Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 03:41

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ده‌قی دانپێدانانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی بڵاوکرده‌وه‌

راگەیاندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
کوردستان TV
#7
100%

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێكی سەر بە داعش رادەگەیێنێت كە دەستیان لە هێرشەكەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر هەبووە.

لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پیلاندانەر و جێبەجێكارانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە پێنج ئەندامی سەرەكی پێكهاتوون كە بریتین لە عەبدولڕەحمان رەحیم قادر، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان، رەهێڵ محەممەد رۆستەم ناسراو بە عەلی، محەممەد جەبار و محەممەد شێرزاد.

بەپێی دانپێدانانەكانیان، هاوكار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گرووپە ئیسماعیل نەجمەدین ئیسماعیل، ناسراو بە مەلا ئیسماعیل سووسەیی بووە كە لە ساڵی 2014-ەوە پێوەندی بە داعشەوە كردووە و دووجار بەیعەتی داوە. هاوكات تۆماریی دەنگی بۆ سەركردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەر كارێك دەربڕیوە. 

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی سه‌ر بینای پارێزگای هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه‌،

راگەیاندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە،

دوای پەلامارە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر لە رێکەوتی 23/7/2018 دەستبەجێ هێزەکانی ئاسایش بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە و لە ئۆپەراسیۆنێکدا هەرسێ تیرۆریستی هێرشبەر کوژران، تیمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرئەنجام ئەندامانی تری گروپەکە دەستگیرکران.

پیلاندانەر و جێبەجێکارانی ئەم گروپە تیرۆریستیە لە پێنج ئەندامی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە (عبدالرحمن رحیم قادر، بلال سلیمان عبدالرحمن، رەهێل محمد روستم ناسراو بە علی، محمد جبار و محمد شیرزاد).

بەپێی دانپێدانانەکانیان کە لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، هاوکار و هاندەری پێشوەختەی ئەم گروپە (اسماعیل نجم الدین اسماعیل) ناسراو بە "مەلا ئیسماعیل سوسەیی" بووە کە  لە ساڵی 2014ــەوە پەیوەندی کردووە بە داعشەوە و دووجار بەیعەتی داوە، تۆماری دەنگی بۆ سەرکردەی داعش ناردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو کارێک دەربڕیووە، هەروەها زانیاری سیخوڕی لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە داوەتە داعش.

دوایین کاری تیرۆریست (ئیسماعیل سوسەیی) دابینکردنی چەک و پارە و پێداویستی بووە بۆ گروپی ئەنجامدەری کردە تیرۆریستیەکەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، بەڵام ئیسماعیل سوسەیی لە رێکەوتی 3/7/2018 بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بە بەڵگەی داعشبوونی دەستگیرکرا و دەست بەسەر چەک و جبەخانەکەیدا گیرا.

ئەم گروپە لە رێگەی چەند کەسێکی توندڕەوەوە و لەژێر پەردەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، پەرەیان بە بیری توندڕۆیی داوە، پیلانی کردەی تیرۆریستیان داناوە. یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە تیرۆریست (محمد شیرزاد)ــە و  لە 2015 بە بەڵگەی داعشبوونی بۆ ماوەی ساڵێک بە بڕیاری دادگا حوکم دراوە، بەڵام دوای ئازادبوونی  دووبارە پەیوەندی بە داعشەوە کردوەتەوە و لەو کردە تیرۆریستیەدا بەشدار بووە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی پارێزگا و برینداربوونی  چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنیەکان. سوپاسی هاوکاری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، لە هاوکاری بەردەوامیان بۆ  دەزگا ئەمنیەکان، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە، دەزگاکانمان بەردەوام دەبن لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان، بۆ  سەلامەتی و پارێزراوی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

2/8/2018

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.