Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 07:33

په‌یکه‌رێک بۆ د. محه‌مه‌د که‌مال له‌ سلێمانی دانرا

په‌یكه‌ری د. محه‌مه‌د كه‌مال بۆ من ده‌بێته‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌ كاره‌كانمدا
کوردستان TV
100%

له‌ شاری  سلێمانی په‌یكه‌رێك بۆ نووسه‌ر و فه‌لسه‌فه‌كاری كورد د. محه‌مه‌د كه‌مال دانرا. په‌یكه‌ره‌كه‌ بیرۆكه‌ و سپۆنسه‌ری بڵاوكراوه‌ی شیعره‌ و به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ی په‌یكه‌رتاش "چێنه‌ر نزار" نه‌خشێنراوه‌.

سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی د. محه‌مه‌د كه‌مال و هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش ده‌ستی پێكرد. دواتریش گوته‌ی بڵاوكراوه‌ی شیعر خوێنرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا بڵاوكراوه‌ی شیعر له‌باره‌ی گرنگیدانیان به‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌یان خسته‌ڕوو د. محه‌مه‌د كه‌مال وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ نووسه‌رێكی‌ گرنگ و پڕ كار و به‌رهه‌مه‌، له‌و مرۆڤانه‌یه‌ ڕیسك ده‌كات. له‌ناو كولتوورێكدا، كه‌ دژی‌ بیركردنه‌وه‌ و داهێنانه‌، د. محه‌مه‌د كه‌مال خاڵی‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ دروستده‌كات.

هاوكات ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا به‌ نووسین و به‌وه‌رگێڕان له‌ بواری‌ فه‌لسه‌فه‌دا، ئاسۆی‌ نوێ‌ له‌به‌رده‌م نیگا و ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی‌ مرۆڤدا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تی‌ مرۆڤی‌ داهێنه‌ره‌.

له‌باره‌ی هۆكاری دروستكردنی په‌یكه‌ره‌كه‌ بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی فه‌لسه‌فه‌كاریشه‌وه‌ ئه‌وه‌یان خستۆته‌ڕوو كه‌ بیرۆكه‌ و پێشنیاز و سپۆنسه‌ری په‌یكه‌ری د. محه‌مه‌د كه‌مال، له‌لایه‌ن بڵاوكراوه‌ی شیعره‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، چونكه‌ كه‌س نییه‌ هێنده‌ی‌ محه‌مه‌د كه‌مال نزیك له‌ڕۆح و بڕوای‌ شاعیرانه‌وه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ داهێنان و تازه‌گه‌ری‌ و یاخیبوون.

دواتریش وتاری بنه‌ماڵه‌ی د. محه‌مه‌د كه‌مال خوێندرایه‌وه‌ كه‌ خاتوو هوما خوشكی د. محه‌مه‌د وتاره‌كه‌ی خوێنده‌وه‌. پاش ئه‌ویش وتاری نووسه‌ر و وه‌رگێڕ شوان ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن جوتیار ژاژڵه‌ییه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌، كه‌ ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و فه‌لسه‌فه‌كاره‌ كردبوو و هاوكات دڵخۆشی خۆی ده‌ربڕیبوو به‌وه‌ی كارێكی له‌م چه‌شنه‌ بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگی وه‌كو د. محه‌مه‌د كه‌مال ئه‌نجام دراوه‌.

پاشانیش گوته‌ی گۆڤاری "لۆگۆس" خوێنرایه‌وه‌، كه‌ گۆڤارێكی فیكریی و فه‌لسه‌فییه‌ و تێیدا شاهۆ عوسمان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد گرنگی كاره‌كانی د. محه‌مه‌د كه‌مال و هاوكات نزیكی ڕۆحی ئه‌م نووسه‌ر و فه‌لسه‌فه‌كاره‌وه‌ كرد له‌ هونه‌ره‌وه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ش له‌ نووسین و پڕۆژه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانیدا.

دواتریش به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن خانه‌واده‌ی د. محه‌مه‌د كه‌ماله‌وه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ره‌كه‌ لادرا.

هاوكات په‌یكه‌رتاش چێنه‌ر نزار ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ په‌یكه‌ری د. محه‌مه‌د كه‌مال بۆ من ده‌بێته‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان له‌ كاره‌كانمدا و ده‌شێت لێره‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ ده‌ستپێبكه‌م بۆ كاره‌كانی داهاتووم. گوتیشی: من خودی د. محه‌مه‌دم نه‌بینیوه‌، ته‌نها له‌ وێنه‌ و كاره‌كانییه‌وه‌ ناسیومه‌ و له‌وێوه‌ ویستوومه‌ نیگای فه‌لسه‌فی و دونیابینی ئه‌و له‌نێو په‌یكه‌ره‌كه‌دا جێبكه‌مه‌وه‌ و هیوادارم له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بووبم.

كوردستان تیڤی/ كامه‌ران حاجی

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.