Erbil 8°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 06:30

نەتەوە یەکگرتووەکان قەبارەی ھاوکارییەکانی بۆ عێراق کەم کردووەتەوە

ئێستا پارە بۆ یەمەن و باشووری ئەفریقیا زیاتر خەرج دەكات
کوردستان TV
100%

سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ماوەیەكە ھاوكاریی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق كەمی كردووە و دەڵێت، ئێستا پارە بۆ یەمەن و باشووری ئەفریقیا زیاتر خەرج دەكرێت.

لە كاتی ھێرشی داعش بۆ سەر عێراق، ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، بەپەلە ھاوكارییان گەیاندە عێراق بۆ خەڵكی لێقەوماو، بە تایبەتی ئەوانەی لەنێو كەمپەكاندا دەژین.

ئەكرەم جەمو، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان ڕایگەیاند" دوای پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق، ھاوكاریی ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر كەمی كردووە بۆ ئاوارەكانی عێراق و ناوچە ئازادكراوەكانی دەست گرووپی تیرۆریستیی داعش، ئەویش بۆ پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەگەڕێتەوە كە ئەوان پلانی خۆیان ھەیە و بە بۆچوونی من بابەتی نوێ پەیدا بوونە لە وڵاتانی دیكەی جیھان، لەبەر ئەوەش نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر رووی ھاوكارییەكانی كردووەتە ئەو ناوچانەی جیھان كە لە عێراق زیاتر پێویستیان بە هاوكارییە".

سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتیشی" ئەو پارەیەی پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ھاوكاریی عێراقی تەرخان كردبوو، كەمی كردووە و زیاتر بۆ ناوچەكانی باشووری ئەفریقیا و یەمەن و ھەندێ ناوچەی دیكە تەرخان دەكرێت، لە كوێیش زیانی زۆرتر ھەبێت، خەرجی لەوێ دەكرێت".

لە سەرەتای ھێرشی داعش بۆ سەر شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق، نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و، بەشێك خەرجییەكانی ئاوارەكان كەوتە سەر حكوومەت و خەڵكی كوردستان وەك ئەركێكی مرۆڤی، ئەكرەم جەمو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد" حكوومەتەكان ھاوكاریی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، وەك سەرەتای ھێرشی داعش نییە كە پارەیەكی زۆر بۆ خزمەتی ئاوارەكان و خەڵكی عێراق خەرج دەكرا، چونكە ئەوكات داعش مەترسی بۆ سەر جیھان ھەمووی دروست كردبوو، ھەتا ھەڕەشەی لە ئەورووپا و وڵاتانی دیكەی جیھان دەكرد، ئەوانیش بۆ نەھێشتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش، ھاوكاریی عێراقیان دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو ھاوكارییە سنووردارە".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.