Erbil 11°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 10:28

ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم؛ داڕشتنی پڕۆژەبودجەی ساڵی دارایی 2019ی تاوتوێکرد

بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمدا داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 تاوتووکراو ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزیرەکان  کرد لەم بارەیەوە هاماهەنگی له‌گه‌ڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بکەن.

سه‌رله‌به‌یانیى ئەمڕۆ سێشەممە 7/8/2018، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبووه‌وه‌.

سەرەتا بەڕێز سەرۆکوەزیران ده‌رباره‌ى دوا سەردانى بۆ بەغدا و کۆبوونەوه‌ى لەگەڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگه‌یاند هەردوولامان لەسەر بەردەوامبوونی دیالۆگ و هامەهەنگیی  هەولێر و بەغدا هاوڕا بووین و داوامان كرد بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە یەکخستنی مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵی، جێبەجێ بکات.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى نێوان هه‌ولێر كه‌ركووك و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستان بۆ ناردنه‌ده‌روه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك، گفتوگۆیان كردووه‌. ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عێراقیش دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ڤیتۆى له‌سه‌ر كه‌س نییه‌ و ئەوەی بۆ هه‌رێمى كوردستان گرنگە بەرنامەی کاری حکوومەته‌ كه‌ هاوکار و هەماهەنگ بێت بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوولا.

دواتر مەحموود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ده‌رباره‌ى دوا پێشهاتەکانی بابەتی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدی و پێکهاتە نەتەوه‌یى و ئایینییه‌كانى دیكه‌ و دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژماره‌ (٢٣٧٩)، سەبارەت بە پێکهێنانی تیمی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، ڕاپۆرتێكیان پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كرد.

ئەنجومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی گرنگی زانی بۆ بەرەوپێشچوونی دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانى داعش دژ بە ئێزدی و مەسیحى و هەموو پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانی دیكه‌، هه‌روه‌ها لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعشى راسپارد هەماهەنگی له‌گه‌ڵ ئەو تیمە نێودەوڵەتییە بكه‌ن.

سه‌رۆكوه‌زیران لیژنه‌كه‌ى ڕاسپارد هەموو ئەو بەڵگانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کۆکراونەتەوە، بخرێنە بەردەست تیمه‌كه‌ بە ئامانجی بەسزاگەیاندنی ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید بۆ ئه‌وه‌ى قوربانیانی ئێزیدی و مه‌سیحی و پێکهاتە نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییەکانی دیكه‌ لە قەرەبووكرنه‌وه‌ی زیانەکانیان سوودمەند بن. داوا لە حکوومەتی عێراقیش کرا ڕه‌چاوی هاوبەشیپێکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت لە دادوەر و یاساناس و شارەزایانی ئەو بوارە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتی خۆی سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادییە ئاینییەکان کردەوە کە لە بنچینە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤن، باوەڕیشی وایە هەر هاووڵاتییەک مافی پارێزراوە لە هەڵبژاردنی باوەڕی ئایینیی خۆی، هەرێمی کوردستان هەمەڕەنگێکە لە پێکهاتەی ئایینی و نەتەوییی جیاواز و هێزیشى لەو هەمەڕەنگییەدایە، بۆیه‌ حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام بۆ کۆمەڵگا.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوه‌كه‌دا، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێکی سەبارەت به‌ ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ داڕشتنی پرۆژە بودجەی ساڵی 2019 پێشکەش کرد کە له‌ دوای ساڵی ٢٠١٤ـه‌وه‌ بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پڕۆژەیە ئەمادە نەکراوە. باسی لەو هەنگاوانەش کرد کە بۆ خەمڵاندنی داهاتە گشتییەکان و خەرجییەکان ناویەتی و لەگەڵ وەزارەتەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردووە. ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی کرد و داوای لە وەزیرەکان  کرد لەم بارەیەوە هاماهەنگی له‌گه‌ڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی پلاندانان بکەن.

لە بڕگەیەکی دیكه‌ى کارنامەی کۆبونەوەکه‌دا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری پەسەند کرد سەبارەت لێخۆشبوون لە سوود و سزاکانی دواکەوتن لەسەر ئەو کەسانەی قەرزاری پێدانی کرێ و بەدەلی موڵک  و ماڵی دەوڵەتن بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا تەواوی کرێ و بەدەلی ساڵانی پێشوویان بدەن بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.