Erbil 7°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 22:58

سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان و نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا کۆبوونه‌وه‌

بوونی به‌هێزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌
کوردستان TV
100%

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی و برێت مه‌كگۆرك، دوا پێشهاته‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و جێبه‌جێكردنی داواكاریی خۆپیشانده‌ران، پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

ئێواره‌ی دوێنێ هه‌ینی 27/7/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش، جێگری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا و كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ریان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوا پێشهاته‌كان، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت تاوتوێ كران و پێویستیی گفتوگۆیه‌كی جددیتر له‌نێوان‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ و بوونی به‌هێزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا، جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌، گفتوگۆكانی ئێستای هه‌ولێر ـ به‌غداشیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌رز نرخاند.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی هه‌وڵ و گفتوگۆ‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر و به‌غدا و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌تی عێراق پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها هیوای فراوانتركردنی گفتوگۆكانی خواست و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنن، نیشان دا.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، دوا پێشهاته‌كانی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و جێبه‌جێكردنی داواكاریی خۆپیشانده‌ران، پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

ئاماده‌كردنی: رزگار

سه‌رچاوه‌/krg

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.