ئەمڕۆ یەکشەممە 5/8/2018، لە عەمانى پایتهختى ئهردهن، بهرپرسانى ئهمنى ههردوو حكومهتى عێراق و ئهردهن رێکەوتنێکیان لە بوارى هاریکارى ئەمنى و سەربازى واژۆکرد، کە ئاڵوگۆڕى زانیارى و پاراستنى سنوور و ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر لەخۆدەگرێت.
ڕێکەوتنەکە دواى سەردانى وەزیرى بەرگرى عێراق بە سەرۆکایەتى شاندێکى سەربازى بۆ ئهردهن هات کە تیایدا چاویکەوت بە مەحمود عەبدولحەلیم فرەیحات سووپا سالارى ئەو وڵاتە.
فەرماندەیی گشتى هێزە چەکدارەکانى ئهردهن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەپەراوێزى سەردانەکەى عیرفان حەیالى وەزیرى بەرگرى عێراقدا رێکەوتنێکى هاریکارى ئەمنى و سەربازى واژۆ کراوە بە ئامانجى ئاڵوگۆڕى زانیارى و شارەزایى لە بوارى پاراستنى سنور و پەرەپێدانى توانا هەواڵگرییەکان و مەشق و ڕاهێنانى سەربازى هاوبەش و توێژینەوەى تەکنۆلۆجی لە نێوان هەردوولادا.
هەروەک رێکەوتنەکە بۆ بەڕەنگاربونەوەى تیرۆر و مەشق و ڕاهێنان و کردنەوەى خولى هاوبەش و گەشەپێدانى توانا مەیدانیەکانیشە و لەلایەن ئهردهنەوە چەند بەرپرسێکى باڵاى سەربازى و سەفیە سوهەیلیش باڵیۆزى عێراق لە عەمان ئامادەى واژۆکردنى رێکەوتنامەکە بوون.
عێراق و ئهردهن بە درێژاى 181 کم سنورى هاوبەشیان لە نێواندا هەیە و "تەریبیل" تەنها دەروازەى نێوان هەردوو وڵاتە و جگە لە گواستنەوەى شمەک و هاتوچۆى گەشتیاران، نەوتى عێراقیش بە تانکەر بۆ ئەو وڵاتە دەڕوات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.