Erbil 13°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 15:29

داگیرکردنی کولتور و فه‌رهه‌نگی وڵاته‌که‌م له‌ داگیرکردنی خودی وڵاته‌که‌م سه‌ختتره‌

ئێستاكه‌ش دڵم بۆ هونه‌ر لێده‌دات
کوردستان TV
100%

ن/ عه‌بدولغه‌فار عه‌بدوڵڵا

هونه‌رمه‌ندی به‌ ئه‌زموونی بواری شانۆ و درامای كوردی (ئه‌نوه‌ر شێخانی) به‌یه‌كێك له‌ناو دره‌وشاوه‌كانی نێو كۆڕی هونه‌ری كوردیی دا، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خاوه‌نی مێژووه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌بواری نواندندا، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، هه‌روه‌ها له‌ به‌رده‌م شاشه‌ی تیڤه‌كانیشدا خاوه‌نی چه‌ندیین به‌رهه‌می درامییه‌ كه‌ دیارترینیان (هه‌بوو نه‌بوو) و (محه‌مه‌د و سێوێ) كه‌ ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌ له‌ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌ دوو به‌رهه‌می زۆر ناوداری نێو بزاڤی هونه‌ریی درامای كوردیی دا هه‌ژمار ده‌كرێت.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئاست به‌رزه‌ به‌داخه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ده‌م نه‌خۆشیه‌وه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كم بۆ لای مامۆستا (ئه‌نوه‌ر شێخانی) ویستم له‌ ئه‌حواڵی پرسم و له‌ هه‌مان كاتدا تۆزێك قسه‌و باسی هونه‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ شه‌ن و كه‌و بكه‌ین، ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌وه‌ی دووه‌میان تاڕاده‌یه‌ك دوو دڵ بووم، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندێك به‌ده‌م نه‌خۆشیه‌وه‌ بتوانێت باسی هونه‌ر بكات، پێم وابوو زیاتر له‌ خه‌می باری ته‌ندروستی خۆی دابێت، به‌ڵام كه‌ دانیشتم و له‌ته‌نیشتی هه‌ندێك قسه‌و باسمان گۆڕیه‌وه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری كرد و ده‌رگای باسه‌كه‌ی كرده‌وه‌ و مامۆستا (ئه‌نوه‌ر) گوتی : "ئێستاكه‌ش دڵم بۆ هونه‌ر لێده‌دات و پێم خۆشه‌ به‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ به‌ده‌م ئازاره‌كانمه‌وه‌ له‌به‌رده‌م كامێرایه‌ك بوه‌ستم ده‌رهێنه‌رێك بڵێت (ئه‌كشن) منیش نواندن بكه‌م بۆ كارێكی درامی، چونكه‌ پێم وایه‌ له‌ ئێستاشدا من وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك به‌و زامه‌ی له‌جه‌سته‌م دایه‌، هێشتا هه‌ندێك په‌یام هه‌ن ده‌بێ بیان گه‌ینم، ڕه‌نگه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی كه‌ ئێستا ده‌مه‌وێ بیڵێم یا بیدركێنم زۆر جیاواز بێت له‌گه‌ڵ كاره‌كانی پێشووم، بۆیه‌ ئاواته‌ خوازم كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكه‌م به‌ر له‌وه‌ی ماڵئاوای له‌ ژیان بكه‌م!".

له‌باره‌ی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ مامۆستا (ئه‌نوه‌ر شێخانی) گوتی : "سوپاس بۆ خوای گه‌وره‌ تاڕاده‌یه‌ك باشم، له‌ ئێستادا له‌ژێر چاودێری پزیشك و چاره‌سه‌ردام، هیوام وایه‌ ئه‌نجامێكی باشی هه‌بێت، دیاره‌ ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیانه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌و سه‌برێكی باش هه‌یه‌، منیش له‌خوا به‌زیاد بێت خاوه‌نی ئیراده‌یه‌كی زۆر باشم و توانای سه‌بر و ئارام گرتنیشم باشه‌".

هه‌روه‌ها مامۆستا (ئه‌نوه‌ر شێخانی) له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا به‌حه‌سه‌ره‌تێكی زۆره‌وه‌ ئه‌وه‌شی گوت : "من زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا ده‌بینم دراما توركی و كۆری هیندی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی بیانین شاشه‌ی كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كانیان ته‌نیووه‌، به‌داخه‌وه‌م له‌و سه‌رده‌مه‌ی كورد خاوه‌نی ده‌یان كه‌ناڵی ئاسمان و لۆكاڵییه‌ كه‌چی تا ئێستاكه‌ چاوی له‌ده‌ستی بێگانه‌یه‌ تاوه‌كو درامای بیانی ده‌رخواردی بینه‌ری كورد بده‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌و درامایانه‌ نه‌ك خزمه‌ت به‌ڵكو زۆرینه‌ی ماڵی كوردی هه‌راسان كردووه‌، بگره‌ توشی گرفتی زۆریشی كردون به‌تایبه‌تی له‌رووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌!".

هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ئه‌زموونه‌ ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌و زۆر به‌ راشكاوی گوتی : "من راستیه‌ك هه‌یه‌ پێویسته‌ بیڵێم و له‌دڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم پێم خۆشه‌ وڵاته‌كه‌م له‌لایه‌ن سوپاو هێزی بێگانه‌ داگیر بكرێت، به‌ڵام حه‌ز ناكه‌م كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی وڵاته‌كه‌م داگیر بكرێت!، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو سوپای بێگانه‌ هات ده‌رده‌چێت رۆژێك یا دوای چه‌ند مانگێك و بگره‌ چه‌ند ساڵێكیش بێت هه‌ر ده‌ڕوات و وڵات ئازاد ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ بزانین كاتێك فه‌رهه‌نگ و كه‌لتور داگیر كرا، ئیتر باسی ئینتمای نیشتمانی و باسی و خۆشه‌ویستی وڵات ده‌چێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، هه‌روه‌ك ئێستاكه‌ ده‌یبینین، له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر نه‌مانی شیرازه‌ی خێزان و متمانه‌ی نێو تاكه‌كان، كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ رێگه‌ی دراما بیانیه‌كان ده‌خواردیان داین و ئامانجه‌كانیان پێكا، به‌ڵام ئێمه‌ چیمان كرد له‌سه‌رده‌می ئازادی و سه‌ربه‌ستی دا كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی خۆمان هه‌راج كردو بێگانه‌ش به‌ ئاره‌زووی خۆی داگیری كردین.

كوردستان تیڤی/ كامران حاجی

 

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.