Erbil 20°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 13:12

راگه‌یاندراوی کۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان

به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی
کوردستان TV
100%


به‌سه‌رپه‌رشتی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی، رۆژی پێنج شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 30ی 8ی 2018، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا و، چه‌ند بابه‌تێكی گرینگ و هه‌نوكه‌یی خسته‌ به‌ر باس و گفتوگۆكردن.

یه‌كه‌م/ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان: به‌گوێره‌ی یاسای به‌ركار له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌بوایه‌ له‌ به‌هاری رابردوو هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرابایه‌، به‌ڵام ئه‌وكات له‌سه‌ر داوای چه‌ند لایه‌نێك، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارتی كاته‌كه‌ی به‌ گونجاو ده‌زانی، له‌ پێناو یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوخۆی كوردستان، ته‌مه‌نی خولی چواره‌می په‌رله‌مان درێژكرایه‌وه‌ بۆ دوو ده‌وره‌ی ته‌شریعی، كه‌ له‌ خیلالی ئه‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ یاسا پێیداوه‌، رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات. بۆیه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دوای راوێژكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و وه‌رگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئه‌یلولی 2018ی دیاریكرد و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی پێویستیش بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆن و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ كراون، ئێستا زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌باره‌ و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌كنیكی بۆ دواخستن و ئه‌نجامنه‌دانی  له‌ ئارادانییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان جیاله‌وه‌ی كه‌ سورین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ ئاماده‌كاری پێویست ئه‌نجامبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌ پێناو ره‌واندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ و ناره‌زایه‌تیه‌كان و دامه‌زراندنی كابینه‌یه‌كی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمه‌ڵاتی.

دووه‌م/ پێكهێنانی حكومه‌تی فیدراڵی: دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌رچوونی بڕیار و یاساكانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دادگای فیدراڵی و په‌سه‌ندكردنی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداربووه‌كانی پر‌وسه‌كه‌، كه‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆ بۆ خۆشكردنی زه‌مینه‌ی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌، ئێمه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی باوه‌ڕ و بڕیاره‌كانی كه‌ له‌و باره‌وه‌ هه‌مانه‌، پرۆگرامی چۆنیه‌تی گفتوگۆكردنمان داڕشت و بانگهێشتی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانمان كرد بۆ یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌یی له‌ به‌غدا، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌وتینه‌ گفتوگۆ و، رێككه‌وتین كه‌ هه‌ردوولامان پێكه‌وه‌ و به‌ پرۆژه‌یه‌كی هابه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراقی گفتوگۆ و دانوستان بكه‌ین و هاوكات ده‌رگاشمان به‌كراوه‌یی هێشتۆته‌وه‌ بۆ به‌شداری ته‌واوی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان. پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوانمان له‌سه‌ر پرنسیپه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی شه‌راكه‌ت و ته‌وافق و ته‌وازن دارێژراوه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی، له‌ به‌غدا و له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ هه‌ردوو نه‌واتی كوتله‌كانی كه‌ خه‌ریكه‌ دروستده‌بن، گفتوگۆی به‌رهه‌مداری كردوه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامه‌، هه‌وڵ و كۆششمان له‌ پێناو پاراستن و دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و چاككردنی باروگوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵكی كوردستان و زیاتر بوژانه‌وه‌ و باشتركردنی باری ئابووری و خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ هه‌موو رویه‌كه‌وه‌.

سێیه‌م/ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا ده‌هاوێژرێن بۆ ئاشته‌وایی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستانی، كۆبوونه‌وه‌ پاڵپشتییان ده‌كات وه‌كو زه‌روره‌تێك بۆ به‌رگه‌گرتن و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌ نێوخۆییه‌كان و ته‌حه‌ددیاته‌ ده‌ره‌كیه‌كان كه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان هه‌ن.


ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
پارتی دیموكراتی كوردستان
30/8/2018

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.