بەرپرسی بازرگانیی باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق دەڵێ، بە بایەخەوە وڵاتەکەی دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان و دەشڵێ کاردەکەن تا زیاتر ئەو پێوەندییە بەرەو پێش بچێ.
ئەمڕۆ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە دێمیتری ئوگرینۆڤ، بەرپرسی بازرگانیی باڵیۆزی بولگاریا لە عێراق كرد، كە بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد. سەرەتا سیوەیلی سوپاسی ئوگرینۆڤی كرد بۆ ئەو كار و خزمەتەی كە لە ماوەی كاركردنی لە هەرێمی كوردستان بە هەردوو گەلی بولگاریا و هەرێمی كوردستانی كردووە و ڕۆڵی بەرێزیانی بەرز نرخاند.
ئوگرینۆڤ سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردسان و مەكتەبی پەیوەندییەكانی كرد كە لە ماوەی خزمەتكردنی لە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و هاوكارییان كردووە و هەركات پێویست بووە ئاسانكارییان بۆ كردووە تاكو بتوانێت كارەكانی بکات. ئەو هاوكاری و ئاسانكارییانەش كە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوان بوونەتە هۆكاری زیاتر بۆ ئەوەی كە وڵاتەكەی بیر لە بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە. ئیستا وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا لە ئامادەكاریدایە ئاستی نوێنەرایەتییەكەی بەرز بكاتەوە، تاكو لەو ڕێگاوە بتوانێت پەرە بە پەیوەندییە سیاسی و دپپلۆماسی و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدات.
بەڕێز سیوەیلی دووپاتی كردەوە كە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هاوكاریی هەموو ئەو نوینەرایەتی و بیانییانە دەكات كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و بە ئەركی خۆمانی دەزانین ئاسانكارییان بۆ بكەین لە دیدار و ناساندنیان بەو كەسانەی كە بۆ زیاتر بەرەوپێشەوەبردنی كار و ئەركەكانیان پێویستە. وا بڕیارە مانگی داهاتوو ئاڵوگۆڕ لە نوێنەرایەتیی بولگاریا لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت, ئوگرینۆڤ پابەندیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە كە هاوكاری هەرێم دەبێت لە گەشەسەندن و بەرەوپێشەوەچوون لە هەموو بوارەكاندا.
داوایشی كرد كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەرپرسی داهاتوودا بەردەوام بێت بە هەمان شێوەی ڕابردوو, ئەو پاڵپشتییەش دەبێتە هاوكارییەكی باش بۆ سەركەوتن لە ئەركەكانی. بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتیش دوای كرد كە هەردوولا كار بكەن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان و هاوكاریی یەكتر بو پەرەسەندنی پەیوەندیی كومەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لە نیوان هەردوو گەلدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.