Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 02:24

دژه‌تیرۆری کوردستان ئاگاداری سه‌رجه‌م که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن ده‌کاته‌وه‌

رێوشوێنی یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر
کوردستان TV
#7
100%

له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمی خۆیان، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، هێزی دژه‌تیرۆری كوردستان ڕاگه‌ێنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕه‌خنه‌یه‌كی توند له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌گرێت و به‌ ناپڕۆفیشناڵ ناویان ده‌بات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌یه‌:

"له‌ رووداوه‌كه‌ی دوێنێی سه‌ر باڵه‌خانه‌ی پارێزگای هه‌ولێر ده‌ركه‌وت كه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن زۆر ناپرۆفیشناڵانه‌ كار ده‌كه‌ن و هیچ ره‌چاوی باری ئه‌منی ناكه‌ن له‌ رووماڵكردنی هه‌واڵه‌كانیان، تاكه‌ خه‌میان ته‌نها لایك و ده‌ستخۆشییه‌.

ده‌شڵێت: له‌مه‌ودوا خوانه‌خواسته‌ له‌ هه‌ر بارێكی نه‌خوازراوی وه‌ك رووداوه‌كه‌ی دوێنێ، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌ هیچ جۆرێك مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ و نابێت نزیكی شوێنی رووداو بكه‌ون و رووماڵی رووداوه‌كان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر به‌توندی له‌ لایه‌ن دژه‌تیرۆری كوردستانه‌وه‌ رێوشوێنی یاساییان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر و به‌رپرس ده‌بن له‌ ئاكامی كاره‌كانیان.

دژه‌تیرۆر له‌ ڕاگه‌ێنراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: تكا ده‌كه‌ین جارێكی تر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی بپارێزن و، جارێكی دیكه‌ نه‌كه‌ونه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین جاره‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و، باری ئه‌منی ره‌چاو ناكه‌ن، چونكه‌ لای ئێمه‌ سه‌لامه‌تی هاونیشتمانیان و كارمه‌ندان و پێشمه‌رگه‌كانمان له‌ رووماڵكردنی هه‌واڵه‌كانتان گرنگتره‌.

له‌ كۆتایشدا ده‌ڵێت: ئه‌مجۆره‌ رووماڵكردنه‌ی كه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بۆ هه‌واڵه‌كان ده‌یكه‌ن، جگه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌ تیرۆریستان، هیچ مانایه‌كی تر ناگه‌یه‌نێت.

ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌، هیوادارین دواجاربێت، چونكه‌ ئیدی مایه‌ی قبووڵكردن نابێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.