مافه‌كانی ئێوه‌ ده‌كه‌ن.. دووباره‌ سوپاس بۆ خۆڕاگریتان و هه‌ر سه‌ربه‌رز و سه‌رفراز بن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.