Erbil 8°C شەممە 18 کانوونی دووەم 21:59

سه‌رۆک بارزانی : خه‌ڵکی هه‌ولێر هه‌میشه‌ میواندارێکی ڕووخۆش بوونه‌

له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌كانی شاری هه‌ولێر كۆبۆوه‌
کوردستان TV
#7
100%

سه‌رۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی و ڕه‌وشتی به‌رزی به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی لێقه‌وماو و میواندۆستیی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێری كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ ئێوه‌ سه‌لماندووتانه‌ نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر و خاوه‌ن ڕه‌وشتێكی به‌رزن و به‌و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌تانه‌وه‌ نه‌تانهێشت ئاسایشی شاره‌كه‌تان تێكبچێت و به‌وه‌یش خزمه‌تێكی گه‌وره‌تان به‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی كوردستان كرد.

ئه‌و وتانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ دیدارێكدا هات كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٩ـی ئه‌یلوولـی٢٠١٨ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و پیاماقوڵان و نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان و چین و توێژه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی جوامێرانه‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر كرد له‌ حه‌واندنه‌وه‌ و به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان و میواندۆستییان و نموونه‌ی دیاریشی له‌ كاتی ئه‌نفالی بارزانییه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا كه‌ هه‌میشه‌ میواندارێكی ڕووخۆش بوونه‌ و ڕایگه‌یاند: ئێوه‌ سه‌لماندووتانه‌ نیشتیمانپه‌ره‌وه‌ر و خاوه‌ن ڕه‌وشتێكی به‌رزن و ئه‌و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌ له‌ هه‌ولێر پیرۆز بێت.

سه‌رۆك بارزانی ڕاشیگه‌یاند كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای ئێش و ئازار و سه‌ختییه‌كان به‌و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌یانه‌وه‌ سه‌قامگیریی شاره‌كه‌ و ناوچه‌كه‌یان تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاراست و هاوكارێكی گرینگیش بوون بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌موو كوردستان.

ktv

هه‌ر له‌وكۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ كرد و باسی هۆكاره‌كانی بڕیاردانی گه‌لی كوردستان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم و قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و خیانه‌تی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌م خیانه‌ته‌ له‌سه‌ر ته‌واوی كوردستان، كرد و ڕاشیگه‌یاند كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا هه‌موو هه‌وڵێكیان دا خه‌ڵكی عێراق دژی گه‌لی كوردستان هان بده‌ن و جیاوازیی و كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران بكه‌نه‌ كێشه‌ی نێوان كورد و عه‌ره‌ب، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاری ڕابردوو ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ خه‌ڵكی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وان نین و خه‌ڵك باوه‌ڕیان به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی ئه‌وان نه‌كردووه‌ و ئه‌و ده‌موچاوانه‌یان سزا دا كه‌ گه‌لی كوردستانیان ئازار داوه‌.

هه‌روه‌ها له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌رچی ناحه‌زان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆی پشتیوانیی ته‌واوی بۆ ڕیفراندۆم كه‌وتۆته‌ ژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسی و هه‌ڵده‌وه‌رێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ به‌هیممه‌تی كادیران و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان، پارتی توانی ده‌نگی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگه‌ر بكات و ببێته‌ حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی عێراق.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان وبه‌غدا كرد و ڕایگه‌یاند ئێمه‌ به‌رده‌وام باوه‌ڕمان وابووه‌ كه‌ تا له‌گه‌ڵ عێراق بین پێویسته‌ باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت و هه‌میشه‌ ئاشتی و گفتوگۆ بژارده‌ی ئێمه‌ بووه‌، ئێمه‌ شه‌ڕمان نه‌ویستووه‌ و دژی شه‌ڕین، به‌ڵام كه‌ ناچار كرابین ئه‌وه‌ پارتی خۆی به‌خت ده‌كات بۆ پاراستنی خاك و كه‌رامه‌تی گه‌لی كوردستان.

له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان و قاره‌مانێتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و شه‌ڕی به‌رگری له‌ كه‌رامه‌ت و خاكی نیشتیمان و ڕایگه‌یاند ئێمه‌ هه‌موومان قه‌رزاری پێشمه‌رگه‌ین، چونكه‌ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ بوو كه‌ هه‌موو هاوكێشه‌كانی گۆڕی و كوردستانی پاراست.

سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كانی ئێستای نێوان لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ دانوستانی چڕ و تاڕاده‌یه‌ك تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كه‌ لایه‌نی كوردستانیش تێیدا به‌شدار بێت دابمه‌زرێت، ئه‌ویش بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تاكڕۆیی له‌ حوكمڕانی و پێویسته‌ بڕیاره‌ ستراتیژییه‌كان له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌وه‌ ده‌ربچن. ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ده‌بێته‌ گرێنتییه‌ك بۆ پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی عێراق و ڕێگه‌گرتن له‌ بڕیاری تاكڕه‌وانه‌. هه‌روه‌ها ئامژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ ئێمه‌ پێداگری ده‌كه‌ین كه‌ نابێ حوكمی تاكڕه‌وی هه‌بێت و پێویسته‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ر سێ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی دابمه‌زرێت: شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ له‌ بڕیاره‌كان، كه‌ به‌بوونی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاساتی ستراتیژی گرێنتی ده‌كرێت، پابه‌ندبوون به‌ ته‌وافق له‌ ده‌رچوونی یاساكان و ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت له‌نێوان پێكهاته‌كاندا.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستانیشه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند پشتیوان به‌ گه‌له‌كه‌مان، پارتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ وه‌ده‌ست ده‌هێنێت و به‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش حكوومه‌تێكی به‌هێز و تۆكمه‌ دێته‌كایه‌وه‌ كه‌ بتوانێ چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان بكات.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختیی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی به‌ڵێنی بێ كرده‌وه‌ نادات، ئێمه‌ خاوه‌ن ئامانجێكی ستراتیژیین و به‌پێی سیاسه‌تی ڕۆژ هه‌ڵوێست ناگۆڕین و هیچ پاشه‌كشه‌یه‌كیش له‌و ئامانجه‌ ستراتیژییه‌ ناكه‌ین. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش ئامانجی ستراتیژی هه‌بێت ده‌بێ ئاماده‌ بێت گیانی خۆی له‌پێناویدا به‌خت بكات، بۆیه‌ پارتی هه‌میشه‌ له‌پێناو پاراستن و به‌خته‌وه‌ریی گه‌له‌كه‌ماندا خۆی به‌خت ده‌كات.

له‌كۆتاییشدا سه‌رۆك بارزانی دڵنیایی به‌ ئاماده‌بووان و خه‌ڵكی كوردستان به‌خشی و ڕایگه‌یاند: بڕوای ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ گه‌له‌كه‌مان سه‌رده‌كه‌وێت.

سه‌رچاوه‌ / ماڵپه‌ری فه‌رمی مسعود بارزانی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.