پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 26/7/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له كچه چالاكڤانی دیارى كورد و داكۆكیكار له مافی په‌نابه‌رانى سووریا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات، خاتوو نووژین مسته‌فا كرد.
له دیدارێكدا خاتوو نووژین وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵی به دیدارى به‌ڕێزیان، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كار و چالاكییه‌كانی بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی په‌نابه‌رانی سووریا له ده‌ره‌وه‌ى وڵات پێشكه‌ش كرد و هیوای خواست حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پشتیوان و هاوكارى كار و چالاكییه‌كانی بن، به‌تایبه‌تی كه به‌نیازه بۆ خزمه‌تى زیاتر ڕێكخراوێكی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ په‌نابه‌ران دابمه‌زرێنێت.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى ده‌ستخۆشی له خاتوو نووژین، پشتگیریی خۆی بۆ سه‌رخستنی كار و چالاكییه‌كانی نیشان دا و هیوای خواست له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی به‌رده‌وام بێت تاكو به‌بێ جیاوازی ببێته ده‌نگی هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا، به‌و هیوایه‌ى دۆخی ئه‌وێ ئاسایی ببێته‌وه و هه‌موو په‌نابه‌ران بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان و ده‌ست به ژیانێكی ئاسایی بكه‌نه‌وه.
خاتوو نووژین مسته‌فا كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، خه‌ڵكی كۆبانێ یه و به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له پرۆگرامی تێدێكس نیشتمان له هه‌ولێر، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.