Erbil 14°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 19:15

له‌ جه‌ژنی قورباندا پرۆسه‌ی قوربانیدان ده‌بێت چۆن بێت؟ یاساکانی چین؟

٧ كه‌س ده‌توانێت به‌شداری مانگا و حوشتر بێت
کوردستان TV
100%

له‌ جه‌ژنی قوربان دا زۆرێك له‌ موسڵمانان قوربانی ده‌كه‌ن به‌ چاكمان زانی لێره‌دا هه‌ندێ رێنمایی له‌سه‌ر ئه‌م قوربانیكردنه‌ باس بكه‌ین.

حوكمی قوربانیدان له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی سوننه‌ته‌ و له‌ مه‌زهه‌بی ئیمامی حه‌نه‌فی-دا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ واجبه‌ كه‌ توانای داراییان هه‌یه‌. له‌ مه‌زهه‌بی شافعی كه‌سێك توانای دارایی هه‌بێت و  قوربانی نه‌دات گوناهكار نابێت. به‌ڵام له‌ مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گوناهكار ده‌بێت. ئه‌مه‌ش جیاوازیی نێوان سوننه‌ت و واجبه‌.

له‌سه‌ر قوربانیدان چه‌ند ده‌لیلێكمان هه‌یه‌؛ بۆ نموونه‌ خودای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا ده‌فه‌رموێت:   

(إنا أعطیناك الكوثر فصل لربك وانحر إن شانئك هو الأبتر)

به‌شی (فصل ربك وانحر) خۆی له‌خۆیدا ده‌لیلێكه‌ بۆ قوربانیدان. له‌ ئایه‌ته‌كه‌دا ده‌ڵێت كه‌وا سه‌ره‌تا نوێژه‌كه‌ت بكه‌ و دواتر قوربانی بده‌.

قوربانیدان ئه‌جرێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. خێر و پاداشتی گه‌لێك زۆره‌. پێغه‌مبه‌رمان دروودی خوای له‌سه‌ر بێت ده‌ڵێت، “مرۆڤ هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ به‌قه‌د قوربانیدان ئه‌جر و پاداشتی هه‌بێت”. له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت له‌باتی ئه‌وه‌ی مه‌ڕێكی ٣٠٠ هه‌زار دیناری بكڕم، ده‌توانم به‌ بڕی ٢ ملیۆن دینار گۆشت بكڕم و وه‌كو خێر دابه‌شی بكه‌م. به‌ڵام گه‌ر بێتوو به‌راوردێك بكه‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌ڕه‌ ٣٠٠ هه‌زار دینارییه‌كه‌ ئه‌جر و پاداشتی زیاتره‌، چونكه‌ قوربانیدان خۆی له‌خۆیدا خێرێكه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت قوربانی بده‌ن، سوننه‌ته‌ له‌ ١ی زولحیجه‌وه‌ نینۆكه‌كانیان نه‌بڕن و موویان نه‌تراشن. هاوكات سوننه‌تێكی دیكه‌یه‌ گه‌ر بێتوو خاوه‌نه‌كه‌ قوربانییه‌كه‌ سه‌ر ببڕێت

كام ئاژه‌ڵ بۆ قوربانیدان ده‌شێت؟ پێویسته‌ چ جۆره‌ خاسییه‌تێكی هه‌بێت؟

٤ ئاژه‌ڵ بۆ قوربانیدان ده‌شێت. ئه‌وانیش پێكهاتووه‌ له‌؛ حوشتر، مانگا یاخود گامێش یاخود بێچووه‌كه‌ی، مه‌ڕ و بزن. سه‌ربرینی ئه‌وانه‌ش چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه‌. یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ ته‌مه‌نه‌. پێویسته‌ حوشتر له‌ ته‌مه‌نی ٦ ساڵ بێت. هاوكات بزن و مانگا ده‌بێت ته‌مه‌نیان ٣ ساڵ بێت و مه‌ڕیش ٢ ساڵ. هه‌ندێك جار چه‌ند ددانێكی ده‌كه‌وێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا له‌لایه‌ زانایانه‌وه‌ رێیپێده‌درێت.

چه‌ند كه‌س ده‌توانێت له‌ ئاژه‌ڵێكی قوربانی به‌شداربێت؟

٧ كه‌س ده‌توانێت به‌شداری مانگا و حوشتر بێت. ئه‌مه‌ش له‌نێوان ١بۆ ٧ كه‌س ده‌بردڕێت. هاوكات زیاتر له‌ ٧ كه‌س نابێت. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ته‌نها كه‌سێك ده‌توانێت به‌شداری له‌ قوربانیدانی بزن و مه‌ڕ ببێت.

رێكاری قوربانیدان چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ته‌ندرووستی ئاژه‌ڵه‌كه‌ هه‌یه‌؟

نابێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ كه‌موكورتیی و كه‌مئه‌ندامیی هه‌بێت. پێویسته‌ ته‌ندرووست بێت و هیچ نه‌خۆشییه‌كی نه‌بێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ لاوازبوون و كاریگه‌ری له‌ گۆشته‌كه‌ی.

 

كاتێك مرۆڤ دیاریه‌ك ده‌كرێت، به‌ وردییه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێت و گرنگی پێده‌دات. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتروانێت دیارییه‌كی چوان پێشكه‌ش بكات. كاتێك تۆ ئاژه‌ڵێك به‌قوربانی ده‌ده‌یت، پیشكه‌شی خودای گه‌وره‌ ده‌كه‌یت، له‌راستیدا خودای گه‌وره‌ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ به‌ڵام كاتێك تۆ چاكه‌ ده‌كه‌یت، واته‌ دیاری پێشكه‌شی خودای گه‌وره‌ ده‌كه‌یت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نابێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ شێت بێت. چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ هۆكارێك بۆ  كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گوشته‌كه‌ و لاوازی ده‌كاته‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا نابێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ كوێر بێت. ته‌نها چاوێكیشی كوێر بێت، بۆ قوربانیدان ناشێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا نابێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ بشه‌لێت.

هه‌ر ئاژه‌ڵێك پارچه‌یه‌ك له‌ زمانی و گوێچكه‌ی و كلكه‌كه‌ی لێكرابێت، بۆ قوربانیدان ناشێت. هاوكات نابێت ددانێكی لێكرابێته‌وه‌ یاخود پارچه‌یه‌ك له‌ گوانی قرتابێت. گه‌ر ئاژه‌ڵێك له‌ زگماكه‌وه‌ گوێچكه‌ی نه‌بێت، ناشێت بكرێته‌ قوربانی. به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كی هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا بۆ قوربانیدان ده‌شێت. له‌هه‌مان كاتدا كوێرییه‌كی كه‌می هه‌بێت و  شه‌له‌ بكات، ئه‌وا بۆ قوربانیدان رێگه‌پێدراوه‌. هاوكات ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌بێته‌ قوربانی كه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی، گوێچكه‌یه‌كی كونكراوه‌.

كه‌ی ده‌توانرێت ئاژه‌ڵه‌كه‌ بكرێته‌ قوربانی؟ ماوه‌كه‌ كه‌ی ده‌ستپێده‌كات و كه‌ی ته‌واو ده‌بێت؟

قوربانیدان دوای ده‌رچوونی خۆر له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قورباندا ده‌ستپێده‌كات. هاوكات دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ نوێژی جه‌ژن، خه‌ڵك هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی قوربانیدان. پێغه‌مبه‌رمان دروودی خوی له‌سه‌ربێت فه‌رموویه‌تی، “به‌جێگه‌یاندنی پرۆسه‌ی قوربانیدان به‌ر له‌ ده‌رچوونی خۆر رێگه‌پێدراو نییه‌ و ئاژه‌ڵه‌كه‌ به‌ قوربانیدان هه‌ژمار ناكرێت”. واته‌ ئه‌مه‌یان عیباده‌ت نییه‌. سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵی قوربانیدان دوای نوێژی جه‌ژن ده‌ستپێده‌كات و له‌ چواره‌م رۆژی جه‌ژن دوای ئاوابوونی خۆر ته‌واوده‌بێت. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ری ئاژه‌ڵه‌كه‌ به‌ر له‌ ئاوابوونی خۆر ببڕێت، دواتر ده‌توانرێت پارچه‌كردنی ئاژه‌ڵه‌كه‌ بكرێت. له‌و چوار رۆژه‌ی جه‌ژندا ده‌توانرێت شه‌و یاخود به‌یانی پرۆسه‌ی قوربانیدان به‌جێ بگه‌یه‌ندرێت، هه‌موو كاتێك ده‌توانیت ئه‌نجامی بده‌یت. له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی قوربانی ده‌دات مه‌رجه‌ نیه‌ت بێنێت.

دابه‌شكردنی گۆشتی قوربانی پێویسته‌ چۆن بێت؟ كێ ده‌توانێت له‌ گۆشته‌كه‌ سوودمه‌ند بێت؟

گه‌ربێتوو قوربانیدانه‌كه‌ نه‌زر نه‌بێت و سوننه‌ت بێت، ئه‌وا خۆی و خێزانه‌كه‌ی و كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌توانن له‌ گۆشته‌كه‌ بخۆن. به‌تایبه‌تی سوننه‌ته‌ جه‌رگی ئاژه‌ڵه‌كه‌ بخۆیت. كه‌سی قوربانیده‌ر ده‌توانێت گۆشتی یه‌ك له‌سه‌ر سێی ئاژه‌ڵه‌كه‌ بۆخۆی هه‌ڵگرێت. هاوكات ده‌وترێت كه‌ ده‌توانێت نیوه‌ی گۆشته‌كه‌ی بۆخۆی هه‌ڵگرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوننه‌ته‌، له‌هه‌مان كاتدا واجبیشه‌ به‌شێكی گۆشتی ئاژه‌ڵه‌كه‌ دابه‌ش بكات

به‌ڵام گه‌ر هاتوو قوربانییه‌كه‌ نه‌زر بوو، به‌پێی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی جائیز نییه‌ نه‌ خۆی و نه‌ خێزانه‌كه‌ی له‌ گۆشته‌كه‌ بخوات. چونكه‌ نه‌زر وه‌كو زه‌كات ماڵی هه‌ژاره‌. گه‌ر كه‌سوكاره‌كه‌ت زه‌كاتیان پێ ناشێت، نابێ ئه‌وانیش له‌ گۆشته‌كه‌ بخۆن. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا نابێت گۆشتی نه‌زر بچێته‌ شارێكی دیكه‌.

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئه‌و قوربانیدانه‌ی بۆ نه‌زر و سوننه‌ت ده‌كرێت، نابێت به‌ ئاینپه‌روه‌رانی دیكه‌ بدرێت

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ گه‌ر كه‌سێك ببێت به‌ وه‌كیلی كه‌سێكی دیكه‌ بۆ نموونه‌؛ له‌كاتی خۆیدا باوكی وه‌سیتی كردبێت كه‌ قوربانی بۆ بكرێت، ئه‌وا نابێت وه‌كیله‌كه‌ له‌ گۆشته‌كه‌ بخوات، به‌ڵام كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌توانێت. هه‌روه‌ها گه‌ر بێتوو خۆی له‌ شارێكی دیكه‌ بێت و وه‌كاله‌تی بدات به‌ برای خۆی، نابێت براكه‌ی و خێزانه‌كه‌ی له‌ گۆشته‌كه‌ بخۆن.

له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ گۆشتی ئاژه‌ڵی قوربانیدان له‌به‌رامبه‌ر نرخ نادرێت. بۆ نموونه‌؛ نابێت پێستی ئاژه‌ڵ یاخود هه‌ر پارچه‌یه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ بده‌یت به‌ قه‌ساب. گه‌ر قوربانییه‌كه‌ نه‌زر بێت، ئه‌وه‌ پێویسته‌ پێسته‌كه‌ی ببه‌خشرێت. هاوكات ده‌توانیت وه‌كو ئه‌جر گۆشت و پێسته‌كه‌ی بده‌یت به‌ قه‌ساب.

سه‌رچاوه‌/ مامۆستا وشیار حه‌یده‌ر

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.