سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی به بۆنه‌ی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی زانایانیی ئایینی ئیسلامیی كوردستان رایگه‌یاند كه ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی..
به‌ناوی خودای به‌خشنده و میهره‌بان
مامۆستایانی ئایینیی به‌ڕێز
ئه‌ندامانی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی زانایانیی ئایینی
میوان و ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست
سڵاوی خوداتان لێ بێت..
به‌بۆنه‌ی به‌ستنی شه‌شه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی زانایانیی ئایینی ده‌ستخۆشی له یه‌كێتیی زانایانی ئایینیی كوردستان و هه‌موو مامۆستا به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.
ڕۆڵ و كاریگه‌ریی مامۆستایانی ئایینی له قۆناغه جیاجیاكانی مێژووی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له پارێزگاریكردن له ڕه‌سه‌نایه‌تی و ڕه‌وشتبه‌رزی و خواناسی و نیشتیمانپه‌روه‌ری و پاراستنی پێكه‌وه‌ژیان و ته‌باییدا ڕۆڵێكی پڕشنگدار و به‌رچاوه و جێگه‌ی پێزانینه و له مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌میشه به به‌رزی یاد ده‌كرێته‌وه. جگه له‌وه‌یش به‌شی هه‌ره زۆری شۆڕشه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بۆ به‌دیهێنانی ئازادی و ڕزگاربوون له داگیركاری له‌سه‌ر ده‌ستی زانایان و گه‌وره پیاوانی ئایینیی گه‌له‌كه‌مان بووه و ئه‌وه خۆی له خۆیدا به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونه له‌سه‌ر پێگه و سه‌رقافڵه‌بوونی زانایانی ئایینی له خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كوردستان.
چه‌ك هه‌ڵگرتنی مامۆستایانی ئایینی له شۆڕشه‌كاندا وانه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ هه‌موومان كه ئازادیخوازی و به‌رگریكردن له خاك و نیشتیمان نه‌ك ته‌نیا ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڵكو ئه‌ركێكی ئایینییش بووه.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز
له قۆناغی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا ڕۆڵێكی گرنگ و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یه به تایبه‌ت كه په‌تای تیرۆر و توندڕۆیی و تێكدانی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان و هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی تاییفه‌گه‌ری له عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی ئایین. وشككردنی ڕه‌گوڕیشه‌ی هزری تیرۆر و شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر به ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی ئێوه‌ی به‌ڕێزه. هه‌موو چینوتوێژهكانی كۆمه‌ڵگه بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی هزری تیرۆر و كاركردن بۆ ته‌بایی ئایینی و مه‌زهه‌بی چاویان له هیمه‌ت و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینییه و ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌و بواره‌دا ئه‌نجامتان داوه جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌ركی پارێزگاری له باوه‌ڕ و دینداری له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و په‌روه‌رده‌یی و هه‌روه‌ها قووڵتركردنی خۆشه‌ویستیی خاك و نیشتیمان له‌سه‌ر شانی ئێوه‌ی به‌ڕێزه. له‌و كه‌شه ئاڵۆز و پڕ له ته‌حه‌دییاته‌ی ئێستادا نابێ ڕێگه بدرێ كه هزر و فه‌رهه‌نگی نامۆ كه دژی دینداری و نیشتیمانپه‌روه‌رییه هزر و هۆشی كۆمه‌ڵگه داگیر بكات.
به‌ڕێزان..
هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی لای هه‌ر كه‌سێك و به هه‌ر بیانوویه‌ك خه‌له‌لی تێبكه‌وێت نابێ لای زانای ئایینی به قه‌ده‌ر زه‌رره‌یه‌ك خه‌له‌ل و كه‌مته‌رخه‌می تێ بكه‌وێت چونكه ئێوه سه‌رچاوه‌ی ئیلهامن بۆ هه‌موومان و گه‌لی كوردستان له زانایانی ئایینی فێری خۆڕاگری و پشوودرێژی و فیداكاری و وره‌به‌رزی له خه‌بات و كۆڵنه‌دان بوونه. بۆیه‌شه جه‌نابی بارزانیی نه‌مر یه‌كێتیی زانایانی دامه‌زراند چونكه زۆر باش ده‌یزانی زانایانی ئایینی شووره‌ی پۆڵایینی گه‌لن بۆ به‌رگریكردن له پیرۆزییه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد. ئه‌ركی ئێوه ئه‌ركێكی پیرۆزه و ئه‌ندامبوون له یه‌كێتی زانایان شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یشه‌وه به پێویستی ده‌زانم كه داوا له هه‌موو مامۆستایانی به‌ڕێز بكه‌م كه ڕێگه نه‌ده‌ن خیلافاتی بچووك ببێته هۆی ناكۆكیی گه‌وره و لێكترازانی نێوان مامۆستایانی به‌ڕێز چونكه ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سلبی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئایینداری و په‌روه‌رده‌ی دواڕۆژی گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت. پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تی و خه‌می سه‌ره‌كیی ئێوه ئایینده و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات و هزری گه‌نجه‌كانمان بێت ئه‌ویش به‌پێی ئه‌جیندایه‌كی ڕه‌سه‌نی ئایینی و خۆماڵیی كوردستانی نه‌ك ئه‌جیندای هاورده كه ڕێز له مافه ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان ناگرێت.
یه‌كێتیی زانایانی ئایینی له‌پێناو ئێوه و له‌پێناو دینداری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیشتیمان دامه‌زراوه و پێویست ده‌كات ئێوه‌ی به‌ڕێز به به‌رنامه و پڕۆژه‌ی تێروته‌سه‌ل قورسایی ئه‌و ئامانجه پیرۆزه بپارێزن كه یه‌كێتیی زانایان له پێناویدا دامه‌زراوه.
له‌كۆتاییدا هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم، هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و بڕیار و ڕاسپارده‌كانی كۆنگره‌كه‌تان زۆر باشتر له خزمه‌تی ئایین و گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بێت. منیش به هه‌موو توانایه‌كه‌وه پاڵپشتی ئێوه ده‌مێنمه‌وه و به‌وه سه‌ربه‌رزم كه له خزمه‌تی مامۆستایانی ئایینی‌دا بم.
و السلام علیكم و رحمة الله و بركاته
مسعود بارزانی
24ـی 7ـی 2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.