کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئاشکرای دەکات، لەکۆی زیاتر لە (177) هەزار کەس کە فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردەوەتەوە، تەنها (42) هەزار کەس بە گرێبەست بۆ رۆژی هەڵبژاردن دادەمەزرێنن و ئاماژەی بەوەشدا لەمڕۆدا لەگەڵ نوێنەری قەوارە سیاسیەکان پڕۆسەی تیروپشك دەستپێدەکات.
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە رێگەی سایتی فەرمی کۆمیسیۆنەوە (177) هەزار و (686) کەس فۆرمیان بۆ دامەزراندنیان وەک فەرمانبەری گرێبەست پڕکردوەتەوە، بۆ پارێزگای هەولێر (54) هەزار و (663) کەس و بۆ پارێزگای سلێمانی (75) هەزار و (132) کەس و لە سنوری پارێزگای دهۆک (41) هەزار و (495) کەس و لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەش (6) هەزار و (396) کەس فۆڕمیان پڕکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد؛ ژمارەیەک لەو کەسانە دوای وادەی دیاری کراو کە سەعات (4)ی رۆژی هەینی رابردو بوە فۆرمیان پڕکردوەتەوە و هەندێکی دیکە چەند جارێک فۆڕمیان پڕکردوەتەوە و هەندێ کەسیش بەناوی جیاواز و ژمارەی فۆرمی جیاواز و تەمەنی جیاواز و کۆدی جیاوازی دەنگدەر و و بنکەی دەنگدانەوە فۆڕمیان پڕکردوەتەوە و سەرجەم ئەوانەی کە هەڵە لە فۆرمەکانیان هەبوە ناوەکانیان سڕاوەتەوە کە ژمارەیان (75) هەزار و (791) کەسە.
بڕیاردەری کۆمیسیۆن ئاشکرای کرد؛ دوای سڕینەوەی ئەو ناوانەی کە کیشەیان هەبوە (101) هەزار و (895) کەس ماونەتەوە کە دابەش بون بەسەر چوار پارێزگاکەدا بەمشێوەیە: بۆ هەولێر (30) هەزار و (633) کەس و لە سلێمانی (44) هەزار و (355) کەس و لە دهۆک (22) هەزار و (794) کەس و لە هەڵەبجە (4) هەزار و (113) کەس.
خورماڵی ئاشکرای کرد؛ بۆ رۆژی دەنگدان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم پێویستیان بە (42) هەزار و (172) فەرمانبەری گرێبەست هەیە کە (15) هەزار و (305) کەسیان بۆ هەولێر و (16) هەزار و (280) کەس بۆ سلێمانی و (9) هەزار و (615) کەس بۆ دهۆک و (970) کەس بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
بڕیاردەری کۆمیسیۆن رایگەیاند: تیروپشکی دیاری کردنی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن بە ئامادەبونی نوێنەرانی قەوارە سیاسییەکان ئەنجامدەدرێت و ئەنجامەکانی بڵاودەکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.