Erbil 6°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 08:26

له‌ یادی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند  (یه‌ڵماز گۆنای) دا

ته‌مه‌نێكی كورت و به‌خششێكی زۆر
کوردستان TV
100%

قسه‌كردن و یادكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندێكی سینه‌مایی كوردی وه‌ك (یه‌ڵماز گۆنای) كارێكی گه‌لێك قوورسه‌ و پێویستی به‌وچانێكی زۆر هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌زنه‌ مرۆڤه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی یه‌كجار كوورت و به‌رته‌سكدا توانی به‌رهه‌مێكی یه‌كجار زۆر پێشكه‌ش بكات و ناوی خۆی له‌ دنیای هونه‌ری سینه‌مادا به‌رز و پیرۆز ڕابگرێ،

دیاره‌ ئه‌و كاره‌ش هه‌وڵو ماندوو بوونێكی فره‌ی ده‌وێ و ئه‌شق و خۆشه‌ویستیه‌كی زۆریشی گه‌ره‌كه‌، به‌ڵێ ئه‌مڕۆ 34 ساڵی ته‌واو به‌سه‌ر كۆچی دوایی ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر و ئه‌كته‌ری سینه‌مایی كورد و جیهان (یه‌ڵماز گۆنای) تێپه‌ڕ ده‌بێت ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ هونه‌رییه‌ به‌رزه‌ی كه‌ به‌هۆی كاره‌ جوان و دانسقه‌كانیه‌وه‌ خۆی به‌ هه‌موو دنیا ناساند و له‌ ماوه‌ی 47 ساڵ ته‌مه‌ن توانی چه‌ندین فیلمی پڕ به‌ها به‌رهه‌م بێنێ كه‌ دیارترینیان فیلمی (ڕێگا – yol ) بوو، كه‌م كه‌س هه‌یه‌ به‌و فیلمه‌ ئاشنا نه‌بووبێ، ئه‌وه‌ی زۆر به‌رچاویشه‌ گونای له‌ پاڵ كاركردن له‌ هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی بۆ سیاسه‌تیش ده‌برد، بۆیه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی ژیانی له‌ گرتووخانه‌كان بوو تا ڕۆژێكیان وه‌ك یاخیه‌ك له‌ گرتووخانه‌ ڕایكرد و چووه‌ مه‌نفا و هه‌ر له‌وێژدا كۆتایی به‌ ژیانی هات و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌.
ئه‌و كاره‌ش زۆر ئه‌سته‌مه‌ بۆ كه‌سێك به‌ده‌ستێك مه‌شخه‌ڵی هونه‌ر به‌رز ڕبگرێ و به‌ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌شی سیاسه‌ت و كاری ڕوو به‌ ڕوو بوونه‌وه‌ بكات و بۆ ساتێكیش له‌سه‌ر گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ كۆڵ نه‌دات، ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین یه‌ڵماز گۆنای له‌ ساڵی 1937 له‌ گوندی (ئینجه‌) ی سه‌ر به‌ ئه‌ده‌نه‌ له‌ دایك بوه‌ و هه‌ر له‌ ساڵی 1957 تێكه‌ڵ به‌ دنیای سینه‌ما و كاری فیلمسازی بوه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك حه‌ز و ئاره‌زوو و خولیایه‌كی شێتانه‌ له‌گه‌ڵیدا ژیاوه‌ هه‌ر له‌و ڕێگایه‌وه‌ش پتر له‌ 17 خه‌ڵاتی گرانبه‌های پێ به‌خشراوه‌، ئه‌و سینه‌ماكاره‌ به‌ناوبانگه‌ ته‌مه‌نێكی یه‌كجار كوورتی هه‌بوه‌، چونكه‌ ته‌نیا 47 ساڵ ژیاوه‌ و له‌ 9ی ئه‌یلوولی ساڵی 1984 به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ كۆتایی به‌ ژیانی هاتوه‌ و بۆ دوا جار كۆچی دوایی كردوه‌ و ته‌رمه‌كه‌شی له‌ نێو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ریدا له‌ گۆڕستانی (بیرلاشیز) ی پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا به‌ خاك سپێردراوه‌.

ن/محه‌مه‌د سه‌عید كورده‌

كوردستان تیڤی/ كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.