Erbil 7°C شەممە 21 کانونی یەکەم 19:53

پارتی و کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سێ پرس له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌

ھیچ لایه‌نێك داوای دواخستنی ھه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلوولی نه‌كردووه‌
کوردستان TV
100%

به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی، و ئه‌ندامێتی ھه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ھۆشیار زێباری، ئازاد به‌رواری، مه‌حمود محه‌مه‌د و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ عه‌لی حوسێن سه‌ردانی باره‌گای ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ شاری ھه‌ولێریان كرد و له‌ لایه‌ن ھه‌ریه‌ك له‌ عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵ و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی عه‌بدولستار مه‌جید و دلێر گه‌رمیانی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵ، سه‌لیم كۆیی پێشوازیكران.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی سیاسی ھه‌رێمی كوردستان و عێراق و پێشھاته‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكھێنانی حكوومه‌تی عێراق و ھه‌ڵبژاردنه‌كانی ٣٠ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی كوردستان تاوتوێكران.

دواتر كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ مه‌حمود محه‌مه‌د ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، و عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی سازكرا.

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند : گفتوگۆكان سه‌باره‌ت به‌ پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بوو له‌گه‌ڵ شاندی پارتی، ھه‌روه‌ھا باسی ھه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی كوردستانیش بوو، ھاوكات باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان پارتی و كۆمه‌ڵ كرا.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌حمود محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رایگه‌یاند : سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ لای كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ باسكردنی سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی بوو، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی پارتی و كۆمه‌ڵ، ھه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلوول، پێكھێنانی حكوومه‌تی فیدڕاڵ. په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان گفتوگۆ كرا و بناغه‌یه‌كی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندیییه‌كان بكه‌ین و ھاتوچۆ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌ و ھۆكاره‌كانی ئه‌و ھه‌وارز و نشێوییانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌ لێی بكۆڵینه‌وه‌.

مه‌حمود محه‌مه‌د گوتی: كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێی باشه‌ كه‌ ھه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت، ئێمه‌ش پێمان باشه‌ كه‌ پشتیوانییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ حكوومه‌تی داھاتوو دروست بكه‌ین له‌ رێگه‌ی ھه‌ڵبژاردن و پێكھێنانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان.

مه‌حمود محه‌مه‌د له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا روونیكرده‌وه‌ "ئێمه‌ و برایانمان له‌ یه‌كێتی پڕۆژه‌یه‌كی ھاوبه‌ش و لێژنه‌یه‌كی ھاوبه‌شمان ھه‌بوو، له‌گه‌ڵ نووسینه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ پێمان باش بوو ئێمه‌ و یه‌كێتی به‌ته‌نھا نه‌بین، ئه‌و چوار لایه‌نانه‌ی دیكه‌ش بێنه‌ نێو پڕۆژه‌كه‌، پێمان باش بوو پڕۆژه‌ی ھه‌ردوولا تێكه‌ڵ بكه‌ین و یه‌ك كوتله‌ی ھاوبه‌شمان ھه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌ و ركابه‌رایه‌تییانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌ تیادا پێكه‌وه‌بین و یه‌كڕیزی نێوماڵی كوردی له‌وێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌.

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی گوت : به‌گشتی دانیشتنێكی باشمان كرد و سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكه‌ین به‌ھه‌ندێك ئیشوكار كه‌ ده‌بوو پێشتر بمانكردبا و ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بین ده‌توانین پێكه‌وه‌ پێویستییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان دابین بكه‌ین.

مه‌حمود محه‌مه‌د گوتیشی: ھیچ لایه‌نێك داوای دواخستنی ھه‌ڵبژاردنی ٣٠ی ئه‌یلوولی نه‌كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و داواكارییه‌ له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت به‌پێی یاسا، به‌ڵام ھیچ لایه‌نێك نایه‌وێت له‌ ترسی ده‌نگی خه‌ڵك بڵێت، نایانه‌وێت ھه‌ڵبژاردن دوابخرێت، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت مه‌سه‌له‌كه‌ بخه‌نه‌ نێو سوشیاڵ میدیا و راگه‌یاندن و ئه‌مه‌ش رێی راسته‌قینه‌ نییه‌.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.