Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 03:01

واشنتۆن تورکیا سزا ده‌دات

بەهۆی ئامادە نەبوونی توركیا بۆ ئازادكردنی قەشەیەكی ئەمەریكایی
کوردستان TV
100%


وه‌زاره‌تی‌ گه‌نجینه‌ی‌ ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، سزا به‌سه‌ر دوو وه‌زیری‌ توركیادا ده‌سه‌پێنێت و بەوپێیەش ترەمپ هەڕەشەکەی دژی تورکیا جێبەجێ کرد.

دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەنكەرە بەهۆی ئامادە نەبوونی توركیا بۆ ئازادكردنی قەشەیەكی ئەمەریكایی، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا واشنتن سزای بەسەر دوو وەزیری توركیا سەپاند.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم كۆشكی سپی رای گەیاند كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سزای بەسەر هەریەك لە وەزیری داد و وەزیری ئاسایشی ناوخۆی توركیای سەپاندووە.

سەپاندنی سزاكە هاوكات ئەمڕۆ هەریەك لە مەولوود چاوەیشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا و مایك پۆمپیۆی هاوتا ئەمەریكاییەكەی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لە كاتی ئامادەبوونیان لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەندی وڵاتانی باشووری ئاسیا لە سنگاپوور قسەیان كردووە.

هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە سەپاندنی سزای ئابووری بۆ سەر توركیا بەهۆی رەتكردنەوەی ئازادكردنی قەشەیەكی ئەمەریكایی كە ئێستە لە توركیا دەستبەسەرە، بەهای لیرەی توركیا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد لە دابەزین لە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكاییدا.

لە ماوەی دواییدا ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا گەیشتە ئاستی هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووری بۆ سەر ئەنكەرە بەهۆی رەتكردنەوەی توركیا بۆ ئازادكردنی ئەندرۆ برانسن، قەشەی ئەمەریكایی كە ماوەی 20 ساڵە لە شاری ئیزمیرە و توركیا لە 2016ەوە بەتۆمەتی پاڵپشتیكردنی تیرۆر دەستبەسەری كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمەریكا رایانگەیاند كە واشنتن لیستێك لە كەسایەتی و دامەزراوەی توركیا ئامادە دەكات بۆ سەپاندنی سزا بەسەریان لە حاڵەتی بەردەوامبوونی توركیا لە گرتنی برانسن.

دوێنێ دادگای توركیا داوایەكی برانسنی رەت كردەوە بۆ ئازادكردنی كە لەلایەن دادگای توركیاوە تۆمەتی پێوەندی هەبوونی بە تیرۆر تۆمەتبار كراوە و ئەگەر تۆمەتەكانی بەسەردا بسەپێت ئەوە بۆ ماوەی 35 ساڵ زیندانی دەكرێت. بۆیە ئەو پرسە بووەتە پرسێكی ئاڵۆز و پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتنی ئاڵۆزتر كردووە.

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.