Erbil 7°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 23:01

گاسکێت سوودی چییه‌ و نیشانه‌کانی خراپبوونی چیین

بزوێنه‌ر له‌كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی گرنگ پێكهاتووه‌ و هه‌ر یه‌كه‌شیان كاری تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات
کوردستان TV
100%


دیاره‌ بزوێنه‌ر له‌كۆمه‌ڵێك پارچه‌ی گرنگ پێكهاتووه‌ و هه‌ر یه‌كه‌شیان كاری تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كات و پێكه‌وه‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن، به‌ له‌كاركه‌وتن یان كاركردنی ناته‌واوی هه‌ر پارچه‌یه‌كیش، كاری بزوێنه‌ر كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت، یه‌كێك له‌پارچه‌ گرنگه‌كانی بزوێنه‌ریش، گاسكێته‌.
گاسكێت كه‌ پارچه‌یه‌كی میكانیكییه‌ و له‌ناو بازار پێی ده‌وترێت (كاسكێت)، كاری بریتییه‌ له‌پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی نێوان دوو ڕوو، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێگری ده‌كات له‌دروست بوونی لیك و لێچوون یان تێكه‌ڵ كردن له‌نێوان دوو ڕوودا
له‌نێو بزوێنه‌ر و پارچه‌كانی دیكه‌ی ئۆتۆمبێل له‌چه‌ند شوێنێكدا گاسكێت هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگترین و دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان ئینجن بلۆك و سلنده‌ر هێددایه‌ و كاریشی بریتییه‌ له‌: 
1- ڕێگری كردن له‌دزه‌كردنی ئاوی سیستمی ساردكردنه‌وه‌ بۆ ناو سلنده‌ر 
2- به‌هه‌مان شێوه‌ ڕێگریش ده‌كات له‌چوونی ڕۆن بۆ ناو سلنده‌ر. 
ئه‌م دووخاڵه‌ش گرنگترین و پێویسترین كارێكن بۆ سه‌لامه‌تی بزوێنه‌ر و مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، هێد گاسكێت به‌شێوه‌یه‌ك دیزاین كراوه‌ كه‌ به‌رگه‌ی بارودۆخی زۆر سه‌خت ده‌گرێت و توانای به‌رگه‌گرتنی پله‌ی گه‌رمی سه‌روو (200) پله‌ی سیلیزی هه‌یه‌. 
نیشانه‌كانی تێكچوونی گاسكێت.
1- حه‌ماوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت به‌رزده‌بێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ بارودۆخی ئۆڤه‌ر هیتینگه‌وه‌.
2- ئاستی شله‌ی ساردكردنه‌وه‌ داده‌به‌زێت، چونكه‌ به‌شێكی ده‌چێته‌ ناو سلنده‌ره‌كانه‌وه‌.
3- كرداری خستنه‌وه‌ی ئاگری ناو سلنده‌ر به‌سه‌ركه‌وتوویی به‌ئه‌نجام ناگات، چونكه‌ ئاوی تێكه‌ڵ ده‌بێت.
4- هێمای پشكنینی بزوێنه‌ر هه‌ڵ ده‌بێت.
5- ڕۆن له‌گه‌ڵ شله‌ی سارده‌كه‌ره‌وه‌كه‌دا تێكه‌ڵ ده‌بێت.
6- له‌ئێگزۆستی ئوتومبێله‌وه‌ دوكه‌ڵی سپی دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ئه‌گه‌ری تێكچوون یان خراپ بوونی گاسكێت، تاكه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بگۆڕدرێت، له‌كاتی گۆڕینیشیدا هه‌وڵ بده‌ گاسكێتێكی كوالێتی باش دابنێیت تا كێشه‌ی دیكه‌ت لێ دوور بخاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ - Traffic Fm Sulaimaniyah
شوان عه‌زیز

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.