له ڕاگه‌ێندراوێكدا كه وێنه‌یه‌یكی بۆ ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان نێردراوه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به توندی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) ده‌كات.
له ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌خۆشی له كه‌س و كاری شه‌هیدان ده‌كات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازێت و ده‌شلێت: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان جێبه‌جێ ده‌كات و تیمه‌كانی فریاگوزاریمان ڕاسپاردووه به هه‌موو توانایه‌كی خۆیانه‌وه فریای زیانلێكه‌وتووان و خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه بكه‌ون.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قه‌ی ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌یه:
ڕاگه‌یه‌نراوێك له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه:
"پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ۸/۹/۲٠۱۸ باره‌گاكانی حیزبی دێموكراتی ئێران (حدكا) و حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدك) له قه‌زای كۆیه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه بۆمباران كران كه له ئه‌نجامدا چه‌ند كه‌سێك گیانیان له ده‌ست دا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش بریندار بوون.
وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و بۆمبارانه، دووپاتی ناڕه‌زایه‌تیی خۆمان له به‌كارهێنانی خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ ده‌كه‌ینه‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه و ده‌بێته هۆی تێكدانی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه داواكارین دووباره نه‌بێته‌وه، ڕێز له یاساكانی هه‌رێمی كوردستان بگیریت و هه‌رێم نه‌كرێته گۆڕه‌پانیی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان.
پرسه و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانییان ده‌كه‌ین و هیوای زووچاكبوونه بۆ بریندارن ده‌خوازین، هه‌موو لایه‌كیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆی بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوان جێبه‌جێ ده‌كات و تیمه‌كانی فریاگوزاریمان ڕاسپاردووه به هه‌موو توانایه‌كی خۆیانه‌وه فریای زیانلێكه‌وتووان و خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه بكه‌ون".
سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
۸ی ئه‌یلولی ۲٠۱۸
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.