ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی٨ـی٢٠١٨ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو باربارا وۆڵف کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا خرایە بەرباس و کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنان و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەموو توانایەکیشیان بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێووان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان دەخەنەگەڕ.
هەر لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت خرایە بەرباس. هەر لە دیدارەکدا کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پشتیوانیی لە پڕۆسەی دیموکراسیی لە هەرێم و سەروەری یاسا و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو ئەرکە نوێیەی لە بەڕێز خاتوو باربارا وۆڵف کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەڵمانیا خستەڕوو. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و دەستخۆشیی لەو هەوڵانە کرد کە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیان.
هەریەک لە دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و دڵشاد بارزانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، ئامادەی ئەو دیدارە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.