ڕۆژی چوارشەممە 15ـی 8ـی 2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆگڵاس سڵێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ فاگین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پێشهاتە تازەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستراتیژیی وڵاتەكەی لەبارەی دوا وێستگەكانی شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارە و پێكهاتەكانی عێراق و هەروەها گۆڕانكارییە هەرێمایەتییەكان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی كاریگەری سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم دا لە پەنادان و پاراستنی پێكهاتە و ئاوارەكانی عێراق لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی عێراقی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازە و هاوكێشەكانی ناو عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بە لای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە بەرنامەی حكوومەتی ئاییندەی عێراقە و هەروەها پابەندبوونی لایەنەكان بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی لە حوكمداری و تەوافوق لە یاسادانان و هاوسەنگی لە دامەزراوەكان ئەولەویەتی سەرەكییە و جەختی لەوەیش كردەوە كە ڕەچاوكردنی ئەو سێ پڕەنسیپە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.