ئەمڕۆ لە هەولێر ههردوو مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یهكێتی نیشتمانی كوردستان کۆبوونەوە، لەدوای کۆبوونەوەکەش، گوتەبێژی پارتی و یهكێتی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو و جەختیانکردەوە کە ئەوان بە هاوبەشی دەڕۆنە بەغدا و دەرگایان بۆ لایەنەکانی دیکەش کراوە.
لە كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا کە پاش کۆبوونەوەکە ئەنجامیان دا، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی ڕای گەیاند: کۆبوونەوەیەکی باش و گفتوگۆی بەنرخمان لەگەڵ یەکێتی کرد. لەبارەی حزبەکانی کوردستانیشەوە دەرگامان کراوەیە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین، پڕۆژەکەمان چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و بەشداریی هەموو لایەک بە گرنگ دەزانین.
مەحموود محەممەد، ئەندام و گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی پێشووی هەردوو مەکتەبی سیاسییە لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و ئەو گۆڕانکارییانەی هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها باس لەوە کرا چۆن خۆمان ئامادەبکەین دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە هاوبەشەی پێشتر بڕیارمان لەسەری دابوو ئامادەی بکەین لەگەڵ لیژنەی هاوبەش بۆ ئەو بابەتە.
مەحموود محەممەد گوتیشی: ئەمانە هەمووی گفتوگۆی ئەم کۆبوونەوەیە بوو، هەروەها پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان زۆر پێویستن، جەختیان لەسەر کرایەوە، هەم هەندێک خاڵ هەبوو کە دەبوو وەکو وردەکاری زیاتر قسەی لەسەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاستی ئەم گۆڕانکاری و ئەو تەحدیاتانەدا بین کە ئێستا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە. کۆبوونەوەیەکی باش و چڕوپڕ بوو، گفتوگۆی زۆر بە نرخ لەو کۆبوونەوەیە ئەنجامدرا.
ئەوەی پەیوەندی بە حزبەکانی کوردستانەوە هەیە، وەک گوتەبێژی پارتی گوتی: هەردوولامان بڕیاری ئەوەمانداوە دەرگا کراوە بێت بۆ ئەوەی بکرێت گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین، چونکە ئێمە پرۆژەکەمان بۆ ئەوەیە چۆن مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین، کەواتە پێویست بەوە دەکات هەموو لایەنەکانی کوردستانی خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە مافە رەواکانی بۆیە بەشداری هەموو لایەک بە گرنگ دەزانین.
سەبارەت بە بەشداربوون و نەبوونی لایەنەکان، مەحموود محەممەد گوتی: ئێمە لەسەر ئەو نەهجەی خۆمان هەردوولا بڕیارمانداوە بەردەوامبین، لەو کۆبوونەوەیەش تەئکیدمان لەسەر کردەوە، کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو دەرگاکردنەوەیە بۆ هەموو لایەنەکان، من پێموایە ئەو بایکۆتکردن و ئەو هەموو رەخنەگرتن و تانەلێدانەی کە لە هەڵبژاردنەکان بوون دەبێت لەگەڵ وردبینییەکان کۆتاییان پێبێت، چونکە ناکرێت لەسەر ئەوەی رەخنە گیراوە تا ئەبەد ئەو رەخنانە لەسەری بەردەوام بن. دەبێت ژیان بەردەوام بێت، دەبێ سیاسەت بکرێت دەبێت بەردەوام گفتوگۆ بکەین و رێگەی تازە بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی ژیان و بەردەوامبوونی ژیان، کە ژیانێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان.
لەبارەی هاتنی شاندێکی هاوپەیمانیی (نەسر)یش بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەحموود محەمەد ڕای گەیاند: ئێمەش چاوەڕوان بووین شاندێکی نەسر سەردانی هەولێر بکەن، بەڵام دیارە ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکان کردووە و ڕەنگە ئەوان خەریکی دۆخی خۆیان بووبن، نەهاتنەکەیان پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە ناوخۆی خۆیانەوە هەیە.
دوابهدوای وتهكانی مەحموود محەممەد، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لەدوای 12ی مانگی 5 کە هەڵبژاردن کرا، بڕیاری ئەوەماندا لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردن دەست بەوە دەکەین لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان دابنیشین کاربکەین لەسەر بەرنامەیەکی کاری هاوبەش وەکو پرۆژەیەکی نیشتمانی، کە ببێتە ئەساس بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بۆ ئاییندەی عێراق و دامەزراندنی حکومەتی عێراقی فیدراڵی تازە.
سەعدی پیرە گوتی: دیارە بۆ ئەم ئامادەسازییە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ مقۆمقۆی رازی نەبوونیان بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و هەژمارکردنەوەی دەنگەکان، ئەوەیان بەپێویست زانی، چونکە سکاڵاکانیان دەبێت یەکلا بکرێتەوە تا ئەم ساتەش ئێمە لەگەڵ لایەنەکان هێشتا دانەنیشتووین، لەمەودوا پاش یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دادەنیشین".
گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، لە فەترەی رابردوو ئێمە لەگەڵ لایەنی عێراقیش کە سەردانی ئێرەیانکرد، وەکو لایەنی فەتح و دەوڵەتی یاسا قسەمانکرد، لەوکاتەش پێمانگووتن نە ڤیتۆمان لەسەر کەس هەیە بۆ هەر پۆستێک لە عێراق، نە داوای پەراوێزخستنی هیچ لایەن و سیاسییەکی گەورە یان بچووک لە کوردستان و عێراقیش دەکەین، ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە.
سەعدی پیرە بە ئاماژەدان بەوەی ئەو کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوو حزب هەفتانە دەبێت، گوتی: ئێمە شاندێکمان لە هەردوولا ئامادەکردووە، دەستبەکار دەبێت بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ئەو پرۆژە نیشتمانییە، پاش ئامادەکردنی لە چەند رۆژی داهاتوو دەخرێتە بەردەم هەرلایەک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی خۆی بۆ ئەوەی پەسند بکرێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق سەعدی پیرە گوتی: ئێمە لەو کۆبوونەوەیە باسی ئەوەمانکرد کە ئێمە لەگەڵ داخوازی رەوای خەڵکین، ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە خزمەتگوزاری، بە پانتایی پێویست بۆ ئازادییە دیموکراتییەکان بۆ گوزەران و ژیانی خەڵک، بەڵام لە هەمانکاتدا تکامان وایە و داواش دەکەین دامەزراوە گشتییەکان و بارەگا سیاسییەکان پارێزراو بێت، چونکە سووتاندن و هێرشکردنە سەر دامەزراوە گشتییەکان کە موڵکی خەڵکە، هەم دیاردەیەکی ناشارستانییە، هەم زەرەرێکی زۆر گەورەش دەدات، جارێکی دیکەش دەبێت لە تواناکانی خەڵک دروست بکرێتەوە.
لەبارەی پرۆژە هاوبەشەکەیانەوە، سەعدی پیرە گوتی: "ئێمە لە چەند رۆژی داهاتوو بە پرۆژەکەمانەوە ئامادەین، لە هەمان کاتیشدا لەناو ئەو پرۆژەیەی ئێمە داخوازییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان جێگیر دەکرێت، کێشە هەڵواسراوەکان، پێگەی پێشمەرگە لە سیستەمی بەرگری عێراق وەکو لە پێشەکی دەستووری عێراقدا هاتووە، لە هەمان کاتیشدا مافە دارایی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە هەوڵدان بۆ گەماڕۆدانی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ رێز نەگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، نە هەڵبژاردنەکانی پی برایەوە نە عێراقیشی بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر برد، واتە سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە هیوادارین لە گفتوگۆکانمان ئەوە لەبەرچاو بێت، هەوڵی ئەوە نەدەین جارێکی دیکە هەمان ئەزموون لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.