Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 16:54

بەرەڤان حەمدی: دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان ده‌کرێت  

لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی زەوی كراوە
کوردستان TV
100%

بریكاری وەزاره‌تی شەهیدان و ئەنفالكراوان رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای دهۆك وەك قۆناغی یەكەم، دەست بە دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی دژ بە تیرۆریستانی داعش كراوە و بۆ سنوورەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، حەفتەی رابردوو لە پرێسكۆنفرانسێكیدا بۆ میدیاكان، رایگەیاند، بڕیاریان داوە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش دابەش بكەن. 

له‌م باره‌وه‌ بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزاره‌تی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند" لە دوای شەڕی داعش ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا زەوی، یاخود یەكەی نیشتەجێبوون بدرێتە كەسوكاری شەهیدان، لیژنەیەكیش بە سەرۆكایەتیی وەزیری شەهیدان و ئەندامێتیی وەزیری شارەوانی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و وەزارەتی پێشمەرگە پێك هات، چەندین كۆبوونەوەش كراون، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە، نەتواندرا یەكەی نیشتەجێبوون دابین بكرێت".

وەك بریكاری وەزاره‌تی شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی پێ دا، دابەشكردنی زەوی بەسەر شەهیدانی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، كراوەتە چەند قۆناغێك و لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای دهۆك دەست بە دابەشكردنی زەوی كراوە، ئێستایش وەك قۆناغی دواتر، دەست بە ئامادەكاری دەكرێت، تا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیانیش زەوی بدرێتە خانەوادەی شەهیدان، ئەویش بەپێی بوونی زەویی شیاو بۆیان.

به‌ره‌ڤان حەمدی، هەروەها ئەوەشی گوت، كار بەو داتایانە دەكەن، كە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی شەهیدان دەڕوات، هاوكات ئەوەشی روون كردەوە كە هەر شەهیدێك سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، یان دامودەزگاكانی دیكەی ئیداری بن و لە شەڕی دژ بە داعشدا و لە پێناو ئازادی و پارێزگاری لە خاك و گەلی كوردستان، بێ جیاوازی دەیانگرێتەوە، ئەویش رێوشوێنی تایبەتی خۆی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، كە دەبێت دۆسیەیان لەوێ تەواو بكەن، دواتریش رەوانەی وەزارەتی شەهیدان دەكرێت.

لەشكری رۆژ كە پێكهاتبوون لە كوردانی رۆژئاوا و هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دژ بە تیرۆریستانی داعش جەنگان و شەهید و برینداریان دا، بە گوتەی بەرەڤان حەمدی، كەسوكاری ئەو شەهیدانەی رۆژئاواش بێبەش نابن لە سوودمەندبوونی زەوی، دەشڵێت" هەر كەسێك لە هەر شوێنێك بووبێت و لە هەرێمی كوردستان بەشداری لە پارێزگاریكردن لە كوردستان دژ بە تیرۆریستان كردبێت و شەهید بووبێت، لەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران بێبەش ناكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.